كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان: ئەنجامی ژماردنەوەی بەدەستی دەنگەكان رانەگەیەندراوە

:: PM:07:42:21/07/2018 ‌

لەو كاتەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق دووپاتی دەكاتەوە كە تا ئێستە ئەنجامی كۆتایی جیاكردنەوە و ژماردنەوەی بەدەستی دەنگەكانی رانەگەیاندووە، پەرلەمانتارێكی پێشووی عێراق دەڵێت پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق دەكەوێتە كۆتایی ئەمساڵ.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایاری رابردوو هاتە سازكردن، بەڵام دوای راگەیاندنی ئەنجامە ناكۆتاییەكانی جیاكردنەوە و ژماردنی ئەلیكترۆنی دەنگەكان، سكاڵا و تانە لە ئەنجامەكان دران تا رادەی تۆمەتباركردن بە ساختەكاری، بۆیە دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری جیاكردنەوە و ژماردنەوەی بەدەستی دەنگەكانی دەركرد و تا ئێستە پرۆسەكە بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و باشووری عێراق و كەركووك و نەینەوا و ئەنبار ئەنجام دراوە.

لای خۆیەوە زانا سەعید پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی رای گەیاند كە راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دوای 15-20 رۆژ لە كۆتاهاتنی پرۆسەی جیاكردنەوە و ژماردنی بەدەستی دەنگەكان لە دەرەوە و ناوخۆی عێراق دەبێت.

زیاتر گوتی، بەگشتی هەر لە سازكردنی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێ و راگەیاندن و پەسندكردنی ئەنجامەكانی كۆتایی هەڵبژاردن و كاردانەوەی هێزە ناڕازییەكان لەبارەی جیاكردنەوە و ژماردنەوەی بەدەستی دەنگەكان كە دەبنە هۆی دواكەوتنی وادە دەستوورییەكانی پێكهاتنی پەرلەمان و حكوومەتی نوێ، چاوەڕوان دەكرێت پێكهێنانی حكوومەت بكەوێتە كۆتایی ئەمساڵەوە.

زیاتر گوتی، دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن، ژمارەیەك پەرلەمانتاری پێشوو تانە لە پرۆسەی جیاكردنەوە و ژماردنی بەدەستی دەنگەكان دەدەن، چونكە هاوشێوە دەرچوونی ئەنجامەكان دانپێدانراو نییە و هەولێكە بۆ پەرەدەپۆشكردنی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكە. 

لای خۆیەوە لەیس جەبر، گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق لە بەیاننامەیەكدا دووپاتی كردەوە كە كۆمسیۆن ئەنجامی جیاكردنەوە و ژماردنەوەی بەدەستی دەنگەكانی لە پارێزگاكان رانەگەیاندووە و ئەوەیشی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو دەكرێتەوە راست نییە.

زیاتر گوتی، كۆمسیۆن ئەنجامی پرۆسەكەی لە پارێزگاكانی كەركووك و سلێمانی و هەولێر و دهۆك و نەینەوا و سەڵاحەدین و ئەنبار و واست و دیوانییە و موسەنا و زیقاڕ و میسان و بەسڕە، رانەگەیاندووە و دوای تەواوبوونی ژماردنەوەی بەدەستی هەموو وێستگەكانی ناوخۆ و دەرەوەی تانەیان لێ دراوە، ئەنجامەكان دێنە راگەیاندن.






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل