نه‌جیبه كچی مه‌لا محه‌مه‌دی مه‌لا عه‌بدوڵای كوری مه‌لا ئه‌سعه‌د كوری مه‌لا عه‌بدوڕه‌حمان كوڕی مه‌لا عه‌بدوڵا كوڕی مه‌لا محه‌مه‌د كوڕی مه‌لا ئیبراهیم كوڕی شێخ حه‌سه‌نه، پێنج پشت له باپیرانی نه‌جیبه، به جه‌لیزاده ناسراون، به‌ڵام پشتی شه‌شه‌م ناسناوی كاكی جه‌لییان هه‌بووه، نه‌ك جه‌لیزاده، دایكیشی ناوی حه‌بیبه كچی شێخ ڕه‌زای كوڕی شێخ قادری سندۆڵانه. بنه‌ماڵه‌كه‌یان له سه‌رده‌می باپیره گه‌وره‌یان مه‌لا برایم كوڕی شێخ حه‌سه‌ن له ناوچه‌ی بێگه‌ڵاسی ده‌ڤه‌ری پشده‌ره‌وه هاتوون بۆ گوندی شیواشان، له دواتردا هاتوون بۆ كۆیه.
نه‌جیبه یه‌كێكه له ژنه دیاره‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، له بنه‌ماڵه‌یه‌كی دیاری ئاینی زانستی و شیعردۆست له هه‌شتی ئابی (١٩١٧) له گه‌ڕه‌كی بایزاغای كۆیه له دایك بووه، سه‌ره‌تای ژیانی منداڵی له ھاوینه‌ھه‌واری چنارۆك به‌سه‌ر بردووه، ساڵی (١٩٢٤) به‌مه‌به‌ستی خوێندن له‌لایه‌ن مه‌لای گه‌وره‌ی باوكی نێردراوه‌ته "فێرگه‌ی ئولا" و هاوشانی كوڕان خوێندوویه‌تی.
چوونی نه‌جیبه بۆ فێرگه له كاتێكدایه، به‌شێكی كه‌می خه‌ڵكی منداڵیان ده‌نارده به‌ر خوێندن. چونكه بڕوایان وابوو، جیا له خوێندنی ئاینی /ناو مزگه‌وت/ خوێندنی فێرگه، باش نییه، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ چین به حه‌رامی ناو ده‌برد، واته خوێندنیان له چوارچێوه‌ی خوێندنی ئاینیدا قه‌تیس كردبوو.
بنه‌ماڵه‌ی نه‌جیبه
بنه‌ماڵه‌ی جه‌لی زاده، یه‌كێكه له بنه‌ماڵه‌كانی كوردستان و به‌شێكی زۆر له كه‌سایه‌تییه‌كانی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه، كاریگه‌ری ئه‌رێنییان له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی هه‌بووه، به‌تایبه‌تی له بواره‌كانی ڕۆشنبیری، هزری، فه‌لسه‌فی، كۆمه‌ڵایه‌تی و خوێندنی ئاینیدا. حاجی قادری كۆیی (١٨١٦-١٨٩٧) له دێره شیعرێكدا كه بۆ مه‌لای عه‌بدوڵای باپیری نه‌جیبه‌ی ناردووه، له باسی بنه‌ماڵه‌ی جه‌لی زاده‌دا ده‌ڵێ:
به غه‌یری جه‌ددی ئێوه كێیه دانا
له كـوردستان بناغه‌ی عیلمی دانا
نه‌جیبه یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ی كه له سه‌ده‌ی بیستدا كاریگه‌ری ئه‌رێنی به‌سه‌ر ژنانه‌وه هه‌بوو، به تایبه‌تی له هۆشیاری ژنان.
له بنه‌ڕه‌تدا ڕه‌گوڕیشه‌ی بنه‌ماڵه‌ی جه‌لی زاده، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ جه‌زیره و بۆتان له باكوری كوردستان، له نه‌وه‌ی شێخ برایمی جه‌زیرین، به‌ڵام تا هه‌نووكه هۆی جێهێشتنی باكور و هاتنیان بۆ باشووری كوردستان نازانرێ و به نادیاری ماوه‌ته‌وه.
مه‌لای گه‌وره و خوێندنی نه‌جیبه
مه‌لای گه‌وره، مه‌لایه‌كی جیاواز و ڕوانگه و هزر باڵاتر بووه، له‌چاو تاكه‌كانی سه‌رده‌می خۆی، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری زۆری به‌سه‌ر منداڵه‌كانی و ده‌وروبه‌رییه‌وه هه‌بووه. له‌و سه‌رده‌مه‌دا خه‌ڵك كوڕه‌كانی نه‌ده‌نارده به‌ر خوێندن، به‌ڵام مه‌لای گه‌وره به پێچه‌وانه‌وه نه‌جیبه‌ی كچی نارده فێرگه و له‌گه‌ڵ كوڕاندا خوێندوویه‌تی، ئه‌مه‌ش به ڕیفۆرم و چاكسازییه‌كی گرنگی كولتووری و فه‌رهه‌نگی ئه‌و ئه‌ژمار ده‌كرێ، چونكه له‌و سه‌رده‌مه‌دا پرسی ناردنی منداڵ به تایبه‌تی كوڕ بۆ فێرگه، له‌لایه‌ن به‌شێك له مه‌لاكانه‌وه په‌سند و باش و ڕه‌وا نه‌بووه، بۆ كچانیش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێپێدراو نه‌بووه.
نه‌جیبه به یه‌كه‌مین كچ داده‌نرێ كه له‌گه‌ڵ كوڕان له فێرگه خوێندوویه‌تی و بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ به‌رده‌وام بووه، ئه‌مه‌ش بووه ڕچكه‌شكێنێ و هاندانی خه‌ڵكی تر بوو تا منداڵ بنێرنه به‌ر خوێندن. له كاتێكدا له‌و سه‌رده‌مدا، زۆربه‌ی خه‌ڵك دووپات له ناردنیان بۆ حوجره كردووه‌ته‌وه. له‌و سه‌روبه‌نده‌شدا مه‌لای گه‌وره له‌باره‌ی گرنگی و پێویستی خوێندن و خوێنده‌واری ده‌ڵێ:
عـیلـمی ته‌بیــعه‌ت عـیلـمی خودایه
(قـــال) و (قـول) گــشتی هـــه‌بایه
عیـلمی كیمیات گه‌ر نه‌خوێندووه
بــه‌خـوا نـازانی خـوا چـی كردووه
هاوكات مه‌لای گه‌وره زۆر پاڵپشتی له ژنان كردووه، هه‌وڵی داوه خه‌ڵكی هۆشیار بكاته‌وه كه ژنیش وه‌ك پیاو مرۆڤه و مافی ژیان و بڕیاردانی هه‌یه، ناكرێ به جیاواز له‌گه‌ڵ پیاو سه‌یر بكرێن، ئه‌ڵبه‌ته له شیعرێكدا به‌م شێوه‌یه وه‌سفی ژن ده‌كات و ده‌ڵێ:
بـڵێـن به قه‌ومی كوردان
ده‌ستی من و دامێنیان
عه‌یبـه بـه هه‌قی یـــه‌زدان
ژن هێنـان و ته‌ڵاقدان
ژن زیـنه‌تی دنیایه
ئه‌مانه‌تی خودایه
حه‌بـیـــبــی موسـته‌فایه
قه‌ڵاتـن لــه بـۆ مــێردان
ئه‌مانه سروشت و ژینگه‌ی ژیانكردنی بۆ نه‌جیبه ڕه‌خساندووه و ده‌رفه‌تی له به‌رده‌م ئاواڵا كردووه و له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌وه پاڵپشتی كراوه و هانیان داوه، له‌لایه‌كی تره‌وه خۆی كه‌سێكی به‌توانا و لێهاتوو بووه.
نه‌جیبه جه‌لی زاده به دووه‌م ژنی مێژوونووسی كورد داده‌نرێ، له دوای مه‌ستووره‌ی ئه‌رده‌ڕڵان كه چه‌ند كتێبی مێژوویی نووسیوه، بۆ نموونه (مێژووی جه‌لی زاده و مێژووی شاری كۆیه).
نه‌جیبه و سیاسه‌ت و ھۆشیاریی ژنان
نه‌جیبه یه‌كێك بووه له‌و ژنانه‌ی له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیست هاوكاری و هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌كان كردووه و له سیاسه‌تدا به‌شدار بووه، ئه‌ڵبه‌ته به‌هۆی به‌شداریی سیاسه‌ت و خزمه‌تكردن به بواری كوردایه‌تی و هه‌وڵه‌كانی، ڕووبه‌ڕووی ده‌ربه‌ده‌ری و ئاواره‌یی بووه‌ته‌وه.نه‌جیبه له سه‌ره‌تای چله‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌وه تێكه‌ڵ به خه‌باتی سیاسی میله‌ته‌كه‌ی بووه، یه‌كێك بووه له دڵسۆزه‌كانی حزبی هیوا و به‌شداری چالاكییه‌كانی كردوون، ژنانی شاره‌كه‌ی بۆ خه‌باتكردن له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی مافی گه‌لی كورد به‌تایبه‌تی ژنان، هۆشیار كردووه‌ته‌وه. له دواتردا له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و به‌ستنی كۆنگره، له 16ی ئه‌یلوولی (١٩٤٦)دا، بووه‌ته ئه‌ندامێكی كارای ئه‌و پارته و له سه‌روبه‌ندی دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان له ئێران به پێشه‌وایه‌تی قازی محه‌مه‌د، ڕۆڵی به‌رچاوی هه‌بووه له هۆشیاری نه‌ته‌وه‌یی بۆ ژنانی شاری كۆیه.
