كۆمسیۆن: زیاتر لە سێ‌ ملیۆن كەس لە كوردستان مافی دەنگدانیان هەیە

:: PM:07:32:10/07/2018 ‌
ئەنجوومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان وردەكاری پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەرانیان ڕاگەیان و ئاشكرایان كرد،  تۆماری نوێی كۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەسەر بنەمای فۆڕمی خۆراكە.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم 10ی تەمووز/ یۆلیۆ، كاروان جەلال بەرێوەبەری داتا و زانیارییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و ڕای گەیان، بۆ پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران بە هاوكاری وەزارەتی بازرگانی پشتیان بە فۆڕمی خۆراك بەستووە، چونكە لە فۆڕمی خۆراكی هەرێمی كوردستاندا ناوی ئاوارەكان تۆمار نەکراوە، هەروەها ریزبەندی خێزان و سەرۆك خێزانی تێدا دەستنیشان كراوە.

" لە كاتێكی كەمدا توانیمان تۆماری دەنگدەران پاك بكەینەوە و ئەو كەسانەی كۆچی دواییان كردووە دەستنیشان بكەین و لەتۆماری دەنگدەران لاببرێن، بەپێی ئامارەكان پێنج ملیۆن و 11 هەزار و 75 كەس لە هەرێمی كوردستان ناویان لە فۆڕمی خۆراك تۆمار كراوە و لەو ژمارەیەش سێ‌ ملیۆن و 154 هەزار و 984 كەس مافی دەنگدانیان هەیە" بەرپرسەكەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان وای گوت .

ڕوونیشی كردەوە، بەپێی تۆماری نوێی دەنگدەران هەر دەنگدەرێك ژمارەیەكی پێدراوە و ناتوانێت لە پڕۆسەی دەنگداندا دووجار دەنگبدات، بەوەیش دەنگی دووبارە لە پرۆسەكە نامێنێت.

ڕۆژی هەشتی ئایار/مایۆ، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە مەرسوومێك ڕۆژی 30 ئەیلوول/سێپتێمبەری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری كرد و كۆمیسیۆنیش دەستی بە ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە كردووە، پەرلەمانی كوردستان لە 111 كورسی پێك دێ، 11 كورسی بۆ پێكهاتە نەتەوەیییەكانی كوردستان دیاری كراوە و لە 19ی ئایار/مایۆی 1992 هەڵبژاردنی خولی یەكەم ئەنجام درا، لە 2005 و 2009 و 2013 خولی دووەم و سێیەم و چوارەمی پەرلەمان هاتنە هەڵبژاردن.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم