زیانە مرۆیی و ئابوورییەكانی شەڕی 38 ساڵە پەكەكە و توركیا

:: PM:02:33:25/06/2018 ‌

 
 دوای 38 ساڵ لە یەكەم تەقە بە رووی دەوڵەتی توركیا، تا ئێستە نزیك 15 هەزار گەریلا كوژراون و زیاتر لە 60 هەزار چەكداری سوپا و پۆلیسی توركیش كوژراون، لەم نێوەندەشدا 15 هەزار هاووڵاتیی سڤیل بوونەتە قوربانی شەڕەكە و نزیك لە 200 ملیار دۆلاریش زیانی راستەوخۆ بە ژێرخانی ئابووری توركیا كەوتووە و 600 ملیاریش زیانی ناڕاستەوخۆ بەر دەوڵەت كەوتووە.

پەكەكە و یەكەم تەقەی دژ بە دەوڵەتی توركیا
پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" بە دیاریكراوی لە 27ی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر 1978 لە شارەدێی لیجا لە دیاربەكر لەلایەن چەند گەنجێكی كوردی ماركسی كە عەبدوڵا ئۆجەلان سەركردایەتی دەكردن دامەزرا.

پێش راگەیاندنی، لە ساڵی 1973 عەبدوڵا ئۆجەلان گرووپێك قوتابی دامەزراند و ناردنی بۆ ناوچە كوردستانییەكان تا باسی مافەكانی كورد لەگەڵ خەڵكەكە بكەن، ئەو دۆخە تا 1978 بەردەوام بوو كە پەكەكە بە فەرمی راگەیەنرا.

دوای كودەتا سەربازییەكەی ساڵی 1980، ژمارەیەكی زۆر لە سەركردە و لایەنگرانی ئەو حزبە دەگیرێن و بەهۆیەوە زۆر لاواز دەبن، بەڵام ساڵی 1984 یەكەم كردەی سەربازی دژی سوپای توركیا لە شارەدێی ئوروە لە پارێزگای سرت ئەنجام دەدەن و بەدوایدا زنجیرەیەك كردەی تری سەبازی لە هەكاری دژی دەوڵەتی توركیا ئەنجام دەدەن.

دوای زنجیرەیەك چالاكی، 20ی ئادار/ مایس 1993 لە سەردەمی تورگۆت ئۆزال سەرۆكی ئەوكاتی توركیا یەكەم ئاگربەست لە نێوان دەوڵەت و پەكەكە رادەگەیەنرێت، بەڵام بەدوایدا ئۆزال لە 17ی نیسان/ ئەپرێل گیانی سپارد و سلێمان دیمیرل جێی گرتەوە و لە مانگی ئایار/ مایۆ ئاگربەستی لەگەڵ پەكەكە هەڵپەسارد و دیسان شەڕ لە نێوان دەوڵەت و پەكەكە سەری هەڵدایەوە تا گرتنی ئۆجەلان لە 15ی شوباتی 1999.

لە ئەیلوولی 1999 پەكەكە ئاگربەستی تاكلایەنەی دژی دەوڵەتی توركیا راگەیاند تا ساڵی 2004، بەڵام ئەمجارە بە سیاسەتێكی نوێی شەڕكردن دژی دەوڵەت دەستی پێ كرد بە ئەنجامدانی كردەی سەربازی لە ئەنكەڕە و ئەنتاڵیا كە بەهۆیەوە خەڵكی سڤیلیش بوونە قوربانی.

دەرئەنجامی ئەوە لە شوباتی 2008، دەوڵەتی توركیا یەكەم ئۆپراسیۆنی دژ بە پەكەكە بۆ سەر قەندیل و ناوچەكانی باشووری كوردستان ئەنجام دا كە زیاتر لە 10 هەزار سەرباز بەشدارییان تێدا كرد و ماوەی هەفتەیەك بەردەوام بوو.

ساڵی 2010 جارێكی تر دانوستاندنی نهێنی لە نێوان دەوڵەت و پەكەكە بەڕێوە چوو لە ئۆسڵۆی پایتەختی نەرویج، بەڵام بێ ئەنجام بوو، ساڵی 2012 شەڕێكی قورس لە نێوان هەردوولا رووی دا، ئەمە ئەردۆغانی ناچار كرد گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجام بدات لە هەمان ساڵ، كە ئاگربەستی لێ كەوتەوە و پرۆسەی ئاشتی دەستی پێ كرد و ئەردۆغان داوای لە ئۆجەلان كرد كە بانگەواز بۆ داماڵینی چەكی پەكەكە بكات، ئۆجەلان لە نامەیەكدا داوای لە چەكدارانی پەكەكە كرد دەستبەرداری چەك ببن و گەریلاكان بۆ دەرەوەی سنووری توركیا ببەن.

ئاگربەست تا 22ی تەمووز/ یۆلیۆ بەردەوامی هەبوو تا ئەو كاتەی گەریلاكانی پەكەكە دوو پۆلیسی تورك لە ماڵەكەی خۆیدا دەكوژن، جارێكی تر شەڕ سەرهەڵدەداتەوە و تا ئێستە بەردەوامە كە دەوڵەتی توركیا دوای ئۆپراسیۆنی بۆ سەر عەفرین و داگیركردنی، ئێستە ئۆپراسیۆنی بۆ سەر قەندیل راگەیاندووە و وەك ئەردۆغان دەڵێ چاوەڕێن دۆخی عێراق دوای هەڵبژاردن سەقامگیر ببێت بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكی هاوبەش لەگەڵ سوپای عێراق و سوپای پاسدارانی ئێرانی بۆ سەر قەندیل.

توركیا لەسەر زاری سەرۆك وەزیرانەكەی رای گەیاند كە بە قووڵایی 40 كم2 هاتوونەتە باشووری كوردستان و پێگە و بارەگای سەربازییان داناوە و ئامادەكاری بۆ شەڕێكی قورس دژ بە پەكەكە لە قەندیل دەكەن بە ئامانجی دەركردنی ئەو هێزە لە چیای قەندیل كە دەكەوێتە سەر سێگۆشەی سنووری نێوان عێراق ئێران توركیا.

زیانە مرۆیییەكان بە ژمارە
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەكان، لە 1984 تا ئێستە لە نێوان 40 بۆ 50 هەزار سەربازی تورك لە ئۆپراسیۆن و شەڕەكانی دژ بە پەكەكە كوژراون لەگەڵ 10 هەزار پۆلیس، لە ریزی گەریلاكانی پەكەكەش قسە لەسەر كوژرانی 15 هەزار گەریلا دەكرێت. لە ماوەی 34 ساڵی شەڕ و ئاگربەست نزیكەی 10 بۆ 15 هەزار هاووڵاتیی سڤیل بوونەتە قوربانی.

زیانە ئابوورییەكان
راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان باس لەوە دەكەن، لە ساتی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان پەكەكە و دەوڵەتی توركیا، زیانی 200 ملیار دۆلار راستەوخۆ بەر ژێرخان و ئابووری توركیا كەوتووە و زیانە ناڕاستەوخۆكانیش بە 600 ملیار دۆلار مەزندە دەكرێت.

تا ئێستە هیچ ئامارێكی فەرمی نییە لەبارەی ژمارەی ئەو گوندانەی بەهۆی شەڕەوە چۆڵ كراون یان خاپوور كراون، بەڵام ئامارە نافەرمییەكان ژمارەكە بە هەزاران دادەنێن و پێیان وایە ئەمە یەكێك بووە لە هۆكارەكانی چۆڵكردنی هەزاران گوند لەلایەن كوردەكان و كۆچكردنیان بۆ شارە گەورەكان.

پەكەكە لە سووریا
بە سوود وەرگرتن لە ململانێی نێوان دەسەڵاتی سووری و ئیخوانەكان لە ساڵی 1979، ئۆجەلان لە 28ی نۆڤێمبەری 1978 بە هاوكاری بەرەی شۆڕشگێڕی فەلەستینی لەوانە بەرەی گەل بە سەرۆكایەتی جۆرج حەبەشی و بەرەی دیموكراسی بە سەركردایەتی نایف حەواتمە، توانی دەیان ئەندامی خۆی لە سەربازگەی فەلەستینییەكان فێری بەكارهێنانی چەك بكات.

ئەمە سەرەتای پێوەندی نێوان ئۆجەلان و رژێمی سووری دروست كرد، ئەم دۆخە بەردەوام بوو ساڵی 1982 یەكەم تەقەیان بە رووی سوپای ئیسرائیل نا، لەو كاتەی نزیك بووبوونەوە بەیرووت داگیر بكەن، ئەمەش وایكرد رژێمی سووریا زیاتر گرنگی بە پەكەكە بدات و ئەو حزبەش هەمان ساڵ كۆنگرەی دووەمی خۆی لە سووریا بەست و بڕیاری شەڕكردنیان دژی دەوڵەتی توركیا راگەیاند بە ئامانجی دروستكردنی دەوڵەتی گەورەی كوردستانی، هەر ئەمەش پاساوی پەكەكە بووە لە بەكارهێنانی كوردانی سووریا لە ریزی خۆیاندا و وێنای رژێمی سووریاشیان لای ئەوان وەك دۆست نیشان داوە.

پەكەكە لە دوای راگەیاندنی شەڕ دژی دەوڵەتی توركیا، سووریا وەك حەوشەی پشتەوەی ئەو هێزە بووە لە چارەسەركردنی بریندارەكان و راهێنان و پەروەردەی سەربازی تا ساڵی مانگی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەری 1998 كە سووریای جێ هێشت و دواتریش لە 15ی شوباتی 1999 لە نایروبی پایتەختی كینیا ئۆجەلان دەڕفێنرێت و رەوانەی توركیا دەكرێتەوە، لەوێ دادگایی دەكرێت و تا ئێستە كە 19 ساڵ بەسەر گرتنی تێدەپەڕێت، لە گرتووخانەی تاكەكەسی ئیمڕاڵی بەند كراوە.

هەدەپە و سەردەمێكی نوێ
هەدەپە "پارتی گەلانی دیموكرات" كە پارتێكی چەپە و بە باڵی سیاسی پەكەكە دەناسرێت، ساڵی 2012 بە سەركردایەتی سەڵاحەدین دەمیرتاش دامەزراوە و جێی پارتی ئاشتی و دیموكراتی گرتەوە كە ساڵی 2008 دامەزرابوو، دەوڵەت كاری سیاسی لێ قەدەغە كرد كە ئەویش جێی پارتی كرێكاری جەماوەری گرتبووەوە كە ساڵی 1990 دامەزرابوو.

لە یەكەم هەڵبژاردندا لە 2015، توانییان بەربەستی 10% تێپەڕ بكەن و لە كۆی 550 پەرلەمانتار، 80 ئەندامیان ناردە پەرلەمان. لە هەڵبژاردنی ئەمجارەش كە دوێنێ ئەنجام درا تا ئێستە نزیكەی 70 ئەندامی مسۆگەر كردووە دوای ئەوەی توانی بەربەستی 10% ببڕێت.

هەر لەم هەڵبژاردنەدا بۆ دووەم جار دەمیرتاش وەك نوێنەری كورد بەشداری دەكات لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار و ركابەرێكی سەرسەختی ئەردۆغان دەكات بە تایبەت لە بەدەستهێنانی دەنگی ناوچە كوردستانییەكان.





وشە - فه‌رمان سادق