23ى حوزه‌یران وه‌ك رۆژى جیهانى بێوه‌ژنان ده‌ناسرێت و به پێى توێژینه‌وه‌كان نزیكه‌ى دوو ملیۆن بێوه‌ژن له عێراق هه‌ن كه له خراپترین بارودۆخدان.
پێگه‌ى
سۆمه‌ریه نیوزى عێراق له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ى رۆژى جیهانى بێوه‌ژنان كه له 23ى حوزه‌یرانه، به ئینفۆگرافیك چه‌ندان داتاى گرنگى له‌باره‌ى بێوژه‌نانى عێراق بڵاوكردووه‌ته‌وه.
له‌باره‌ى ژماره‌ى بێوه‌ژنان له عێراق ئاماژه بۆئه‌وه ده‌كرێت له ساڵى 2017 ژماره‌یان گه‌یشتووه‌ته 878 هه‌زار و 455 بێوه‌ژن، له باره‌ى جیابووه‌وه‌كانیش 983 هه‌زار ژنى جیابووه‌وه هه‌ن، كه ته‌مه‌نیان له نێوان 19 -45 دایه،زیاتر له 17 هه‌زاریش ته‌مه‌نیان له سه‌رووى 50 ساڵیدایه.
جیا له‌وه‌ش له‌م ئاماره‌دا شاره‌كانى كه‌ركووك و مووسڵ و ئه‌نبار و تكریت به‌هۆى شه‌ڕى داعش و ئاواره‌بوون هه‌ژمار نه‌كراوه.
گه‌وره‌ترین هۆكاره‌كانى بێوه‌ژنان ئه‌وانه‌ى مێردیان له‌ده‌ست داوه، ئه‌م هۆكارانه‌ن، جه‌نگ، خراپى بارى ته‌ناهیى عێراق له‌دواى 2003 ، كێشه‌ى عه‌شایه‌رى، خراپى بارودۆخى ته‌ندروستى له‌عێراقدا.
گه‌وره‌ترین ئه‌و كێشانه‌ى بێوه‌ژنان به‌گشتى له عێراق رووبه‌ڕوویان ده‌بنه‌وه: بێبه‌شبوون له میرات، نه‌بوونى هه‌لى كار، نه‌بوونى بیمه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى وته‌ندروستى، خراپبوونى پێوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیان به‌هۆى هه‌ژارییه‌وه.
منداڵه‌كانیشیان رووبه‌ڕووى ئه‌و كێشانه ده‌بنه‌وه: نه‌بوونى چاودێرى كۆمه‌ڵایه‌تى و ته‌ندروستى، تووشبوون به بانده‌كانى بازرگانیكردن به مرۆڤ، بێبه‌شبوون له خوێندن، به‌دخۆراكى.
له ساڵى 2011 نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان 23ى حوزه‌یرانى وه‌ك رۆژى جیهانى بێوه‌ژنان ده‌ستنیشان كرد، ئه‌م رێكخراوه چه‌ندان جار بانگه‌وازى بۆ دامه‌زراوه و رێكخراو و حكوومه‌ته‌كانى عێراق كردووه، هه‌لى كارى زیاتر بۆ بێوژنان بڕه‌خسێنن.