له 11ی كانوونی یه‌كه‌می (١٩٥٢)دا، ڕێكخراوی یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان دامه‌زرا. به‌شێوه‌یه‌كی نھێنی نه‌جیبه كرا به سه‌رۆكی یه‌كێتی ئافره‌تان له كۆیه، له چوارچێوه‌ی ئه‌و ڕێكخراوه‌شدا ڕۆڵی گرنگی له شاره‌كه‌دا بینیوه، تا دوای شۆڕشی چوارده‌ی ته‌مووزی (١٩٥٨)، به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا بووه به‌رپرسی ڕێكخراو له كۆیه و له زۆربه‌ی ئاهه‌نگ و بۆنه نیشتمانییه‌كاندا وتاری یه‌كێتی ئافره‌تانی خوێندووه‌ته‌وه و مێژووی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد و بزووتنه‌وه‌ی ژنانی كوردستانی بۆ ئاماده‌بووان و گوێ‌گران باس كردووه.
جه‌لی زاده به‌م شێوه‌یه له خه‌باتكردن به‌رده‌وام بووه. تا ساڵی (١٩٦١) و ده‌ستپێكردنی شۆڕشی ئه‌یلوول، له‌م بزووتنه‌وه‌یه‌دا ده‌ورونه‌خشی گرنگ و به‌رچاوی هه‌بووه، له كاتی كۆتاهێنان به‌م بزووتنه‌وه‌یه، ساڵی (١٩٧٥)،ئاواره‌ی ئێران ده‌بێت و بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ، (١٩٧٥ تا ١٩٧٧) له ماڵی ئیقلیمه‌ی خوشكی له كه‌ره‌ج/ئێران ده‌مێنێته‌وه.
مردنی نه‌جیبه
ساڵی (١٩٩٢) به‌هۆی هه‌ڵكشانی ته‌مه‌نی، بارودۆخی ته‌ندروستی نه‌جیبه به‌ره‌و خراپی ده‌ڕوا و تووشی نه‌خۆشیی ئێسكه‌نه‌رمه ده‌بێت و له پێ ده‌كه‌وێ. ئه‌گه‌رچی زۆر هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی ده‌درێ، به‌ڵام چاره‌سه‌ر نه‌بوو.
شه‌وی 11 له‌سه‌ر 12ی حوزه‌یرانی (١٩٩٩) له هه‌ولێر گیانی له ده‌ست دا و له گۆڕستانی ده‌روێش خدر له كۆیه، له ته‌ك گۆڕی باوباپیرانی به خاك هاته سپاردن.
سه‌رچاوه كوردییه‌كان:
1-عه‌بدولخالق عه‌لائه‌دین: مه‌لای گه‌وره زانا و ئه‌دیب و شاعیر، چاپخانه‌ی مناره، چ٢، هه‌ولێر، ٢٠٠٩.
2-عه‌بدولخالق عه‌لائه‌دین: كۆیه... ناودارانی، ده‌زگای گۆڤار بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه، هه‌ولێر، ٢٠١٤.
3-كه‌ریم شاره‌زا: ژنی رووناكبیری هۆشیاری كورد نه‌جیبه‌خانی جه‌لی زاده، (قامووسی ناوه نه‌مره‌كان)، ب١، هه‌ولێر، ٢٠١٤.
4-مام هه‌ژار: چه‌پكێ حاجیله‌ی ده‌شتی هاموون، له بڵاوكراوه‌كانی سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه و په‌خشی كۆیه، كۆیه، ٢٠١٣.
5-مه‌سعوود محه‌مه‌د: گه‌شتی ژیانم، له بڵاوكراوه‌كانی سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه و په‌خشی كۆیه، كۆیه، ٢٠٠٩.
6-مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس: بنه‌ماڵه‌ی زانیاران، بڵاوكراوه‌ی كتێبی كانی، سنه، ٢٠١٠.
7-نه‌جیبه‌خانی جه‌لی زاده: مێژووی جه‌لی زاده، له بڵاوكراوه‌كانی سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه و په‌خشی كۆیه، كۆیه، ٢٠١١.
8-دیدار له‌گه‌ڵ فاڕووق محه‌مه‌د، برای نه‌جیبه، ڕێكه‌وتی 10ی حوزه‌یرانی (٢٠١٦)، هه‌ولێر.
9-دیدار له‌گه‌ڵ نه‌جله ڕه‌ئووف شێخ ڕه‌ئووفی خانه‌قا، هاوژینی مه‌سعوود محه‌مه‌دی برای نه‌جیبه، ڕێكه‌وتی سێی ته‌مووزی ساڵی (٢٠١٦)، له هه‌ولێر.