هەرکەس دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەر منداڵ دەیخەسێنن

:: PM:03:03:12/10/2016 ‌
پەرلەمانی ئەندەنووسیا پڕۆژە یاسایەکی نوێی پەسند کرد، بەپێی ئەو یاسایە هەر کەس دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەر منداڵان لە رێگەی مادەیەکی کیمیایی، ئەندامی زاوزێی لەکار دەخرێت.

دیاردەی دەستدرێژی سێکسی چەند مانگێکە ئەندەنووسیای بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە و بووە بە بابەتی سەرەکی میدیا و رێکخراوەکانی ئەو وڵاتە.

مانگی رابردوو کچێکی 14 ساڵان لە ئەندەنۆزیا بوو بە قوربانی دەستدرێژی سێکسی و ئەوەش دەنگدانەوەی زۆری لەسەر ئاستی جیهان لێ کەوتەوە، ئەو منداڵە لەلایەن حەوت پیاوەوە رفێندراو و دوای ئەوەی دەستدرێژی سێکسیان کردە سەر، بە چەقۆ کوشتیان.

دادگە هەریەک لە تاوانبارەکانی بە 10 ساڵ زیندانی سزا دا، بەڵام دوای دادگەیی کردنەکە، جوکو ڤیدودو، سەرۆک کۆماری ئەندەنووسیا فەرمانی دا پێداچوونەوە بە سزای دەستدرێژی سێکسی بۆسەر منداڵان بکرێت.

پەرلەمانی ئەو وڵاتە پڕۆژەیاسایەکی خستە دەنگدانەوە کە بەپێی ئەو پڕۆژە یاسایە، هەرکەسێک دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەر منداڵان، بە فەرمانی دادوەر دەخەسێندرێت، لەناو 10 فراکسیۆن و حزبی ئەندام لە پەرلەمان، تەنیا دوو لیستی پەرلەمانی دژی ئەو یاسایە وەستانەوە و پڕۆژە یاساکە بە زۆرینەی دەنگ پەسند کرا.

دوای پەسندکردنی یاساکە، ئەنجوومەنی پزیشکانی ئەندەنۆزیا رای گەیاند، ئەوان ئامادە نین تاوانباران لەڕێگەی دەرزی کیمیاییەوە بخەسێنن، لەبە ئەوەی کردارێکە دوورە لە بنەما ئاکارییەکانی پزیشک.

وشە/دویچەوێلە- هیدایەت جان


وشە - هیدایه‌ت جان