دایكی حەوت منداڵ لەگەڵ خۆشەویستەكەی را دەكات

:: PM:03:06:11/07/2018 ‌
لە شارەدێیەكی سەربە پارێزگای هەولێر، ژنێكی تەمەن 51 ساڵ كە خاوەن حەوت منداڵە و كچێك و دوو كوڕی هاوسەرگیرییان كردووە و خاوەن منداڵن، واز لە هاوسەر و منداڵەكانی دێنێت و دەكەوێتە داوی خۆشەویستی پیاوێكی تر و لە نیوەشەوێكدا ماڵەوە بەجێ دێڵێت، لە نامەیەكدا ئاگاداریان دەكاتەوە كە "بێزار بووە و دەچێتە ناو پەكەكە، بۆیە بەدوامدا مەگەڕێن".

ئەو ژنە ماوەی زیاتر لە دوو مانگە ماڵ و منداڵەكانی جێ هێشتووە، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست خێزانەكەی كەوتووە و "وشە" دەستی خستوون، ژنەكە لەگەڵ خۆشەویستەكەی ڕای كردووە، بەڵام دوای سێ هەفتە خۆشەویستەكەی جێی هێشتووە و ئێستە لەگەڵ پیاوێكی تر دەژیی لە دەرەوەی كوردستان. 

"وشە" ناو و زانیاری تەواوی ئەو ژنەی لایە و لە زمانی كچە گەورەكەیەوە چیرۆكی جێهێشنی خێزانكەی دەخاتە ڕوو، بەڵام ئامادە نییە ناوەكان وەك خۆی بنووسرێن بەهۆی ئەوەی ماڵیان لە شارەدێیەكە هەموو خەڵكەكەی یەكتر دەناسن و پێی لەكەدار دەبن.

"هەیڤ" كچی گەورەی ماڵە و تەمەنی 32 ساڵە، وەك خۆی دەڵێ، لە هەموویان زیاتر ئازاری ئەو رەفتارەی دایكی دەچێژێت و باجەكەی دەدات. ئەم كە خۆی خێزاندارە و خاوەنی منداڵێكە، نایشارێتەوە كە لەبەر دایكی تووشی توانجی زۆری خزم و كەسی خۆی و هاوسەرەكەی بووەتەوە. بەگوتەی خۆی "كاریگەری كردووەتە سەرم و تەنانەت ناخۆشی كەوتووەتە نێوان خۆم و هاوسەرم".

بەڵام ددان بەوەشدا دەنێ كە هەر ئەم قوربانی دڵدارییەكەی دایكی نییە، بەڵكو هەریەك لە خوشك و براكانم بەشێوەیەك بەرەو ڕووی توانجی خزم و كەس و هاوڕێ و كۆمەڵگە بەگشتی بوونەتەوە. بەڵام وەك بە هەناسەیەكی قووڵەوە گوتی "پشكی گەورەی ئەم ئازارە من و باوكمی وێران كردووە".

هەیڤ پێش ڕۆیشتنی دایكی هەستی بەوە كردووە كە هەڵسوكەوتی بە تەواوی گۆڕاوە و پێشبینی ڕوودانی شتێكی كردووە، بەڵام وەك خۆی ئاماژەی پێ دەكات "قەت لەو باوەڕەدا نەبووم دایكم بتوانێت ماڵ جێ بێڵێ، چونكە لەگەڵ باوكم هیچ كێشەیەكی ئەوتۆیان نەبوو بگات بەو حاڵەتە، تەنانەت هەموو شتێك لە ماڵی ئێمە بەدەست دایكم بوو".

لە باسكردنی ئەو كارەی كە هەموو خێزانەكەی تووشی شۆك كردووە، هەیڤی كچە گەورە وردەكاری زیاتر دەخاتە ڕوو "مانگێك پێش ڕووداوەكە دایكم بە هەموو شتێك تووڕە دەبوو و هاواری دەكرد و بانگەشەی ئەوەی دەكرد ئەگەر بێزار بێ دەچێتە ناو پەكەكە، كار گەیشتە ئەوەی باوكم ماڵی بۆ جێ دەهێشت تا كێشەكە گەورەتر نەبێت، بەڵام دەركەوت بابەتەكە لەوە گەورەتربوو كە ئێمە چاوەڕوانمان دەكرد".

"شەوێك نیوەشەو دایكم ماڵی جێ هێشتبوو، لە كاغەزێكدا نوسیبووی "چوومە ناو پەكەكە و كەسیش بە دوامدا نەگەڕێ" ئەم رستەیە دەقی ماڵئاوایی دایكی حەوت منداڵە كە كچەكەی بۆ "وشە"ی دركاند.

بەیانییەكەی باوك و براكانی هەیڤ دەكەونە سۆراغی دایكیان، سەرەتا هیچیان دەست ناكەوێ، بەڵام دواتر لەڕێی هاوڕێیەكی براكەیەوە بۆیان دەردەكەوێت كە دایكیان لەگەڵ پیاوێكی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بینیوە، دواتر زانیاریی ئەوەشیان پێ دەگات كە پیاوە رۆژهەڵاتییەكە دوای سێ هەفتە خۆشەویستە حەوت منداڵ جێهێشتووەكەی بە لاوە دەنێت و خۆی لێ دەشارێتەوە، بەڵام خۆیان بیستوویانە كە "دایكیان لەگەڵ پیاوێكی تر ڕێك كەوتووە و چووەتە دەرەوەی كوردستان". 

هەیڤ بەدڵتەنگی و ڕووخسارێكی شێواو لە گومان و بێهیواییدا دەڵێ، "پێشبینی نەكرابوو ئابڕووچوونمان لە دایكەوە بۆ جێ بمێنێت و ببین بە بنێشتەخۆشەی سەردەمی خەڵك، بەڵام ئیتر ڕووی دا وەختێك ئێمە بە ڕاستییەكەمان زانی كار لەكار ترازابوو، ئەو كەسەی ئێمەی بۆ جێ هێشت، بەجێی هێشتووە و دایكیشم كەوتە دەست پیاوێكی تر، بەڵام شۆكی ئەوە بەرمان نادا چۆن بەو تەمەنەوە توانیویەتی بەسەریەكەوە لە نێوان دوو پیاودا پێوەندیی بگۆڕێ و بچێتە دەرەوەی كوردستان".

كۆتا قسەی هەیڤ كە بە گریانێكی بە كوڵەوە دەریبڕی ئەوەبوو كە "بێگومانم باوكیشم مەلایكەت نەبوو، ئێمەش زۆر بێتاوان نەبووین، بەڵام نە منداڵەكان نە باوكم كارێكی وەهامان نەكردبوو دایكمان بۆ هەمیشە بمانخاتە گێژاوێكەوە كە نەتوانین سەر بەرز بكەینەوە، لەناو هەموو خزمەكانمان دایكم بە بەختترین ژن دادەنرا، بەڵام كۆتاییەكی زۆر خراپی خوڵقاند و ماڵی هەموومانی كاول كرد و پەڵەیەكی خستە مێژووی خێزانەكەمان كە بەهیچ پاك نابێتەوە" 

وشە/ هەولێر- ئیڤان عەبدوڕەحمان



وشە - تایبه‌ت