حەشد توانای نەماوە... ئەنجوومەنی پارێزگا داوا لە هاووڵاتییان دەكات كەركووك بپارێزن

:: PM:08:25:19/07/2018 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك پەیامێك ئاراستەی خەڵكی كەركووك دەكات و داوایان لێ‌ دەكات خۆیان پارێزگاری لە شارەكەیان بكەن، دووپاتی دەکاتەوە ئەو هێزە میلیشیایە لە كەركووك بێگانەن و خەڵك هاوكاریان ناكات.

ئەمڕۆ پێنجشەم 19ی تەمووز/ یۆلیۆ، كامەران كەركووكی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو هێزە میلیشیایەی لە كەركووكە، ناتوانێ‌ ئەو سنوورە بپارێزێت و پێویستە چیتر ئەو دۆخە لە شارەكە درێژە نەكێشێت.

زیاتر گوتی، خەڵكی كەركووك میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە شارەكەیان بە بێگانە دەزانن، بۆیە ئامادە نین لە ڕووی تەناهییەوە هاوكارییان بكەن و سەقامگیری بگەڕێتەوە بۆ سنوورەكە.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك پەیامی بۆ خەڵكی كەركووك ئەوەبوو كە ئیتر خۆیان پارێزگاری لە شارەكەی خۆیان بكەن و داوا بكەن كە ئاسایش و پێشمەرگەی كوردستان بگەڕێنەوە تا پارێزگاریان لێ‌ بكەن.

كامەران كەركووكی ئاشكرای كرد كە هەوڵی زۆر هەیە بۆ ئەوەی هێزی هاوبەش لە كەركووك پێك بهێنرێت، بەڵام ناكرێت پێشمەرگە بكرێتە قوربانی و دواتر بەغدا بڵێت كەركووك شارێكی عێراقی و عەرەبییە.

كەركووك لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە چاوساغی چەند كەسێكی ناو یەكێتی كە بەناپاكەكان ناسراون داگیر كراوە و لەوكاتەوە تا ئێستە دۆخی تەناهیی و كۆمەڵایەتی شارەكە بە تەواوی تێكچووە و ڕۆژ دوای ڕۆژ تەقینەوە و ڕووداوی كوشتن تیایدا ڕوودەدات.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم