پارتی و یەكێتی كۆ دەبنەوە

:: PM:07:03:11/07/2018 ‌
بڕیارە سبەی پێنجشەم 12ی تەمووز/ یۆلیۆ، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆ ببنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم، سەرچاوەیەكی تایبەت بە "وشە"ی ڕاگەیاند، سبەی مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی كۆ دەبنەوە و پرسی كارنامەیەكی هاوبەش بۆ چۆنییەتی گفتوگۆ كردن لەگەڵ بەغدا تاوتوێ‌ دەكەن.

دوایین جار پارتی و یەكێتی هەفتەیەك لەمەوبەر كۆبوونەوە و ڕایان گەیاند، بڕیاریان داوە هیچ لایەنێكیان بەبێ‌ ئەی تر سەردانی بەغدا نەكات بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی بەغدا.

پێشتر ئاراس حەسۆ میرخان ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاندبوو، پارتی دەیەوێت هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەشداری لە گفتوگۆكان و پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق بكەن.

ڕوونیشی كردەوە كە بۆ كاری هاوبەش هاوئاهەنگی و كۆبوونەوەكان لە نێوان پارتی و یەكێتی بەردەوام دەبێ.

ئێستە لە عێراق پرسی پێكهێنانی حكوومەتێكی نوێ‌ گەرمە، پارتی و یەكێتی دەیانەوێ‌ بەیەك تیم بچنە بەغدا و بەشێك لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستانیش بەهۆی ناڕەزاییان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان تا ئێستە نەهاتوونەتە ناو گفتوگۆكان.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم