لە هەولێر 30 كەس بە هۆی زێدەڕۆیی گیران

:: PM:12:08:08/12/2016 ‌

لەسەر زێدەڕۆیی بۆ دروستكردنی خانوو، باخچە و دووكان لە هەولێر هەندێك كەس گیراون و دۆسیەكانیشیان دراوەتە دادگە.

ئەندازیار نەبەز محێدین بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دوای چەندان جار ئاگاداركردنەوە لە سەرۆكایەتی شارەوانیی هەولێر، دەستیان بە هەڵمەتی تێكدانی ئەو خانووانە كرد كە لەسەر زەوی شارەوانی دروست كراون و گیراوەكانیشیان راپێچی دادگە كردووە.

ئەو باسی لەوە كرد كە ژمارەی گیراوەكان ٣٠ كەسن و زۆربەی ئەو زەوییانەی كە زەوی شارەوانین و لەلایەن ئەو هاووڵاتییانەوە بەكار هێنراون و زێدەڕۆییەكانیش لە دەوروبەری هەولێرن لە ناوچەكانی بەحركە، كەڵەك و شەقڵاوەن.

بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیی هەولێر ئەوەش دەخاتە ڕوو كە لە ڕێگەی بەڕێوەبەری شارەدێیەكانەوە خەڵك ئاگادار دەكەنەوە و هەندێك جاریش شەڕ و كێشەی كۆمەڵایەتی رووی داوە و  لە ڕێگەی پۆلیسەوە كێشەكانیان ڕەوانەی دادگەكان كردووە . 

بەگوتەی نەبەز محێدین، لە هەر شوێنێك‌ بزانن سەرپێچی هەیە لە بەكارهێنانی زەویی شارەوانی، ئەوا لە ڕێگەی تیمەكانیان  سەرپێچكاران دەگرن و ڕەوانەی دادگەیان دەكەن. 

هەولێر/هێمن ڕەفیق


وشە - سلێمان تاشان