گەنجێك بەهۆی دەمەقاڵەوە هاوڕێكەی كوشت

:: PM:08:46:22/07/2018 ‌
بەهۆی دروستبوونی دەمەقاڵە لە نێوان دوو هاوڕێ لە گەرمیان یەكێكیان ئەوەی تر دەكوژێت و پۆلیسیش لەسەر ڕووداوەكە دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم 22ی تەمووز/ یۆلیۆ، رائید عەلی جەمال گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە، بەپێی راگەیەندراوەکە، لە شارەدێی كفری گەنجێك فیشەك بە هاوڕێكەیەوە دەنێت و دەیكوژێت.

رووداوەكە بەمشێوەیە بووە، دوای ئەوەی ئەو دوو هاوڕێیە دەبێت بە دەمەقاڵەیان، یەکیان فیشەك بە هاوڕێکەی تری دەنێت بە ناوی "زیاد كەمال عەبدوڵا" كە لەدایكبووی ساڵی 1998ە، دوای رەوانەكردنی بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی، گیانی لەدەستدا.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكەی پۆلیسی گەرمیان، تۆمەتبار بەناوی (ا، ب،ع) بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 405 بڕگەی 31 بەند كراوە و پۆلیسیش دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە لەسەر چۆنێتی و هۆكاری رووداوەكە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم