عەبادی فەرمانی تەقەكردن لە خۆپێشاندەران دەردەكات

:: PM:02:59:15/07/2018 ‌

هێزەكانی عێراق لە شاری ناسڕیە لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانەوە، فەرمانی تەقەكردنیان لە خۆپێشاندەرانیان پێ درا، بەوهۆیەوە ژمارەیەكی زۆر برینداری لێ كەوتووەتەوە و ئاڵۆزییەكان لە فرەوانبووندان.

سەرچاوەیەك ئەمڕۆ یەكشەم لە پارێزگای ناسڕیە بە میدیاكانی عێراقی ڕاگەیاندووە، پۆلیس و سوپا و هێزە تەناهییەكانی عێراق لە ناسڕیە فەرمانی تەقەكردنی ڕاستەوخۆیان بەرانبەر بە خۆپێشاندەران پێ گەیشتووە و دەستیان بە گولەبارانكردنی خۆپێشاندەران كردووە، تا ئێستەیش 13 خۆپێشاندەر بریندار بوون.

سەرچاوەیەك بە پێگەی "بغداد نیوز"ی ڕاگەیاندووە، هێزەكانی عێراق لە ناسڕیە، دەستیان بە ئاراستەكردنی فیشەكی ڕاستەوخۆ بەرەو خۆپێشاندەران لەو ناوچانەی خۆپێشاندەرانی لێ كۆ بوونەتەوە، كردووە.

سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە، كە لە ئەنجامی ئەو تەقەكردنانە تا ئێستە 13 خۆپێشاندەران بریندار بوون و بە پەلە گەیەنراونەتە نەخۆشخانە و گرژی و ئاڵۆزییەكانی بەردەوامی هەیە.

ڕۆژی هەشتی ئەم مانگە خۆپێشاندان لە بەسڕە دەستی پێ كرد و هێزەكانی عێراق تەقەیان لە خۆپێشاندەران كرد، بەوهۆیەوە سێ خۆپێشاندەران بریندار بوون و یەكێكیان بەهۆی سەختی برینەكەی گیانی لە دەست دا، ئەمەیش سەرۆك هۆزەكانی بەسڕەی تووڕە كرد و هەمووان پشتیوانی بەردەوامی خۆپێشاندانیان ڕاگەیاند كە بۆ كەمی كارەبا و نەبوونی ئاو و بێكاری ئەنجامی دەدەن.

لە ڕۆژی هەینی و شەمووەوە خۆپێشاندانەكان بە تەواوی فرەوانبوون و زۆرینەی رەهای شارەكانی باشووری عێراق و ناوچەی شوعلەی بەغدایان گرتەوە، تا ئێستە نزیكەی 100 خۆپێشاندەر بریندار بوون و چوار كەسیش كوژراون و شەڕ و ئاڵۆزی بەردەوامی هەیە، عەبادی هێزەكانی خستووەتە ئینزاری پلە جیمەوە و 30 هەزار سەربازیشی بەرەو بەسڕە و شارەكانی باشوور ڕەوانە كردووە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د