ترەمپ: ناتۆ داواكەی ئەمەریكای قبووڵ كرد

:: PM:02:24:12/07/2018 ‌

لە كۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ كە لە برۆكسێل بەڕێوە دەچێت، گرنگترین كێشەی كۆبوونەوەی ئەم خولەیان پرسی بودجەی ناتۆ بوو و ئەمڕۆ لە درێژەی كۆبوونەوەكانیان ئەم پرسەیان چارەسەر كرد.

بەگوێرەی "نیویۆرك تایمز" چەند خولەكێك لەمەوبەر لە برۆكسێل دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا وتارێكی پێشكەش كرد و باسی لە سەركەوتنی كۆبوونەوەی ناتۆ كرد. ئەو گوتی لەسەر پیشنیاری ئەمەریكا وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بڕیاریان داوە بودجەی زیاتر بۆ ناتۆ تەرخان بكەن و ئەمەش بە سەركەوتن هەژمار دەكرێت و مایەی بەهێزبوونی زیاتری پەیمانی ناتۆیە.

یەكێك لە گرنگترین پلانەكانی دۆناڵد ترەمپ لە بەشداری ئەمساڵی ناتۆ ئەوەبوو رازییان بكات بودجەی ناتۆ بۆ دوو هێندە بەرز بكەنەوە. ئەو داوای كردبوو وڵاتانی ئەندامی ناتۆ سەرووی رێژەی 2%ی داهاتی نەپاڵاوتووی نیشتمانییان بۆ ناتۆ تەرخان بكەن و بیگەیەننە 4%.

ئەمەریكا لەوە نیگەرانە زیاتر لە وڵاتانی تر بودجەی بۆ ناتۆ تەرخان كردووە و نابێت وڵاتان كەمتەرخەم بن لە دابینكردنی بودجە بۆ ناتۆ. ئەو توندترین هێرشی كردبووە سەر ئەڵمانیا و پێی گوتبوو بووەتە دیلی رووسیا و ساڵانە ملیاران دۆلار دەداتە رووسیا بۆ ئەوەی گازی پێ بفرۆشێت، كەچی ئەمەریكا دەبێت بەرگری لێ بكات.

پێویستە بگوترێت دوای ئەمەریكا، یۆنان زۆرترین رێژە لە بودجەكەی بۆ ناتۆ تەرخان كردووە كە 2.20% دوای ئەو ئیستۆنیا بە 2.14%، بەریتانیا بە 2.10% و پۆڵۆنیا بە 2% و فڕەنسا بە 1.8% و ئەڵمانیا بە 1.2% لە لیستەكەدا ناوی هاتووە. هێشتا دیار نییە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆكە تەرخانكردنی بودجە بۆ چ رێژەیەك بەرز كراوەتەوە.




وشە - سلێمان تاشان