توركیا دەڤەری برادۆست بۆردومان دەكات

:: PM:11:48:21/07/2018 ‌

ئەمشەو سوپای  توركیا لە رێگەی دوو كۆپتەری سەربازییەوە بنكە و بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستانی لە  شارەدێی سیدەكان، 180 كم لە باكوری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر، بۆردومان كرد و تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵەیش كۆپتەرەكان بە ئاسمانی ناوچەكەدا دەسوڕێنەوە.

(پەكەكە) پارتێكی چەپی كوردییە لە ساڵی 1978 لە باكوری كوردستان دامەزراوە و دوای وەدەرنانیان بە ناوچەی بیقاعی سووریا، لە چیای قەندیل جێگیر بوون و ئێستەیش ژمارەیەكی زۆری گوندەكانی هەر چوار شارۆكەی سۆران و چۆمان و مێرگەسۆر و رواندزیان لەژێر دەسەڵاتە و خەڵكێكی زۆر بەهۆی بۆردومانەكانی زەوینی و ئاسمانیی توركیا بۆ بارەگەكانیان بوونەتە قوربانی.

لێهات هەمزە برادۆستی، دانیشتووی گوندی ناومێرگانی دەشتی هێرت بە "وشە"ی راگەیاند،  سەعات 10ی ئەمشەو دوو كۆپتەری جەنگی توركیا بۆ ماوەی نزیكەی یەك سەعات چیای كەندەگەلی و دەورووبەری گوندی لێلكانیان لە دەڤەری برادۆست بە سەختی  بۆردومان كرد  كە بنكە و بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەنزیك ئەو شوێنانەیە.

هاوكات سەرچاوەیەكی تەناهی لە هێزی سیدەكانی پێشمەرگە هەواڵەكەی دووپات كردەوە و بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی ئەو بۆردومانە هیچ هاووڵاتییەك لە دانیشتوانی دەشتی هێرتێ و لێلكان و دەوروبەری نەبوونەتە قوربانی و زیانی چەكدارانی پەكەكەیش نەزانراوە، بەڵام زیانی زۆر بە ژینگەی دەڤەری برادۆست كەوتووە. 

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" بۆردومانی كۆپتەرە جەنگییەكانی توركیا لەكاتێكدایە ئەمڕۆ شەموو شەڕ و پێكدادان لە ناوچەكە دروست بووە و چەكدارانی پەكەكە هێرشیان كردووەتە سەر سوپای توركیا لە چیای دێڵ لە سنووری سیدەكان و سوپای توركیایش بارەگای پەكەكەیان بۆردومان كردووە.

شایەنی باسە ماوەی چەند مانگێكە توركیا هێزێكی سەربازی بەقوڵایی زیاتر لە 20 كیلۆمەتر هێناوەتە ناو سنووری باشووری كوردستان لە ناوچەی كانیەڕەش و چیای كتكین و چیای وێل لە سەرسنووری سیدەكان جێگیر بوونە.

سیدەكان كەوتووەتە سێگۆشەی سەر سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و ئێران بە دووری 144 كم لە باكوری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر هەڵكەوتووە، خاوەنی 250 گوندە و زیاتر لە 100 گوندی بەهۆی بوونی پەكەكە و بۆردومانی وڵاتانی دراوسێ ئاوەدان نەكراونەتەوە.

سیدەكان/ موڕشید برادۆستی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل