بە رەنگی پەمەیی داوای چاكبوونەوەی پاشاكەیان دەكەن

:: PM:04:43:12/10/2016 ‌
هاوڵاتیانی تایلاند بە هۆی هەندێك بیركردنەوەی نەریتیی خۆیان، باوەڕیان بەوە هەیە كە رەنگی پەمەیی دەبێتە هۆی راكێشانی بەختێكی باش بۆیان، هەر بۆیە لەم چەند رۆژەدا زۆرێكیان رەنگی پەمەیی دەپۆشن، وەك داواكردنی بەخت و تەندروستییەكی باش بۆ پاشای وڵاتەكەیان.

ئەم هەڵوێستەی هاوڵاتییان دوای ئەوە دێت، كە رۆژی یەكشەمی رابردوو كۆشكی شاهانەی تایلاند، رای گەیاند دۆخی تەندروستیی پاشا بۆمبیوون ئەدۆلیادیج، كە لە تەمەنی 88 ساڵیدایە، جێگیر نییە.

تچای تچاینابارووت، كە كارمەندێكی حكوومەتە و لە شاری بانكۆكی پایتەختی ئەو وڵاتە دەژی و تەمەنی 46 ساڵە، یەكێكە لەو كەسانەی لەم چەند رۆژەدا رەنگی پەمەیی دەپۆشێت و رای دەگەیەنێت، ئێمە بە هۆی نیگەرانیمان لە بارەی دۆخی پاشاكەمان، هەموو رۆژێك رەنگی پەمەیی دەپۆشین.

هاوكات ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە، رەنگی پەمەییان لەسەر پرۆفایلەكانیان داناوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، وەك دەربڕینی هاوسۆزییەك بۆ چاكبوونەوەی پاشاكەیان.

وشە/ سكای نیوز. و: ئەهمەد كەیفی


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی