ئێران چۆن رێڕەوی جەنگی مووسڵی گۆڕی؟

:: PM:05:53:08/12/2016 ‌

سەرچاوەكان دەڵێن كە لە رۆژانی سەرەتای جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ و هێرش بۆسەر داعش لە شارەكەدا ئێران سەركەوتوو بوو بەوەی پاڵەپەستۆ بخاتە سەر عێراق بۆ گۆڕینی پلانی جەنگەكە و دابڕینی شارەكە لە دەستوەردانێك كە رەوتی بەڕێوەچوونی جەنگەكەی گۆڕی.

پلانی بنەڕەتی جەنگی مووسڵ بریتی بوو بەوەی هێزە هاوبەشەكانی عێراق بەشێوەی ناڵی ئەسپ گەمارۆی شارەكە بدەن، واتە لە سێ لاوە گەمارۆی بدەن و لایەكی لە رۆژئاوای شارەكە بەرەو خاكی سووریا بۆ هەڵاتنی چەكدارانی داعش و ئەوانەی پاڵپشتیانن جێ بێڵن، كە ئەوەش جەنگەكەی زووتر تەواو دەكرد و بەشێوەیەكی ئاسانتر لەوەی ئێستە هەیە، ئەو تەكتیكەی لە ئازادكردنەوەی زۆرێك ناوچەكانی تر لە دەستی داعش بەكار هات.

بەڵام تاران شتێكی تری دەویست ئەویش لەناوبردنی چەكدارانی داعش بوو لە ناوەخۆی مووسڵ و رێگرتن لە چوونیان بۆ سووریا بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەشار ئەسەدی هاوپەیمانی كە تازە دەستی كردووە بەپێشڕەوی لە بەرامبەر هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە.

بەپێی سەرچاوەكان ئێران پاڵەپەستۆی كردووە كردووە بۆ رەوانەكردنی شەڕوانانی حەشدی شەعبی بۆ بەرەكانی جەنگ لە رۆژئاوای مووسڵ بۆ داخستنی ئەو ناوچەی مووسڵ و رەقە بەیەكەوە دەبەستێتەوە كە دوا دوو گەورە شاری دەستی داعشن و رێكخراوەكە خیلافەتی خۆی تیایاندا راگەیاندووە.

بەرپرسێكی كوردی بەشدار لە جەنگی مووسڵ لەو بارەوە دەڵێت كە ئەگەر دوژمنەكەت گەمارۆ دا و دەرچەیەكت بۆ نەهێشتەوە ئەوە تا كۆتایی و نەمانی دەجەنگێت، بۆیە بیرۆكەكە لای رۆژئاوا ئەوە بوو كە رێڕەوێك بۆ ئەوان بهێڵدرێتەوە، بەڵام هێزەكانی حەشدی شەعبی سووربوون لەسەر داخستنی ئەو رێڕەوە بۆ رێگرتن لێیان بۆ چوون بەرەو خاكی سووریا.

جەنگی مووسڵ گەورەترینە لەوەتەی داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمەریكاوە لە 2003وە كە تیایدا نزیكەی 100 هەزار شەڕوان لە ریزی حكوومەتی عێراق لە سوپا و پۆلیس و پێشمەرگە و شەڕوانی هۆزەكان و حەشدی شەعبی بەپاڵپشتی ئاسمانی و لۆجیستی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رووبەڕووی داعش دەبنەوە.  

لە حەوتەم هەفتەی جەنگەكەدا فەرماندە سەربازییەكانی عێراق دەڵێن كە بوونی ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییان لە مووسڵ كارەكانیان سەختتر دەكات و پێشڕەویكردنیان هێواش دەكاتەوە، هەروەها رێگریش لە بۆردمانی ئاسمانی و زەوینی ئامانجەكانی داعش دەكات بەهۆی بوونی ئەو ژمارە زۆرەی هاووڵاتییانەوە.

لەو ناوەدا فەرماندە سەربازییەكان تاوتوێی گۆڕینی پلانی جەنگەكە و رێگەدان بە هاووڵاتییانی شارەكە بۆ رۆیشتن كرد، بەڵام بیرۆكەكەیان رەت كردەوە بەهۆی ترسیان لە كوشتنی ئەوان لەلایەن چەكدارانی داعش و نەبوونی شوێن و ئامادەسازی پێویست بۆ لەخۆگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكان.

بەپێی زانیاری رێكخراوە مرۆییەكان بەر لە جەنگەكە ئەوان چەندان كەمپیان لەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی كورد لە سووریا بۆ لەخۆگرتنی 90 هەزار پەنابەر ئامادە كردبوو كە چاوەڕوان دەكرا روو لەو ناوچانە بكەن، بەڵام ئێران لەسەر ئەوە رازی نەبوو و سوور بووە لەسەر نەهێشتنەوەی هیچ دەربازێك بۆ خەڵكەكە بەرەو سووریا و ویستیان تەواوی ناوچەی رۆژئاوای مووسڵ بكەنە چوارگۆشەی مەرگ.

هیشام هاشمی شارەزا لە كاروباری رێكخراوە توندڕۆكان كە پێشتر ئاگەداری پلانی جەنگی مووسڵ بووە رای گەیاند كە سەرەتا پلانەكە ئەوە بوو كە رێڕەوێك و بەرەوەیەكی جەنگ بە كراوەیی جێ بهێڵدرێت، بۆیە پلانی یەكەم گەمارۆدانی شارەكە لەسەر شێوەی ناڵی ئەسپ بوو كە رێگە بە پاشەكشەی چەكدارانی داعش و هاووڵاتییان بدرێت بەرەو رۆژئاوا لە رێگەی ئاراستەكردنی هێرشی سەرەكی لە رۆژهەلاتی شارەكە.

بەر لە هەفتەیەك لە دەست پێكردنی جەنگی مووسڵ حەسەن نەسروڵای ئەمینداری گشتی حزبوڵای لبنانی كە هاوپەیمانی سەرسەختی ئێرانە ئەمەریكای بە رێگەدان بە چەكدارانی داعش بۆ چوونەدەرەوە لە مووسڵ بەرەو سووریا تۆمەتبار كرد و داواشی لە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی كرد كە جەنگەكە لەوێ بەكۆتا بێنن بۆئەوەی ناچار نەبن لەناو خاكی سووریا دووبارەی كەنەوە.

هاتنی حەشدی شەعبی بۆ ناوچەكە بێجگە لە رێگرتن لە چوونی چەكدارانی داعش بۆ سووریا سوودی تری بۆ ئێران هەیە ئەویش دەبێتە بنكەیەك بۆ شەڕوانانی شیعە بۆ هاتوچۆكردنیان بۆ سووریا و پاڵپشتیكردن لە رژێمی ئەسەد، بۆیە ئەگەر لە رێگەی ئەو شەڕوانانەی نزیك لە ئێران داعش لە عێراق و سووریا لەناو بچێت ئەوە لایەنگرانی ئێران كۆنترۆڵی هەموو ئەو ناوچانە دەكەن كە ئێران بە سووریا و لبنان تا كەناراوەكانی دەریای ناوەڕاست دەبەستێتەوە.

هاشمی زیاتر دەڵێ كە ئێران تەنیا وڵات نییە كە پاڵەپەستۆی رێگرتن لە داعشەكانی مووسڵ بەرەو سووریا دەكات، بەڵكو رووسیاش كە هاوپەیمانێكی بەهێزی ئەسەدە ئەویش رێگرە، هەروەها فرەنساش كە یەكێكە لە هەرە دوژمنەكانی ئەسەد ئەویش نایەوێت داعشەكانی عێراق بەرەو سووریا بچن لە ئەگەری هەڵاتنیان بەرەو ئەوروپاوە. 

بەڵام پلانەكە نەهاتە جێبەجێكردن تا لە كۆتای تشرینی یەكەمی رابردوو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق فەرمانی بە جوڵانەوەی حەشدی شەعبی كرد بەرەو رۆژئاوای مووسڵ و ئەوەش رازیبوون بوو بە داوای ئێران كە وای زانی حەشدی شەعبی پێویستی بە كاتێكی زۆر هەیە تا گەیشتنی بە سنوورەكانی سووریا و لەو كاتەش جەنگەكە یەكلا دەبێتەوە.

هاشمی دەڵێ كە عەبادی لە 28ی تشرینی یەكەم واتە دوای 11 رۆژ لە دەست پێكردنی جەنگی مووسڵ بڕیاری بەشداریكردنی حەشدی شەعبی دا، كە لە ماوەیەكی زۆر كەم گەیشتنە بنكەی ئاسمانی تەلەعفەر و رێڕەوی رۆژئاوای مووسڵ كە دەرباز بوو بەرەو خاكی سووریایان كۆنترۆل كرد.

زیاتر گوتی، لێرەدا عەبادی سەری لەو پێشڕەوییە خێرایە سڕما كە لە چەند رۆژێكدا ناوچەكانی رۆژئاوا كۆنترۆل كران و گەمارۆ كەوتە سەر مووسڵ نە ئاو و نە كارەبا و نە خۆراك بۆ شارەكە دەچێت و داعشیش چەنگەكەی گەرمتر كرد و تا كۆتایی شەڕ دەكات.

دوای تەنیا پێنج رۆژ لە راگەیاندنی جموجۆڵی هێزەكانی حەشدی شەعبی بەرەو رۆژئاوای مووسڵ و ئاشكراكردنی ئامانجیان بە گەمارۆدانی شارەكە و بەستنی رێڕەوی دەربازبوون بەرەو سووریا، ئەبو بەكر بەغدایی سەركردەی داعش لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا داوای لە چەكدارانی داعش كرد كە ئیتر پاشەكشە نەما و پاراستنی خاك و شەرەف هەزار جار لە هەڵاتنی شەرمازارانە ئاسانترە، بۆیە وەك سەربازانی عێراق دەڵێن كە چەكدارانی داعش جەنگیان سەختتر كرد و بەهەموو شێوازێك هێرش دێنن و هاووڵاتییان وەك قەلغان بەكار دێنن. 

گەورە ئەفسەرێكی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش دەڵێت كە هەمیشە جەنگ لەناو هاووڵاتییان سەختە و حكوومەتی بەغدا خاوەنی بڕیارە لەو بارەوە، بەڵام بەرپرسە سەربازییە كوردەكە رای گەیاند كە جەنگی مووسڵ سەختتر بووە و رەنگە ببێتە گەمارۆیەكی درێژخایەن بە هاوشێوەی سووریا و تەنانەت رەنگە مووسڵ بە هاوشێوەی حەلەبی سووریای لێ بێت.

سەرچاوە: رۆیتەرز
    


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل