رووسیا: خوێندنی منداڵە بەرپرسەكان لە دەرەوەی وڵات قەدەغە كرا

:: PM:02:15:07/12/2016 ‌

ئەنجوومەنی نوێنەرانی رووسیا پڕۆژەیاسای قەدەغەكردنی خوێندنی منداڵی بەرپرسانی حكوومەتی لە دەرەوەی وڵات تاوتوێ دەكات و بڕیارە بە زۆرینەی دەنگ پەسند بكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم حەوتی كانوونی یەكەم/دیسێمبەر، ئاژانسی چاودێری رووسیا رای گەیاند، نوێنەری حزبی كۆمۆنیستی فیدراسیۆنی رووسیا ئاشكرای دەكات، بە پەسندكردنی ئەو پڕۆژە یاسایە، حكوومەت و بەرپرسانیش بیر لە چارەسەری دۆخی خوێندن لەناو رووسیادا دەكەنەوە و چاكسازی لەناو پەروەردەی وڵاتەكەیان دەكەن.

ڤالری راشكین ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی رووسیایە و پێشنیازی ئەو پڕۆژەیاسایە لەلایەن ئەو و حزبەكەیەوە دراوە بە پەرلەمان. وەك ئاماژەی پێ دەدات، ناردنی منداڵان بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات، وا دەكات پەروەردە و دروستكردنی بەڕێوەبەر لە رووسیا تووشی تەنگژەی قووڵ بێت و داهاتووی وڵات بكەوێتە مەترسییەوە و هاوكات یەكسانی كۆمەڵایەتی لەناو رووسیا تێك دەدات و مەودای نێوان بەرپرسانی حكوومەت و هاووڵاتییان زیاتر دەكات.

پڕۆژە یاساكەی حزبی كۆمۆنیستی فیدراسیۆنی رووسیا، دووپاتی ئەوەی كردووەتەوە، تەنیا منداڵی ئەو بەرپرسانە دەتوانن لە دەرەوەی وڵات بخوێنن كە لە باڵوێزخانەكان كار دەكەن، یان لەو ناوەندانەن كە لە دەرەوەی وڵاتن و ماوەی ئەركەكانیان زیاتر لە یەك ساڵ دەخایەنێت. 
بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەو پڕۆژە یاسایە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بە زۆرینەی دەنگ پەسند بكرێت و لە یەكی كانوونی دووەمی 2017 بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

سەرچاوە/چاودێری رووسیا – RussiaViewer


وشە - هیدایه‌ت جان