ئەم جۆرە دەرمانە لە كوردستان دەكشێنرێتەوە

:: PM:12:31:18/07/2018 ‌
وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، لیستێكیان ئامادە كردووە بۆ كشانەوەی ئەو جۆرە دەرمانانەی كە جێی گومانن و لە هەشت كۆمپانیا دروست كراون.

ئەمڕۆ چوارشەم 18ـی تەمووز/ یۆلیۆ، رێكەوت حەمەڕەشید وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، بەشی كوالیتی كۆنتڕۆڵی دەرمان لیستێكی ئامادە كردووە، بۆ كشانەوەی ئەو جۆرە دەرمانانە كە دەرمانی هەشت كۆمپانیایە.

وەزیری تەندروستی گوتی، تا ئێستە هیچ كەسێك بەهۆی ئەو دەرمانانەوە تووشی نەخۆشی نەبووە، بۆیە داواكارین ئەوانەی دەرمانی ئەو كۆمپانیایانە بەكار دەهێنن، سەردانی پزیشك بكەن بۆ گۆڕینی جۆری دەرمانەكە یان كۆمپانیاكە.

ڕێكەوت ئاشكرا كرد، بەكارهێنانی دەرمانی پلاڤێكس كە بۆ نەخۆشیی دڵ بەكار دەهێنرێت، پێشتر قەدەغە كراوە و ئەو كەسەی بازرگانی كردووە بەو جۆرە دەرمانەوە كردووە رووبەڕووی دادگا كراوەتەوە.

هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی تەندروستی لیستێكی بڵاو كردەوە كە ژمارەیەك لە دەرمان قەدەغە كردبوو لە بازاڕەكان، یەكێك لەو جۆرە دەرمانانە پزیشكان بە نەخۆشیان داوە بۆ فشاری خوێن، بەڵام ئەو دەرمانە لە بنەڕەتدا بۆ نەخۆشیی دڵ بەكار هێنراوە و دروست كراوە.



وشە - رامیار جەواد