ئەمەریكا مەترسی لە دوای نەمانی داعش لە عێراقدا هەیە

:: AM:11:37:05/12/2016 ‌

هەڵمەتی ڕزگاری مووسڵ لە حەوتەمین هەفتەیدایە و ئەمەریكییەكانیش نایشارنەوە كە مەترسی لە دوای نەمانی داعش لە عێراقدا هەیە، بەهۆی پێشێلكارییەكان و بەریەككەوتنی هێزە ناوخۆیییەكانی عێراق.

هێزەكانی عێراق لە نێو شاری مووسڵەوە بەردەوامن لە پێشڕەوی و دەیان گەڕەكیان كۆنتڕۆڵ كردووەتەوە لە بەری چەپی شارەكە، بەڵام تا ئێستە نەیانتوانیوە بگەنە ناوەڕاستی مووسڵ و شەڕ و پێكدادانی قورسیش لە نێوان تیرۆریستان و هێزەكانی عێراق لە ئارادایە.

بەم دواییە تیرۆریستان دەستیان بە گۆڕینی تاكتیكی و پلانی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەكانی عێراق كردووە و دەیان جۆری جیاوازی تاكتیك و هونەری سەربازی بەكار دەهێنن بۆ ئەوەی زۆرترین زیان لە هێزەكانی عێراق بدەن، هەروەها بەردەوامیش خەڵك وەك قەڵغانی مرۆیی بۆ پاراستنی خۆیان لە نێو مووسڵ بەكار دەهێنن.

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەستی بە ئامادەكاری كردووە بۆ نزیككردنەوەی لایەنەكان لە قۆناغی دوای نەمانی داعش لە عێراقدا، وەزیری بەرگریی ئەمەریكایش ئاشتن كارتەر لە ڕۆژانی ڕابردوو ئاماژەی بەوە دا، كە پێویستە مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە عێراق درێژ بكەینەوە و دوای نەمانی داعشیش لە عێراق هێزەكان بمێننەوە.

هەروەها گوتی، مانەوەی ئەو هێزانە لە عێراق بەردەوامی شكست پێهێنانی تیرۆریستانی داعشە، هەروەها دوای نەمانی داعشیش ئەركی هێزەكان زیاتر دەبێ لە مەشق و ڕاهێنان پێكردنی هێزی پۆلیسی ناوخۆیی و پاسەوانی سنووری عێراق.

چاودێران دەڵێن، ئەم گوتانەی كارتەر نیشانەی نیگەرانی و دوودڵی ئەمەریكایە لە قۆناغی دوای نەمانی داعش لە عێراقدا، بەهۆی ئەوەی عێراق بە واقیعی ئێستە دابەش بووە و هەروەها مەترسی هەیە پاشماوەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش بەردەوام لە جموجۆڵدا بن، هاوكات میلیشیاكانی شیعە كە لە دوای داعش دەیانەوێ دەرفەتەكە بقۆزنەوە و دەسەڵاتی زۆربەی ناوچەكان كۆنتڕۆڵ بكەن، كە لەلایەن ئێرانەوە سەرپەرشتی دەكرێن، هەموو ئەوانە وای كردووە كە ئەمەریكا لە قۆناغی دوای داعش مەترسی و دوودڵی هەبێ، بۆیە لە ئێستەوە دەستی بە ئامادەكاری كردووە بۆ عێراقی دوای داعش.

بەرپرسانی سەربازی ئەمەریكا بەردەوام دووپات لەوە دەكەنەوە، كە گەیشتنی عێراق بەم ڕۆژەی ئێستە بەهۆی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق لە ساڵی 2011ەوە ڕووی دا، ئەمەریكا دەرگەی عێراقی بەڕووی ئێراندا كردەوە تا بیخاتە نێو ململانێ مەزەویییەكان و بۆ بەرژەوەندی خۆی عێراق بەكار بهێنێت و بەردەوامیش نایەوێ عێراقێكی بەهێز دروست ببێتەوە، چونكە بەهیچ شێوەیەك لە بەرژەوەندیی ئێراندا نییە.

هاوكات دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا لە حكوومەتەكەیدا كە لە 20 كانوونی دووەم/یەنابەر دەسەڵات دەگرێتە دەست، زۆربەی بەرپرسانی حكوومەتەكەی لە كەسانی دوژمنی سەرسەختی ئێران پێك هێناوە و پێشبینی دەكرێ بەهیچ شێوەیەك دەستوەردان و كۆنتڕۆڵكردنی عێراق لەلایەن ئێرانەوە قبووڵ نەكەن و بە توندی دژی پاوانخوازییەكانی ئێران لە عێراق و سووریا و لبنان و یەمەن و ئاوەكانی كەنداوی عەرەبی بوەستنەوە.

سەرچاوە/سكای نیوز.


وشە - باز ئه‌حمه‌د