راوێژكارێك مەرجەكانی كورد بۆ چوونە ناو هەر هاوپەیمانیەتییەك ئاشكرا دەكات

:: PM:11:37:11/07/2018 ‌

كیفاح مەحموود، راوێژكارێكی پێشوو لە نووسینگەی سەرۆكایەتی هەرێم دەڵێ هەموو ئەوەی ئێستە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی لە عێراق روو دەدات لە گفتوگۆ و دیدار لە نێوان پێنج بارستە سیاسییە سەرەكییەكە، دەست پێشخستنە بۆ ئاشكراكردنی قۆناغی داهاتوو.

مەحموود لە پێوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ئاژانسی "سپۆتنیك"ی رووسی ئەمڕۆ چوارشەم زیاتر گوتی، ئەو بارستە سەرەكییانە بریتین لە هاوپەیمانی (سائیروون) كە موقتەدا سەدر پاڵپشتی لێ دەكات و لە پلەی یەكەم دێت و (فەتح)ی سەر بە هادی عامری و (نەسڕ)ی سەر بە حەیدەر عەبادی و لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسعوود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێم و (دەوڵەتی یاسا) بەسەرۆكایەتی نووری مالیكین.

زیاتر گوتی، هەموو ئەو گفتوگۆ و دیارانەی لە نێوان ئەو هاوپەیمانیەتییانە روو دەدات، كۆكردنەوەی زانیارییە بۆ گفتوگۆی قووڵتر كە لە دوای پەسندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدراڵەوە بەڕێوە دەچێت.

ئەو راوێژكارە ئاماژەی كرد، ئەوەی رووی داوە ئاڵوگۆڕی بۆچوونەكان بووە و گوتاری سیاسی لە هەرێمی كوردستان زیاتر واقیعی بووە و چەند بنەمایەكی جێگیری بۆ چوونە ناو هاوپەیمانیەتی لەگەڵ هەر هێزێك داناوە گرنگترینیان هاوبەشی و جێبەجێكردنی و سازانی كردەنی نەوەك تەنیا بەناو.

مەحموود روونی كردەوە، كێشەی گەورە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە و پێویستە خشتەی چارەسەركردنیان بەگرێنتییەوە دابنرێت، بەتایبەتی پرسی ناوچە كێشە لەسەرەكان وەك كەركووك و خانەقین و شنگال و ئەوانەی پێوەست بە نەوت و گاز و پشكی هەرێم لە بودجە، ئەوانەن خاڵە لەپێشینەكانی كە گوتاری سیاسی كوردی چاوی لێیانە لە سازكردنی هەر هاوپەیمانیەتییەك.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل