دوو ڕۆژ پشوو ڕاگەیەنرا

:: PM:02:45:21/07/2018 ‌
بەبۆنەی هاتنی جەژنی سابئەكان، دوو ڕۆژ دەكرێتە پشوو بۆ فەرمانبەرانی ئەو ئاینە و بەرپرسێكی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت، بەیاسا پشووەكان ڕێكخراوە.

ئەمڕۆ شەموو 21ـی تەمووز/ یۆلیۆ، مەریوان نەقشبەندی بەڕێوەبەری پێوەندییەكانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سەرجەم بۆنەكان بە یاسا لە هەرێمی كوردستان ڕێكخراون و ئاینە جیاوازەكان لە ڕۆژانی جەژنەكانیان دەتوانن فەرمانبەرانیان بیكەن بە پشوو و نەچنە دەوام.

نەقشبەندی گوتی، لە هەرێمی كوردستان پشووی گشتی چەند پشوویەكە و دیاری كراوە، بەڵام بۆ سابئەكان لە پشووی بۆنەی خۆیان دەبێت، واتە هەموو فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.

ئاماژەی دا، تەنیا لە چەند بۆنەیەكی فەرمی وەك سەری ساڵ و جەژنەكان و چەند بۆنەیەكی فەرمی هەموو فەرمانبەران دەتوانن سوودمەندبن و نەچنە دەوام.

ڕۆژی حەوت و هەشتی ئاب بەبۆنەی جەژنی سابئی و مەندائییەكان بۆ ئەو فەرمانبەرانەی پێڕەوی ئەو ئاینە دەكەن پشووی فەرمی دەبێت.

سابئەكان یەكێكن لە نەتەوە كۆنەكانی عێراق و لە ماوەی ڕابردوو دووچاری كوشتارێكی زۆر بوونەوە لە عێراق، بۆیە بەشێكیان ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون، بۆنەكانیشیان لە هەرێمی كوردستان بە ئازادیی دەكەنەوە.



وشە - رامیار جەواد