ئەمەریكا وریایی لە دەركەوتنی رێكخراوێكی تر لەدوای داعش دەدات

:: PM:09:01:11/07/2018 ‌

جەنەراڵێكی ئەمەریكایی ئاشكرای دەكات كە هەزاران چەكداری داعش لە ناوچەكانی لە سووریا و عێراق لەدەستیان دا، هەڵاتوون و ئێستە خۆیان حەشار داوە و مەترسی دەركەوتنەوەیان لەشێوەی رێكخراوێكی تر لەدوای داعش هەیە.

جەنەراڵی ئەمەریكایی مایك ناگاتا، وریایی لەوە دا كە ئەگەری گەڕانەوە و بوونە مەترسی ئەو چەكدارانە بەهاوشێوەی داعش هەیە و ئاماژەی كرد، ژمارەی چەكدارانی داعش لەكاتی كۆنترۆڵی داعش بۆ ناوچەیەكی فرەوان لە سووریا و عێراق گەیشتبووە 40 هەزار، بەڵام تەنیا چەند هەزارێكیان لە جەنگەكاندا كوژران.

زیاتر گوتی، تا ئێستەیش حەشارگەی رێكخراوەكە لە سووریا و عێراق هەر هەیە و پێویستە ئەوان لەناو ببرێن و ئەركەكە بەیەكجاری كۆتایی پێ بێت، روونی كردەوە ئەوەی لە سەردەمی رێكخراوی قاعیدە لە عێراق رووی دا، ئێستە بەرێگەیەكی تر لەسەر دەستی رێكخراوی داعش گەڕاوەتەوە و ئەگەری زۆر هەیە كە رێكخراوێكی نوێ وەك پێشوو دەربكەوێت و دووپاتی كردەوە كە تاكە لایەن كە بتوانێت رێگری لە گەڕانەوەی داعش بكات ئەمەریكایە.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دزەكردنی 60 ئۆتۆمبێلی چەكدارانی داعش لە سووریاوە بۆ ناو عێراق، ئەمڕۆ چوارشەم ئەسیل نوجێفی پارێزگاری پێشوو و سەركردە لە هێزەكانی پاسەوانی نەینەوا لەو بارەوە گوتی، ئەو كارە یەكەمجار نییە و ئاماژەیە بۆ ئەوەی رێكخراوەكە خۆی بۆ هێرشی گەورە ئامادە كردووە.

نوجێفی روونی كردەوە، ماوەیەكە چاودێریمان كردووە كە كەتیبەیەكی داعش سەربازگەیەكی لەناو خاكی سووریا لە نزیك سنوورەكانی عێراق هەیە و لەوێوە بەرەو ناو خاكی عێراق دزە دەكەن، بەتایبەتی بۆ ناوچەكانی بەعاج و بادییە و حەزەڕ بەرەو باشووری مووسڵ.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل