سووریا.. بۆچی ئێران چاوی لە رۆژهەڵاتی فوراتە؟

:: PM:09:07:10/07/2018 ‌

ناوچەكانی رۆژهەڵاتی فورات لە سووریا بوونەتە جێی چاوتێبڕینی حكوومەتی سووریا و ئەو هێزانەی كە دەستیان لەناو تەنگژەی سووریادا هەیە، لەوانە ئەمەریكا و رووسیا و ئێران و توركیا، لەو كاتەی ئەمەریكا پاراستنی ئاسمانی خۆی بۆ ناوچەكە راگەیاندووە، هەریەك لە توركیا و ئێران پاڵپشتی لە هۆزە عەرەبییەكان و پاڵیش بەكوردەوە دەنێن بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانە بۆ ژێر دەسەڵاتی  حكوومەتی سووریا، بەڵام بۆچی؟.

سەرەڕای هەوڵەكانی ناودەوڵەتی بۆ كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی ئێران لە سووریا، لە ساڵانی رابردوو ئێران هەوڵی بەهێزكردنی بوونی سیاسی و سەربازی خۆی لەو ناوچەیە داوە و تاران هەوڵی راكێشانی هۆزە عەرەبییەكان و گومانخستنە سەر پاڵپشتی ئەمەریكای بۆ كورد لەلایەك و ناچاركردنیان بۆ پاراستنی ناوچەكانیان لە هێرشە سەربازییەكانی توركیا لەلایەكی ترەوە بەمەبەستی گەڕاندنەوەیان بۆ ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی سووریا داوە. 

رۆژهەڵاتی فورات تاكە ناوچەی سووریایە كە كەوتووەتە ژێر چەتری پاراستنی ناودەوڵەتییەوە، چونكە هاوپەیمانی ناودەوڵەتی دژ بە داعش و بەتایبەتی ئەمەریكا بنەماكانی جەنگی لە ناوچەكە دیاری كردووە بەوەی پاراستنی ئاسمانی ناچەكە بۆخۆیەتی و سووریا و توركیا ناتوانن بەهەر پاساوێكەوە لەو ناوچەیە جەنگ دروست بكەن و كۆنترۆڵكردنی ناوچەكە لەلایەن هێزەكانی سووریای دیموكرات دەپارێزن، بۆیە ناوچەیەكی تەواو جیاوازە لە سووریا.

ئەو چاودێرییەی ئەمەریكا بۆ رۆژهەڵاتی فورات وای كردووە ئێران ئەمەریكا بە هاوبەشی ستراتیجی خۆی لە سووریا بزانێت، لەو كاتەی چاوی لەوەیە بۆ دوای قۆناغی كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكانی تری سووریا لەو ناوچەیەیش تەنیا باڵادەست بێت، بەو شێوەیە سووریا بكات بە نموونەیەكی هاوشێوەی عێراق لە رووی هاوسەنگی دەسترۆیشتوویی ئەمەریكا و ئێران تیایاندا، لەلایەكی تر بەهۆی فرەوانی ناوچەكە كە سێیەكی كۆی رووبەڕی سووریا پێك دێنێت، ئەستەمە بتوانێت بەتەواوەتی كۆنترۆڵی بكات و كۆنترۆڵكردنی بەهێزی هێزەكانی هەسەدەیش كارەكانی سەختتر كردووە كە شێوازی بەڕێوەبردنی ناوچەكە زۆر لەوەی ئێران دەیەوێت جیاوازە.

ئێران لە رێگەی سێ تەوەرەوە هەوڵی كۆنترۆڵكردنی ناوچەی رۆژهەڵاتی فورات دەدات كە ئەوانیش بریتین لە:

