چاودێری مافی مرۆڤ: ئێران بە سەرکوت وەڵامی ناڕەزایی خوێندکاران دەداتەوە

:: PM:05:57:21/07/2018 ‌
رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی جیهانی رەخنەی توند لە وەزارەتی دادی کۆماری ئیسلامی ئێران دەگرێت و رای دەگەیەنێت، بەرپرسانی رژێم لەبری دروستکردنی بەستێنێکی ئارام بۆ چالاکی خوێندکاران، بە توندوتیژی و سەرکوت وەڵامی ناڕەزاییەکانیان دەداتەوە.

ئەمڕۆ شەموو 21ی تەمووز/یۆلیۆ رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی جیهانی لە راپۆرتێکدا رای گەیاند، سزای گرتن و دورخستنەوەی چالاکانی خوێندکاری لەناو ئێراندا رووی لە زیادبوون کردووە و وەڵامی ناڕەزایی هێمنانەی خوێندکاران بە سەرکوت و زەبروزەنگ دەدرێتەوە.

بەپێی راپۆرتەکە، لە ماوەی هەفتەیەکدا هەشت خوێندکار لە زانکۆکانی تاران و تەورێز رەوانەی گرتوخانە کراون و سزاکانیان لە نێوان دوو بۆ هەشت ساڵ زیندانییە و تەنانەت مافی بەشداریکردن لە چالاکی سیاسیی و میدیاییشیان لێ ئەستێندراوەتەوە.

زیاتر روون کراوەتەوە، هەردوو خوێندکاری زانکۆی تاران، لەیلا حەسەنزادە شەش ساڵ و سینا رەبیحی سزای یەک ساڵ گرتنیان بۆ دەرچووە و دوای تەواوبوونی ماوەی گرتنیان تا دوو ساڵ بۆیان نییە وڵات جێ بهێڵن.

رێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی بە توندی رەخنە لە شێوازی هەڵسوکەوتی هێزە تەناهییەکانی ئێران دەگرێت بەوەی هەرگیز لە سەرکوت و لێدانی چالاکانی خوێندکاری سڵیان نەکردووەتەوە و وەزارەتی دادی ئەو وڵاتە بەوە تاوانبار دەکات کە لەبری خۆشکردنی زەوینە بۆ چالاکی خوێندکاران، سزای گرتنیان بۆ دەردەکات.

لە ماوەی حەوت مانگی رابردوو کۆمەڵێک ناڕەزایی لە سەرجەم زانکۆکانی ئێران سەری هەڵدا و خوێندکاران داوای کرانەوەی فەزای سیاسیی و مافی ئازادی و رادەربڕینیان کرد، بەڵام لەلایەن هێزە تەناهییەکانی رژێمەوە سەرکوت کران و ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران گیران و تا ئێستەیش کۆمەڵێک لەو خوێندکارانە بێسەروشوێنن.

سەرچاوە/ فەردا


وشە - هیدایه‌ت جان