پارێزگای هەولێر وەڵامی هەفتەنامەی "وشە" دەداتەوە

:: PM:03:29:08/12/2016 ‌

ئەمڕۆ پێنجشەم ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر، ڕوونكردنەوەی لەسەر راپۆرتێكی هەفتەنامەی "وشە" بڵاو كردەوە، كە لە ژمارە 165ی دوێنێ چوارشەم حەوتی كانوونی یەكەم/نۆڤێمبەر بڵاو كراوەتەوە. لە ڕاگەیەنراوەكەدا پارێزگای هەولێر راپۆرتەكەی "وشە" كە ئاماژەی بەوە داوە قەڵای هەولێر لە لیستی شوێنەواری جیهانی دەردەكرێ، ڕەت ناكاتەوە و ئاماژە بەوە دەكات كە لە هەوڵدان لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی پشتیوانی دارایی و بودجەی پێویست بۆ بەردەوامیدا بە پرۆسەی بزوژاندنەوەی قەڵای هەولێر و كار و بەرنامەكانی بەڕێوە بچێت.

لە ڕوونكردنەوەكەی ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر هاتووە، لە وەڵامی ئەو بابەتەی هەفتەنامەی "وشە" لەسەر پرسی قەڵای هەولێر كە لە لایەن چواس خالید پەیامنێری هەفتەنامەی "وشە" لە هەولێر و لە لاپەڕە هەشتی رۆژنامەكە بڵاو كراوەتەوە، دەڵێین، پرسی تۆماركردنی قەڵای هەولێر لە لیستی كەلەپووری جیهانی لەلایەن رێكخراوی یونیسكۆوە، پرسێكی گرنگ و جێگەی بایەخە و ماوەی چەند ساڵە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگای هەولێر و كۆمیسیۆنی بووژاندنەوەی قەڵای هەولێر كاریان لەسەر كردووە و پێویستی بە رێكار و كار و بەرنامەی تایبەتی كارگێڕی و فەرهەنگی و دیۆمێنتكاری و شوێنەوارناسی هەبووە، خۆشبەختانە وەك دەستكەوتێكی گرنگ و بۆ یەكەمین جار شوێنەوارێكی كوردستانی بەهەوڵی خۆمانە بخرێتە ئەو تۆمار و لیستە جیهانییە كە ناوبانگێكی گەورەیە لەسەر ئاستی جیهان و مایەی شانازییە.

لە بەشێكی تر ڕوونكردنەوەكە ئاماژە دراوە، رێكخراوی یونیسكۆ لە نزیكەوە ئاگەداری پرۆسەی نۆژەنكردنەوە و سەرلەنوێ‌ راهێنانەوە و بووژاندنەوەی قەڵا و دەوروبەری قەڵایە كە بە فەرزۆن ناسراوە و رێنمایی نەخشەڕێگەی تایبەتی و قۆناخ بەقۆناخی بۆ دانراوە كە بەردەوام كاری لەسەر دەكرێت و كاری ساڵێك و دووان نییە، ئەگەر هەر گرفتێكی دارایی و تەنگژەیەك هاتە پێشەوە وەك ئەو تەنگژەیە دارایییەی ئێستەی هەرێمی كوردستان، كە بگوترێ هەڕەشەی دەركردنی قەڵای هەولێر بێتە ئاراوە، چونكە ئەوانیش درك بەو بارودۆخە ناهەموارەی هەرێمی كوردستان دەكەن، دەزانن چ بارگرانییەك لە ئەستۆدایە بۆ شەڕی دژی داعش و حەواندنەوەی ئەو سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەرانە و كەمی بودجە و داهات.

هاوكات هێما بۆ ئەوەش كراوە، راستە تەنگژەی دارایی كاریگەری زۆر نەرێنی و خراپە لەسەر پرۆسەی بووژاندنەوەی قەڵای هەولێر و ئێمەش وەك پارێزگا كە لایەنی كەم پێوەنداری سەرەكین بۆ سەرپەرشتیكردنی ئەو پرۆسەیە، دركمان  بە هاتنە پێشەوەی ئەو مەترسییانە كردووە و نووسراو و یاداشتمان داوەتە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەنا بەخوا هەوڵەكانمان سەركەوتوو دەبن بۆ دابینكردنی پشتیوانی دارایی و بودجەی پێویست بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی بووژاندنەوەی قەڵا و بەڕێوەچوونی كار و بەرنامەكانی. هیوا و ئومێدمان زۆرە بۆ تێپەڕبوونی ئەم دۆخە ناهەموارە و ڕەوینەوەی ئەو تەنگژەیە و ئاساییبوونەوەی پرۆسەی ئاوەدانكرنەوە و گەشەپێدان و بووژانەوەی قەڵای هەولێر .

لەم لینكەوە ڕاپۆرتەكەی ژمارە 165ی هەفتەنامەی "وشە" لەسەر قەڵای هەولێر بخوێننەوە



وشە - باز ئه‌حمه‌د