1-راكێشانی هۆزەكانی عەرەبی، ئێران یاری لەسەر نەیاری و ململانێی و دژبەیەكەكانی ناوچەكە دەكات و بەتایبەتی لە نێوان كورد و كورد لەلایەك و عەرەبی و كورد لەلایەكی ترەوە كە زۆر هەستیارن، لەو ناوەشدا عەلی ئەكبەر ویلایەتی، راوێژكاری عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئێران لە نیسانی 2018 پێشوازی لە شاندێكی شێخەكانی سووریا كرد و لە ئامادەبوونی ئەوانەوە رای گەیاند كە هۆزەكانی كوردی سووریا جەنگی ئەمەریكا دەكەن و هەر ئەوانیشن لە ناوچەی رۆژهەڵاتی فورات و باكوری رۆژهەڵاتی سووریا وەدەریان دەنێن، لەو كاتەی دوای كەمتر لە مانگێك ئێران كۆنگرەیەكی بۆ هۆزەكانی عەرەبی سووریا لە ناوچەی (دێر حافز) رێك خست و وتارەكان تیایدا بە روونی لەدژی كورد هاندەر بوون.  

ئێران ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە بنەماكانی ژیانی كۆمەڵایەتی لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی فورات شێواون لە سایەی فەرمانڕەوایی كوردەوە و ئەمەریكایش سەرپەرشتی ئەوە دەكات، بۆیە تاران تەنیا لایەنە كە بتوانێت باڵادەستیی عەرەب بۆ ناوچەكە بگەڕێنێتەوە، بۆیە ئێران پاڵەپەستۆی خستە سەر رژێمی سووریا بۆ قبووڵكردن بە گەڕانەوەی زۆرێك لە سەرۆك هۆزەكانی نەیار بۆ رژێمی ئەسەد و دووبارە یەكخستنەوەیان لەناو دەزگاكانی تەناهی و سەربازی و میلیشیاكانەوە كە ئێران سەرپەرشتیان دەكات و لە سەرووشیانەوە نەواف راغب بەشیر، سەرۆك هۆزێكی عەرەبی كە چەند گرووپێكی هۆزەكانی لە دێرزوور بەناوی "لیوای باقڕ" دامەزراند.

2-گومان خستنە سەر پاڵپشتیی رۆژئاوا، ئێران هەوڵ دەدات كە پاڵ بە كوردەوە بنێت بۆ گومانكردن لە پاڵپشتیكردنی ئەمەریكا و ئەوروپا بۆ پڕۆژەی كورد، چونكە ئێران وای دەبینێت كە راكێشانی كورد لەو رێگەیەوە تێچووی كەمتر بێت لە رووبەڕووبوونەوەیان، واتە گەشەكردنی هەستكردنی كورد بە نەبوونی متمانە بە ئەمەریكا و وڵاتانی ئەوروپا و ترساندنیان بە هەوڵەكانی توركیا بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچەكانیان بە هاوشێوەی ئەوەی لە عەفرین رووی دا، وا لە هەسەدە دەكات كە لەگەڵ ئێران و رژێمی سووریا رێك بكەوێت لە سۆنگەی هاوسەنگیی هێزەوە لە نێوان هەردوولادا، كە ئەوەیش جۆرێكە لە خۆرادەستكردن و چۆكدادانی رانەگەندراو.  

3-رێككەوتن لەگەڵ توركیا، ستراتیجیەتی ئێران هێواشانە هەوڵی گەیشتن بە رێككەوتنێكی رانەگەندراو لە نێوان توركیا و رژێمی ئەسەد دەدات بەوەی توركیا پاڵ بنێت بۆ زیادكردنی هەڕەشەكانی بۆ سەر كورد لە ناوچەی رۆژهەڵاتی فورات بۆ دروستكردنی جۆرێك لە ترس بۆ كورد، هەروەها پاڵ بەئەمەریكاوە بنێت بەوەی هەست بكات بە پاڵپشتیكردنی هەسەدە ناوچەیەكی زۆر هەستیار و پشێوی دروست دەكات، ئەوەیش رێگە بە ئێران دەدات بۆ خستنەڕووی گەڕانەوەی رژێمی سووریا و میلیشیاكانی سەر بە ئێران بۆ فەرمانڕەواییكردنی ئەو ناوچەیە وەك چارەسەرێكی ناوەند، لە نێوان هەڕەشەكانی توركیا و گەڕانەوەی میلیشیا ئیسلامییە توندڕەوەكان و مانەوەی هەسەدە لەو ناوچانەدا. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل