دەستدرێژی بە كۆمەڵ دەكرێتە سەر 120 ژن

:: AM:09:56:11/07/2018 ‌
ڕاپۆرتەكانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هێما بۆ ئەوە دەكەن، هێزەكانی حكوومەتی باشووری سوودان و چەكدارە هاوپەیمانەكان 232 كەسیان لە ماوەی پێنج هەفتەی ڕابردوو كوشتووە، هاوكات 120 ژن و كچیش بە كۆمەڵ دەستدرێژی سێكسییان كراوەتە سەر.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە نوێترین دەوڵەتی دنیا كە باشووری سوودانە، ماوەی پێنج ساڵە شەڕی ناوخۆ بە قورسی بەرۆكی خەڵكەكەی گرتووە، حكوومەت و هێزەكانی لەلایەكەوە و چەكدارە هاوپەیمانەكانیش لەلایەكی ترەوە لە شەڕێكی سەختدان و خەڵكیش زۆرترین قوربانییان داوە.

چاودێرانی مافی مرۆڤ هێما بۆ ئەوە دەكەن، لە ماوەی 16ی نیسان/ئەپریل تا 24ی ئایار/مایۆ 120 ژن بە كۆمەڵ دەستدرێژی سێكسییان كراوەتە سەر، ئەوانەیشی بەرهەڵستی ئەو كارەیان كردووە، دەسبەجێ كوژراون، زیاتر لە 30 هەزار كەسیش لە ناوچەی لیر و مایندیت بە هۆی كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەكە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە كۆچیان كردووە و ئاوارە بوون.

سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەكگرتووەكان ئاشكرای كرد، پێویستە سزای زۆر قورس بەسەر ئەو پیاوانە بسەپێنرێت، كە دەستدرێژی سێكسی دەكەنە سەر كچانی شەش ساڵی و كۆمەڵكوژی لە گوندەكان ئەنجام دەدەن.



وشە - باز ئه‌حمه‌د