ئاوێنە دز دەرچوو

:: PM:03:55:11/07/2018 ‌
ماڵپەڕی ئاوێنە كە یەكێكە لە میدیا ناسراوەكانی كوردستان و بانگەشەی ڕاستگۆیی و پیشەیی بوون دەكات، فۆتۆیەكی دروستكراوی "وشە" كە لۆگۆی سەرجەم حزبەكانی كوردستانە و تەكنیكییەكانی وشە دروستیان كردووە، دەدزێت و لۆگۆكەی "وشە"ی لێ دەكاتەوە و وەك وێنەی خۆیان لەگەڵ هەواڵدا بەكاری دێنن.

ئەو وێنە میدیاییەی "وشە" دروستی كردووە، لۆگۆی زۆرینەی حزبەكانی كوردستانی تێدایە و بۆ هەواڵی تایبەت سوودی لێوەردەگیرێ لە دامەزراوەكەمان، بەڵام ماڵپەڕی ئاوێنە وەك رەفتاری مشەخۆرانە، وێنەكەی دزیوە و لەگەڵ هەواڵێكی خۆی بڵاوی كردووەتەوە و بەشێوەیەكی نەزانانەیش لۆگۆی "وشە" كە لەسەر دوو شوێنی وێنەكەیە سڕیویانەتەوە و ڕەنگی تریان لەسەر داوە. 
ئەوە لە كاتێكدایە، ستافی ئاوێنە دەزانن كە یەكێك لە بنەماكانی پیشەیی بوونی میدیا، پابەندبوونە بە سەرچاوەكان و پاراستنی خاوەنداریەتی وێنە و هەواڵ و زانیاریی، بەڵام ئاوێنە كە بانگەشەی بێلایەنی و ڕاستگۆیی و پیشەیی بوون دەكات، ماندووبوونی گرافیكسازی "وشە" بێ پرس و ئاگاداركردنەوە بۆ خۆی دەبات و مافی خاوەنداریەتی "وشە" ناپارێزێت.

دروستكردنی وێنەی لۆگۆی حزبەكان كارێكی هێندە قورس نییە و هەموو كەسێك شارەزاییەكی كەمی لە پرۆگرامەكانی وێنە و گرافیك هەبێ، دەتوانێ دروستی بكات، بەڵام ئاوێنە ویستوویەتی بێ ماندووبوونی رەنجی دەزگاكانی تری راگەیاندن بۆ خۆی ببات. ئەمەش چەند جارێك چاوپۆشی لێكراوە، بەڵام ئەوان هەر بەردەوام بوون، بۆیە "وشە" مافی خۆیەتی خوێنەران ئاگادار بكاتەوە.

ئەو مامەڵە ناپیشەییەی "ئاوێنە" دوای ئەوە دێت كە ئەو دەزگایە بەردەوام بانگەشەی پیشەیی بوون و ڕاستگۆیی كردووە و نەهێشتنی گەندەڵی و دادپەروەرییان وەك بنەمای كاركردن بە خوێنەر راگەیاندووە،  بەڵام خۆیان لە مامەڵەكردن لەگەڵ وێنەیەك پیشەیی و دادپەروەر نین.







وشە - باز ئه‌حمه‌د