ئەمەریكییەكان شوێنی پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم دیاری دەكەن

تێكچوونی دۆخی تەناهی ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكان و زیادبوونی دیاردەكانی كوشتن و رفاندن وای لە ئەمەریكییەكان كرد كە هەنگاوی ڕژد بنێن بۆ گەڕاندنەوەی پێشمەرگە بۆ كەركووك و ئەو ناوچانە.
 
 ئەمڕۆ دووشەم دووی تەمووز،  ئەرسەلان عەلی بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو هێزی ئەمەریكییەكان لە بەرزاییەكانی خورماتوو بە ئامێری جی پی ئێسی تایبەت بەخۆیان شوێنی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و چەكدارانی داعشان جیا كردووەتەوە.
 
زیاتر گوتی، بەكۆپتەر و هێزی تایبەتی خۆیشیان چاودێری خاڵە جیاكەرەوەكان دەكەن، بۆیە زانیاری هەیە كە ئەو هەوڵەی ئەمەریكییەكان بە مەبەستی كردەی گەڕاندنەوەی هێزی پێشمەرگە بێت بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كە ئێستە لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی داگیرا كراوە.

ئەو بەرپرسەی پارتی دووپاتی لەوە كردەوە كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو كۆبوونەوەیەك لەنێوان فەرماندەكانی پێشمەرگە و ئەمەریكییەكان لە گەرمیان بەرێوە چووە.

ئەو لێدوانەی بەرپرسەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ ئەبو ئیزڕائیل یەكێك لە فەرماندە باڵاكانی میلشیا شیعیەكان لە لیوای ئیمامی عەلی لەگرتەیەگی ڤیدیۆیدا دووپاتی لەگەڕانەوەی پێشمەرگە كردووە بۆ ناوچەكانی سنووری كەركووك و دەوروبەری،  بەڵام تا ئێستە چۆنیەتی گەڕانەوەی پێشمەرگەی ئاشكرا نەكراوە.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم


PM:05:59:02/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 11136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