گۆڕان خۆی لە كێشە ناوخۆییەكانی دەدزێتەوە

:: PM:02:45:12/07/2018 ‌
جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا باسی كێشە ناوخۆیییەكانی نەكردووە و بەشێك لە ئەندامانی جڤاتیش هەوڵیان داوە كێشەكان بخەنەڕوو، بەڵام بە بیانووی دیاریكراوی تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە جڤاتی نیشتمانی خۆی لەو پرسە لاداوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 12ی تەمووز/ یۆلیۆ، جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر چەند تەوەرێك كۆ بوونەوە، بەڵام وەك ئەوەی سەرچاوەیەكی بەرپرسی ناو گۆڕان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، جڤاتی نیشتمانی باسی كێشە ناوخۆیییەكانی نەكردووە.

بەپێی زانیارییەكان، لە كۆبوونەوەكەدا خۆئامادەكردن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە 30ی ئەیلوول بەڕێوە بچێت گفتوگۆی لەبارەیەوە كراوە و لەو تەوەرەیشدا بەشێك لە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە ویستوویانە باسی كێشە ناوخۆیییەكانی گۆڕان بكەن، بەڵام لەلایەن ڕێكخەرانی كۆبوونەوەكە ئەو پرسە گفتوگۆی لەسەر نەكراوە و بیانووی ئەوەیان هێناوەتەوە كە تەوەری كۆبوونەوەكە دیاری كراوە.

سەرچاوەكەی ناو گۆڕان كە پێی باش نەبوو ناوی بڵاو بكرێتەوە دووپاتی لەوە كردەوە كە هەندێك لە ئەندامانی جڤات داوایان كردووە ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆیییەكانی بزووتنەوەكە بكرێت كە بڕیارە ساڵی داهاتوو بەڕێوە بچێت.

"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر، پێوەندی بە چەند ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانییەوە كرد، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە.

بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2009 دامەزراوە و بەشداری دوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و عێراقی كردووە، لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ڕابردوو گۆڕان بە شێوەیەكی بەرچاو دەنگەكانی كەمی كرد كە بەبڕوای چاودێران ئەوە شكستی یەكەمی گۆڕان بووە بەتایبەت دوای كۆچی دوای نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری بزووتنەوەكە.

ئێستەیش بزووتنەوەكە بەدەست كێشەیەكی گەورە دەناڵێنێ، ئەویش موڵك و ماڵەكانی نەوشیروان مستەفای ڕێكخەری كۆچكردووی حزبەكەیە، كە بەر لە كۆچكردنی خستییە سەر ناوی كوڕەكان و كچەكەی، ئەمەیش باڵێكی بزووتنەوەكەی نیگەران كردووە و دووپات لەوە دەكەنەوە، كە گۆڕان بەرەو بنەماڵەیی هەنگاو دەنێت.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم