ڕاپه‌ڕین له‌ به‌سڕه‌ ده‌ستی پێ كرد..باره‌گای هێزه‌كانی پاسه‌وانی نه‌وت سووتێنرا

سەرچاوە تەناهییەكان لە شاری بەسڕە دووپات لەوە دەكەنەوە، لە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەمەوە خۆپێشاندەرانی بەسڕە هێرشیان كردووەتە سەر كێڵگەی نەوتی قوڕنە2 و ئەفسەرێك و دوو سەربازیش گیراون و لە بەرانبەر ڕزگاركردنی خۆپێشاندەران ئامادەن ئازادیان بكەن.

سەرچاوەكان بە پێگەی "بغداد الیوم"یان ڕاگەیاند، خۆپێشاندەرانی بەسڕە هەڵیانكوتایە سەر كێڵگەی نەوتی قوڕنە2 و ئەفسەرێك و سەربازێكیان گرت و هێزە تەناهییەكانیشیان ئاگادار كردووەتەوە كە لە بەرانبەر ئازادكردنی چوار خۆپێشاندەر كە لەلایەن هێزەكانی پاراستنی كێڵگە نەوتییەكە گیراون، ئامادەن ئەفسەر و دوو سەربازەكە ئازاد بكەن.

سەرچاوەكە ڕوونی كردەوە، كە هێزێكی زۆری عێراق بە تانك و زرێپۆش لە دەرگای پشتەوەی بارەگای فەرمانگەی كارگێڕی كێڵگە نەوتییەكە هاتوونەتە ژوورەوە و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیش لەسەر كێڵگەكە دەسووڕێنەوە و دۆخێكی تەناهی چڕ گیراوەتەبەر.

لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپێشاندەران و هێزە تەناهییەكانیش دوو خۆپێشاندەران بریندار بوون، بە پەلە لە ڕێی ئۆتۆمبێلی فریاكەوتنەوە بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە، هاوكات كابینەیەكی پاسەوانانی كێڵگە نەوتییە لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە ئاگری تێبەر دراوە.

بەگوێرەی زانیارییە بڵاوكراوەكان، تەواوی شەقامە سەرەكییەكانی بەسڕە لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە داخراون و هاتن و چوون لە بەسڕەوە بۆ شارەكانی تر و بەغدا وەستاوە، هاوكات ڕێی گەیشتن بە چوار كێڵگەی نەوتی وەستێنراوە و ڕێگریش كراوە كرێكاران و كارمەندانی كۆمپانیا نەوتییەكان بۆ كێڵگە نەوتییەكان بچن.

هاوكات میدیاكان ئاماژە بەوە دەكەن، كە لە شارەدێی هویری باكوری شاری بەسڕە خۆپێشاندەران هەڵیانكوتاوەتە سەر بارەگای هێزەكانی پاسەوانی نەوت و ئاگریان لە بارەگاكە بەرداوە.

خۆپێشاندەرێك ئاشكرای كرد، كە هێزەكان بە هەڕەمەكی گولـلە ئاراستەی خۆپێشاندەران دەكەن و تا ئێستەیش چوار خۆپێشاندەر برینداربوون.

ماوەی هەفتەیەكە خۆپێشاندان و شەپۆلێكی ناڕەزایی لە بەسڕە دەستی پێ كردووە، ئەمەیش دوای ئەوە دێ، لەلایەن هێزە تەناهییەكان چەند خۆپێشاندەرێك بریندار كران و كەسێكیش بە فیشەكی هێزەكان كوژرا، ئەمەیش لە وەڵامی داواكانی خۆپێشاندەران دێ، كە داوای ئاو و كارەبایان دەكرد، بۆیە خەڵكی تووڕەیی زۆر دەردەبڕن و هۆزەكانیش باس لە بەرپاكردنی ڕاپەڕین دژی حكوومەت دەكەن.

بەسڕە دوای بەغدا و مووسڵ بە سێیەم گەورە شاری عێراق دادەنرێ و دەكەوێتە كۆتا خاڵی باشووری عێراق لەسەر كەنداوی عەرەبی، تاكە دەروازەی ئاوی عێراقە و ژمارەی دانیشتووانی 1.5 ملیۆن كەس دەبێ، لە 1382 زاینی دروست كراوە، بە ناوی فەیحا و ڤێنسی عێراقیش ناوبانگی دەركردووە، زۆرترین كێلگەی نەوتی عێراق لەو پارێزگایەن و حەوت بەندەریشی لەسەر كەنداوی عەرەبی هەیە و بە سەرەكیترین دەروازەی هەناردەی نەوتی عێراق دادەنرێت.



وشە - باز ئه‌حمه‌د


PM:02:02:12/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 5342 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