تۆمه‌تباران ته‌قه‌ له‌ هێزه‌كانی پۆلیسی چه‌مچه‌ماڵ ده‌كه‌ن

:: AM:08:53:09/07/2018 ‌
شەوی ڕابردوو هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش هەوڵی گرتنی چەند داواكراوێك دەدەن لە سنووری شارۆكەی چەمچەماڵ، بەڵام تەقە بەڕووی هێزە تەناهییەكان دەكەن و حەوت كەس بریندار دەكەن.

ئەمڕۆ دووشەم نۆی تەمووز/ یۆلیۆ، رەمەك رەمەزان قایمقامی شارۆكەی چەمچەماڵ بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، شەوی ڕابردوو هێزە تەناهییەكانی چەمچەماڵ كە لە پۆلیس و ئاسایش پێكهاتبوون، لە كاتی رۆیشتنیان بۆ گرتنی دوو داواكراو كە فەرمانی گرتنیان هەبووە، شەڕە تەقە دروست بووە لە نێوان هێزە تەناهییەكان و داواكراوەكان.

قایمقامی چەمچەماڵ گوتی، بەهۆی شەڕە تەقەكەوە حەوت كەس بریندار بوون كە شەش كەسیان سەر بە هێزە تەناهییەكانن كە چوار پۆلیسی فریاكەوتن و دوو ئاسایش بریندار بوونە.

ڕەمەكە ئاماژەی دا، دوو داواكراوەكە باوك و كوڕ بوون، كوڕەكە بە برینداری گیراوە و باوكەكە هەڵهاتووە، هەروەها دوو بریندار برینەكانیان سەختە كە یەكێكیان لە تۆمەتبارەكانە و ئەوی تریان لە هێزە تەناهییەكانە.

بەهۆی ئەو هەڵمەتە بەرفراوانی لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو دەستی پێ‌ كردووە، ژمارەیەكی زۆر لە تۆمەتبار و داواكراو لە هەرێمی كوردستان گیراون.



وشە - رامیار جەواد