حكوومەتی عێراق چەند بڕیارێكی بەپەلە دەردەكات

:: PM:06:59:18/07/2018 ‌

خانەی تەنگژەی خزمەتگوزاری و تەناهی یەكەم كۆبوونەوەی خۆی بەسەرۆكایەتیی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق ساز كرد و چەند بڕیارێكی بەپەلەی بۆ هێوركردنەوەی دۆخی عێراق و باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان دەركرد.

دوای ئەوەی لە 10 رۆژی دواییدا دۆخی عێراق بەهۆی خۆپێشاندانە جەماوەرییەكان رووی لە ئاڵۆزی كرد و خۆپێشاندەران رژانە سەر شەقامەكان و هەڵیان كوتایە سەر كۆمپانیا و كێڵگەكانی نەوت و بارەگای پارتە سیاسییە دەسەڵاتدارەكان، دوێنێ خانەی تەنگژەی خزمەتگوزاری و تەناهی هاتە پێكهێنان بۆ رووبەڕووبوونەوەی دۆخەكە و چارەسەركردنی ئەو هۆكارانەی بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان.

ئەمڕۆ یەكەم كۆبوونەوەی خانەكە بەسەرۆكایەتیی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و ئامادەبوونی وەزیر و بەرپرسانی حكوومەت بەڕێوە چوو و عەبادی دووپاتی كردەوە، بەهۆی لاوازیی چاودێرییەوە زۆرێك لە پڕۆژەكان كە خزمەتێكی زۆر پێشكەیشی هاووڵاتییان دەكەن لە بوارەكانی دابینكردنی ئاو و كارەبا و تەندروستی و قوتابخانە و دابینكردنی هەلی كار، تەواو نەكراون و داوای تەواوكردنیانی بەزووترین كات كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا چەند بڕیارێكی گرنگ پێوەست بە دۆخی عێراق دران لەوانە ئامادەكردنی كشوفاتی بەپەلە و ورد بۆ داواكاری و پێویستی هاووڵاتییان و بەرزكردنەوەیان بۆ خانەی تەنگژە و بەپەلە جێبەجێكردنیان.

هەروەها پێكهێنانی خانەی تەنگژە لەهەر وەزارەت و پارێزگایەك بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ داواكاریی هاووڵاتییان و بەدواداچوون بۆیان و دانانی چارەسەری بەپەلە بۆیان و وەزارەتی داراییش خەرجی پێویست بۆ دابینكردنی ئەو پێویستیانە دابین دەكات.

هەر لەو كۆبوونەوەیە بڕیار درا بە تەواوكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییە ناتەواو و وەستاوەكان و بەدەركردنیان لە رێنوێنییەكان و دەست پێكردنی پڕۆگرامی راهێنان و شیاندن لە سەنتەركانی سەر بە وەزارەتی كار و پێدانی دەرماڵەی گونجاو بۆ راهێنراوەكان.

ماوەی 10 رۆژە خۆپێشاندانەكان لە عێراق بەردەوامن و ژمارەیەك قوربانی لێ كەوتووەتەوە و ئەوان داوای باشتركردنی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانی وەك ئاو و كارەبا و دابینكردنی هەلی كار دەكەن.

سەرچاوە/ شەفەق نیوز





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل