توركیا و ئەردۆغان.. لە قۆناغی نوێ رووبەڕووی پێنج بەربەست دەبنەوە

:: PM:05:03:09/07/2018 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەم 10ی تەمووز، رەجەب تەیب ئەردۆغان بە فەرمی سوێندی یاسایی بخوات وەك سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراوی توركیا بە سیستەمێكی نوێی حوكمڕانی. چاودێران پێیان وایە پێنج بەربەست دێنە بەردەم توركیای ئەردۆغانی، ئەوانیش پێوەندییەكانی لەگەڵ ئەمەریكا، رووسیا، یەكێتی ئەوروپا و دۆسیەی سووریا و ویستە جیهانییەكانی.

ئەگەرچی ئەردۆغان بەو خەونە گەیشت كە ماوەیەكی زۆرە چاوی لێیەتی، ئەمڕۆ دووشەم 10ی تەمووز سوێندی یاسایی دەخوات وەك سەرۆك كۆماری توركیا بە دەسەڵاتی رەهاوە لەسەر وڵاتێك كە ماوەی 15 ساڵە  حوكمڕانیەتی و خۆی بە دڵی خۆی هەڵیبڕیوە و وێنەی كێشاوە.

ئەرۆدغان دەیەوێت حكوومەتێكی بنكە بچووكی كەم وەزیر رابگەیەنێت، بەو ئامانجەی توركیا زیاتر گەشە بكات و ببێتە یەكێك لە ئابوورییە گەورەكانی دنیا.

ئەردۆغان كە بە جیاوازییەكی كەم لە راپرسی ساڵی رابردوو بۆ هەموواری دەستوور براوە بوو، ئێستە بە دەسەڵاتێكی رەها حوكمی وڵات دەكات دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی حوزەیرانی رابردوو براوەی هەڵبژاردنەكە بوو.


هەمووارەكانی ئەردۆغان لەسەر دەستووری توركیا ئەنجامی داون، بە گەورەترین هەمووار و گۆڕانكاری دادەنرێت لە مێژووی دامەزراندنی توركیای نوێ لەسەر دەستی كەمال ئەتاتورك.

پێوەند بەو پرسە ئەردۆغان دەڵێ، رۆژی دووشەم لەگەڵ سوێند خواردنی سەرۆك كۆماری، توركیا دەچێتە سەردەمێكی نوێ.

بەپێی هەواڵێكی "سكای نیوز عەرەبیە" ئەردۆغان لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركردایەتی حزبەكەی، گوتی "توركیا زۆر زیاتر پێش دەكەوێت، ئەنجامی زۆر بەهێزترمان دەست دەكەوێت بەو دەسەڵاتەی سیستەمی سیاسی نوێ پێمان دەدات".

بەڵام ئۆپۆزسیۆنی توركیا رووبەڕووی رژێمێكی سەركوتكەر دەبنەوە، بۆ ئەمەیش ئەردۆغان بەوە تۆمەتبار دەكەن كە سیستەمی وڵاتی تێكداوە كە ئەتاتورك عەلمانییەتی وەك سیستەمێكی نوێ بۆ توركیا دەستنیشان كرد.

چاوەڕوان دەكرێت سەعات حەوتی ئێوارە بە كاتی توركیا، ئەردۆغان لە كۆشكی كۆماری كە تازە دروست كراوە، سوێندی دەستووری بخوات و هەمان شەویش كابینەی حكوومەتەكەی رابگەیەنێت و لە 20 وەزیرەوە بۆ 16 وەزیر كەمی بكاتەوە.

ئەردۆغان، پۆستی سەرۆك وەزیران ناهێڵێت و خۆی وەزیرەكان دەستنیشان دەكات و فەرمانبەرانیش دەگوازێتەوە بێ ئەوەی پرس بە پەرلەمانیش بكات.

دیارترین بەربەستەكانی توركیای ئەردۆغانی
ئەردۆغان دەیەوێت مێژوو بە دەستی خۆی و ویستی خۆی بنووسێتەوە، بۆ ئەمەیش رووبەڕووی پێنج دیارترین بەربەستی دەرەكی دەبێتەوە لە یەكەم خولی سەرۆكایەتی بە دەسەڵاتی رەهاوە، ئەوانیش پێوەندییەكانی لەگەڵ ئەمەریكا، رووسیا، یەكێتی ئەوروپا، شەڕی سووریا و ویستە جیهانییەكانی.

پێوەندییەكانی لەگەڵ ئەمەریكا
پێوەندییەكانی توركیا لەگەڵ ئەمەریكا كە هەردووكیان خاوەنی دوو گەورەترین سوپان لە ناتۆ، زۆر ئاڵۆز بووە بەهۆی ناكۆكیان لەسەر دۆسیەی سووریا و چارەنووسی فەتحوڵڵا گولەن كە لە ئەمەریكا نیشتەجێیە، كە ئەنكەرە پێداگیرە لەسەر ئەوەی دەبێت ئەمەریكا رادەستی توركیای بكاتەوە، بەوەی تۆمەتبارە بە كودەتاكەی تەمووز/یۆلیۆ 2016.

هاوكات یارمەتییەكانی واشنتن بۆ یەكینەكانی پاراستنی گەل لە سووریا، زیاتر پێوەندی ئەو دوو وڵاتەی ئاڵۆز كردووە كە هێزە كوردییەكەی سووریا لای ئەنكەرە بە گرووپێكی "تیرۆریست"ی ناوبراوە و بە هەڕەشەشی دەزانێت بۆ سەر وڵات.

