حزبە توركمانییەكانی عێراق لەگەڵ ئەردۆغان كۆ بوونەوە

:: AM:10:08:08/12/2016 ‌

شاندێكی حزبە توركمانییەكانی عێراق سەردانی ئەنكەرەی پایتەختی توركیایان كرد و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا كۆ بوونەوە. بەگوێرەی زانیارییە بڵاوكراوەكانیش كۆبوونەوەكە داخراو بووە و چەند گەورە بەرپرسێكی توركیاش بەشداری كۆبوونەوەكەیان كردووە.

ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی گواستوویەتییەوە، كە سەرچاوەكان لە سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا ئاشكرایان كردووە، كە سەرۆك كۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان شەوی ڕابردوو چاوی بەشاندێكی باڵای حزبە توركمانییەكانی عێراق لە كۆمەڵگەی سەرۆكایەتی لە ئەنكەرە كەوتووە و كۆبوونەوەكەشیان داخراو بووە و سەعاتێكی خایاندووە.

سەرچاوەكان ڕوونیان كردووەتەوە، هەریەك لە  سەرۆكی بەرەی توركمانی ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی حزبی توركمان ئیلی ڕیاز ساری كەهییە و سەرۆكی حزبی عەدالەی توركمانی ئەنوەر بەیرەقدار، هەروەها پەرلەمانتارانی ئێستە و پێشووی توركمان لە پەرلەمانی عێراق و ئەكادیمی و بەرپرسانی حزبی پارێزگاكانی كەركووك و سەڵاحەدین و نەینەوا و هەولێر، پێكهاتەی شاندەكە بوون.

بەگوێرەی زانیارییە بڵاوكراوەكان، كۆبوونەوەی سەرۆك كۆماری توركیا و شاندی حزبە توركمانییەكانی عێراق بە نهێنی و داخراوی بووە و ماوەی سەعاتێكی خایاندووە، هەریەك لە هاكان فیدان سەرۆكی دەزگەی هەواڵگریی گشتی توركیا و جێگری سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدان مەهدی ئاكر و یاسین ئەكتای و چەند بەرپرسێكی تر بەشداری كۆبوونەوەكەیان كردووە و تا ئێستەش هیچ زانیارییەك لەبارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە نەخراوەتە ڕوو.

سەرچاوە/غەدپرێس.


وشە - باز ئه‌حمه‌د