سیاسییەكان لە ترسی خۆپێشاندەران عێراق بەجێ دێڵن

:: PM:04:29:21/07/2018 ‌
میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوو 300 سیاسی لە پەرلەمانتار و وەزیرانی پێشوو لە فڕۆكەخانەی بەغدا و نەجەف بەرەو دەرەوەی عێراق هەڵاتوون، لە ترسی تەشەنەسەندنی خۆپێشاندانەكان و گرتنیان لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە.

پێگەی "بغداد پۆست" بڵاوی كردووەتەوە، سەرچاوەكان لە فڕۆكەخانەی بەغدا و نەجەف بە وردی ئاماری دەرچوونی 300 سیاسی لە پەرلەمانتاران و وەزیری پێشووی حكوومەتیان لەمیانەی هەفتەی ڕابردوو تۆمار كردووە.

ئەو سەرچاوانە دووپات لەوە دەكەنەوە، سیاسییەكان و بەرپرسانی وڵات بە لێشاو ڕوویان لە فڕۆكەخانەكانی بەغدا و نەجەف كردووە و لە وڵات دەرچوون و لە ترسی خۆپێشاندەران ڕایان كردووە.

هەڵاتنی سیاسییەكان لە عێراق لە كاتێكدایە ماوەی 13 ڕۆژە خۆپێشاندان بەغدا و بەسڕە و شارەكانی باشووری عێراقی گرتووەتەوە و دوێنێش خۆپێشاندەران ڕوویان لە ناوچەی سەوزی بەغدا كرد، بەڵام هێزەكانی عێراق بە زەبری هێز بڵاوەیان بە خۆپێشاندەران كرد و ڕێیان لێ گرتن بچنە ناوچەی سەوزەوە.

جێهێشتنی عێراق لەلایەن سیاسییەكان، هاوشێوەی ڕاپەڕین و خۆپێشاندانەكانی بەهاری عەرەبییە كە وڵاتانی توونس و میسڕ و لیبیا و یەمەن و ئوردن و بەحرێن و سووریای گرتەوە، بەشێك لەو وڵاتانە ڕژێمە سیاسییەكان ڕووخێنرا و دەسەڵات و سیستەمی تازە لە وڵاتان دامەزرێنران.



وشە - باز ئه‌حمه‌د