پێوەندییەكانی لەگەڵ رووسیا
ئەگەرچی چەندان دەیە ركابەری توند لەنێوانیاندا هەبووە، بەڵام ئەردۆغان و پوتین توانیان پێوەندییەكی كەسی بەهێز لەم ساڵانەی دواییدا دروست بكەن و تەنگژەی كەوتنە خوارەوەی فڕۆكە جەنگیەكەی رووسیایش لەسەر خاكی سووریا لە ساڵی 2015 تێپەڕێنن.
توركیا و رووسیا لەسەر سیستەمی دژە موشەكی "S-400" گەیشتنە رێككەوتن كە رێككەوتنەكە لەگەڵ سیستەمی بەرگری ناتۆ ناگونجێت.

پوتین یەكێك بوو لە سەركردەكانی دنیا كە هەر زوو پیرۆزبایی لە ئەردۆغان كرد بە بۆنەی سەركەوتنی لە هەڵبژاردن، بەڵام گاریس جەنگیز لێكۆڵەر لە بەرنامەی رێگای حەریر كە چین بە نیازە دروستی بكات، دەڵێ توركیا دەبێت لەنێوان واشنتن و مۆسكۆ یەكێكیان هەڵبژێرێت، هەر یەكێكیشیان هەڵبژێرێت ئەوا دەبێت باجی جێهێشتنی ئەوەی تر بدات.

دۆسیەی سووریا
پێوەند بە تەنگژەی سووریا، ململانێیەكان كە ساڵی 2011 بەخوێن رشتن دەستی پێ كردووە و توركیا بە هەموو هێزی پشتگیری لە ئۆپۆزسیۆنی دژە رژێمی ئەسەد كردووە و هەموو گفتوگۆیەكی لەگەڵ دیمەشق رەت كردۆتەوە، بەڵام لەگەڵ فراوانتر بوونی ململانێییەكان كە بەهۆیەوە سێ ملیۆن هاووڵاتیی سووری ئاوارەی سنوورەكانی توركیا بووە، هەروەها گرووپی چەكداری تر لەسەر سنووری توركیا جێگیر بوونە بە تایبەت كوردەكان، توركیا سەرقاڵی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی لەناو سووریا بە مەبەستی گەڕانەوەی ئاوارەكان.

ئارۆن شتاین لە نووسینگەی ئەنجوومەنی ئەتڵەسی، یان ئەتڵانتیك كاونسڵ دەڵێ توركیا لەگەڵ ئەسەد گەیشتووەتە رێككەتنێك كە مۆسكۆ نێوەندگیرە، چووەتە ئەو بازنەیە ئێستە دژی گۆڕینی رژێمی ئەسەدە.

گوتی "توركیا رازییە ئەسەد لە دەسەڵات بمێنێتەوە، بەڵام پێداگیرن لەسەر جێگیركردنی پێگەی خۆیان لەسەر سنووری هەردوولا".

پێوەندییەكانیان لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا
پێوەندییەكانی توركیا و یەكێتی ئەوروپا بە دۆخێكی دژوار تێدەپەڕێت بە تایبەت دوای هەوڵی كودەتاكەی تەمووزی 2016، كە ئەردۆغان دواتر هەڵمەتێكی بەرفروانی گرتن و دوورخستنەوەی فەرمانبەرانی دەست پێ كردووە، ئەمەیش بەرپرسانی بڕۆكسلی نیگەران كردووە.

ئوزدەم سانبرك دیپلۆماتكاری گەورەی توركیا پێی وایە لەمەولا سەردەمێكی تری یەكلایی كردنەوەی كێشەكان دەست پێ دەكات و پێوەندییەكان لەسەر بنەمایەكی زۆر پتەوتر دادەڕێژرێنەوە.

ویستە جیهانییەكانی ئەردۆغان
ماوەی چەند ساڵێكە ئەردۆغان لە سیاسەتی دەرەوەیدا یاری لەسەر چەند ئاراستەیەك دەكات، ئەو كاتەی ئەمەریكا قودسی وەك پایتەختی ئیسرائیڵ ناساند، ئەردۆغان سەركردەی وڵاتانی ئیسلامی بانگهێشت كرد بە مەبەستی هاوئاهەنگی كردن لە وەڵامدانەوەی هەوڵەكەی ئەمەریكا، بەڵگەیش بۆ ئەو هاوئاهەنگییە، نیكۆڵاس مادۆرۆ سەرۆكی ڤەنزوێللا و عومەر بەشیر سەرۆكی سوودان هەرزوو بەدەم بانگەوازەكەی ئەردۆغان چوون و پیرۆزبایی سەركەوتنیشیان لە هەڵبژاردن لێكرد.

ئەردۆغان دەیەوێت مێژوو بنووسێتەوە
ئەردۆغان كە بە دەنگی 52.2% بوو بە سەرۆك كۆمار، توانی بەهۆی بەستنی هاوپەیمانییەتی لەگەڵ پارتێكی نەتەوەپەرست براوەی پەرلەمانیش بێت، توانی بە هاوكاری نەتەوەپەرستەكان گۆڕانكاری ریشەیی لە دەستووری توركیا بكات.

سەرچاوە/ عەرەبی پۆست+ سكای نیوز عەرەبیە


وشە - فه‌رمان سادق