"ئێران ئاسایشی گشتیی یەكێتی كۆنتڕۆڵ كردووە"

:: PM:01:40:18/07/2018 ‌
ڕۆژنامەنووسێك چەند زانیارییەكی نهێنیی خۆپێشاندانەكانی مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو لە سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین بڵاو دەكاتەوە و دووپات لەوە دەكاتەوە، كە ئێران توانیویەتی دزە بكاتە ناو ئاسایشی گشتیی یەكێتی و خۆپێشاندانەكانیش بە فەرمانی تاران دەستیان پێ كرد.

سەرتیپ وەیسی ڕۆژنامەنووس لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی، لە مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو، كاتێك خۆپێشاندانەكان لە سلێمانی دەستی پێ كرد، ژمارەیان لایەنی سیاسی پشتیوانییان كرد و چەند سەركردەیەكی یەكێتیش بە فەرمی لە ڕێی بەیاننامە و لێدوان پاڵپشتی خۆپێشاندەرانیان كرد، لەو كاتەی خۆپێشاندانەكان دەستی پێ كرد، نێوانی یەكێتی و كۆماری ئیسلامیی ئێران لەوپەڕی خراپیدا بوو.

لە بەشێكی تری نووسینەكە هاتووە، هەمووان وایاندەزانی خۆپێشاندانەكە خۆڕسكە، لە كاتێكدا ئێران ویستی پەیامێك بە یەكێتی بدات و بیهێنێتەوە سەر ڕێچكە ڕاستەكە كە خۆی دەیویست، كاتێكیش یەكێتی بەمەی زانی بە شێوەیەكی خێرا ماڵی مام جەلال و قوباد تاڵەبانی و لاهوور جەنگی ژوورێكی عەمەلیاتیان بە سەرۆكایەتی وەستا حەسەن و خەسرەو گوڵ پێكهێنا.

ئەو ڕۆژنامەنووسە دووپات لەوە دەكاتەوە، لەو كاتە یەكێتی لە دۆخێكی زۆر خراپ بوو و پارتیش یەكێتی لە مەترسییەكان ئاگادار كردەوە، دواتر دەستیان كرد بە گرتنی خۆپێشاندەران، هاوكات لە 48 سەعات 15 ئەفسەری پلەداری ئاسایشی سلێمانییان گرت، سەرجەمیان ڕاستەوخۆ پێوەندییەكان بە ئیتڵاعاتی ئێرانەوە هەبوو.

ئاماژەی داوە، زانیارییەكان دەریانخستووە كە ئێران دزەی كردووەتە ناو ئاسایشی گشتی، بۆیە یەكێتی بەمەوە نەوەستا و قوباد تاڵەبانی هاتە راسپاردن تا ڵەگەڵ قاسم سولەیمانی كۆ ببێتەوە، قوباد تاڵەبانی بە قاسم سولەیمانی گوتووە چیتان لە یەكێتی دەوێت، دەگوترێ ئەوەی ئەوكات لە سلێمانی ڕووی دا كودەتا بوو بەسەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆنتڕۆڵكردنی ئاسایشی گشتی لەلایەن ئیتڵاعاتەوە، سەركردەكانی یەكێتی تووشی شۆك كردووە.

هێمای بۆ ئەوەیش كردووە، جیا لە ماڵی مام جەلال و چەند سەركردەیەكی ئەو حزبە، كەسی تر نازانێ چی ڕووی داوە و چی بەسەر ئەو ئەفسەرانەی ئاسایش هات كە گیران و پێوەندییان بە ئیتڵاعاتی ئێرانەوە هەبوو، بۆیە تا یەكێتی ملكەچی داواكانی ئێران نەبوو، نەتوانرا خۆپێشاندانەكان و دۆخەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت.

ئەو ڕۆژنامەنووسە لە كۆتاییدا نووسیویەتی، لەوكاتیش زانیارییەكانی لە بەردەست بووە، بەڵام بەهۆی تەناهی و كۆمەڵێك پرسی تر بڵاومان نەكردوونەتەوە، بە دووریشی نازانێ خۆپێشاندانەكانی باشوور بەهەمانشێوە بە دەستی ئێرانەوە بێ، چونكە لە دوای هەڵبژاردن ئەنجامەكان و دۆخی عێراق بە دڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران نین.

پێشتر میدیاكان بڵاویان كردەوە، كە ئیتڵاعاتی ئێران 700 بنكەی لە سلێمانی هەیە و هاوكات باڵادەستی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی شاراوە نییە، چەندان چالاك و كەسایەتیی ئۆپۆزسیۆنی ئێران و حزبەكانی ڕۆژهەڵات لەو شارەوە گیراون و براونەتەوە ئێران، یان كوژراون و كۆتایی بە ژیانیان هێنراوە.





وشە - باز ئه‌حمه‌د