نەهێشتنی گەندەڵی دەبێتە پردی عەبادی بۆ گەیشتنەوە بە دەسەڵات؟


حەیدەر عەبادی وەك عێراقییەكان لەسەر قسە و وتارەكانی راهاتوون كە پڕن لە بەڵێنی چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵی، ئەو لە راگەیاندنی سەركەوتن بەسەر داعش گوتی كە جەنگێكی سەختتریان لەپێشە ئەویش نەهێشتنی گەندەڵییە، بەڵام قسەكانی تا چەند راستەقینەن و دەتونێت بیانگەیەنێتە سەر، ئاخۆ بەراست ئەوەی دەوێت یان تەنیا پردێكە بۆ گەیشتنەوەی بە دەسەڵات؟.

رەحیم دەراجی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق پێشبنی دەكات عەبادی لیستێكی نوێی ناوی بەرپرسانی تێوەگلاو لە گەندەڵی رابگەیەنێت كە ناوی 10 وەزیری پێشوو و ئێستەی عێراقی تیادایە، زیاتر گوتی، ئەو هەنگاوانەی سەرۆك وەزیرانی عێراق سیستەمی گەندەڵی لە وڵات كۆتایی دێنێت و گەندەڵكاران لەبەردەم هەموواندا ئاشكرا دەبن.  

زیاتر گوتی، چاوەڕوان دەكرێت بەمنزیكانە حەیدەر عەبادی لیستێك بە ناوی 10 وەزیری ئێستە و پێشوو رابگەیەنێت و روونی كردەوە كە دوای نەهێشتنی گەندەڵكاران و ئاشكراكردنی هەموو دۆسییەكان و گەڕاندنەوەی ئەو سامانەی برداروە، گۆڕەپانی سیاسی گۆڕانكاری گەورە بەخۆیەوە دەبینێت.  

دوێنێ لە میانی كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەی لە دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند كە بەمنزیكانە لیستێكی بەرپرسانی گەندەڵ ئاشكرا دەكەن و دوو وەزیری پێشووی پیشەسازی و پەروەردە و چەند بەڕێوەبەرێكی گشتی تیادایە. 

لای خۆیەوە سەعد حەدیسی، گوتەبێژ بەناوی نووسینگەی راگەیاندنی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرجەم رێوشوێنەكانی عەبادی لە بواری نەهێشتنی گەندەڵی لەوەتەی پۆستەكەی وەرگرتووە تا مانگی تەمووزی ئەمساڵ راگەیاند.

زیاتر گوتی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەوەتەی پۆستەكەی وەرگرتووە پڕۆگرامێكی بۆ نەهێشتنی گەندەڵی ئامادە كردووە و چەندان رێوشوێنی لەو بارەوە وەرگرتووە و ئاماژەی كرد، ئەو هەنگاوەی دوایی پێوەست بە رەوانەكردنی دۆسییەی گەندەڵی دوو وەزیری پێشوو و ژمارەیەك بەڕێوەبەری گشتیی بۆ نەزاهە، هەنگاوێكە و عەبادی لەوەتەی حكوومەتی پێك هێناوە دەستی پێ كردووە.

دووپاتی كردەوە، سەرۆك وەزیران بۆ مەبەستی دیاریكراو ئەو هەنگاوەی نەناوە، بەڵكو بە پێی پڕۆگرامێكی حكوومەتی بووە و روونی كردەوە لەوەتەی حكوومەت پێك هاتووە تا مانگی تەمووزی ئەمساڵ 5283 بەرپرس لە بەڕێوەبەری گشتی بەسەرەوە رەوانەی لێكۆڵینەوە كراون.

روونی كردەوە، هەروەها یاداشتی بانگكردن ئاراستەی 2208 بەرپرسی باڵا كراوە لە بریكاری وەزیر تا راوێژكار و وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا و پارێزگار، هەروەها یاداشتی گرتن بۆ 800 بەرپرس دەركراوە. 

حەدیسی ئاماژەی كرد، فەرمانی دادگا بۆ 316 بەرپرس دەرچووە كە 1676 بەرپرس رەوانەی دادگە كراون بۆ تاوتوێكردنی دۆسیەكانیان و دووپاتی كردەوە كە ئەو ئامارانە ئاماژەن بۆ ئەوەی عەبادی رژدە لە نەهێشتنی گەندەڵیدا.

لای خۆیەوە پارتی ئیستقامەی نیشتیمانی كە لەلایەن موقتەدا سەدرەوە پاڵپشتی دەكرێت، وریایی دایە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران بەوەی سوود لە جەنگی لەدژی گەندەڵی وەربگرێت بۆ بەدەستهێنانی دووەم خولی سەرۆك وەزیرانی عێراق.

محەمەد رشك، ئەندامی ئەمینداریەتی گشتیی پارتەكە لەو بارەوە گوتی، ترس هەیە لەوەی رەوانەكردنی دۆسیەی ژمارەیەك بەرپرسی سیاسی بۆ دەستەی نەزاهە لە چوارچێوەی پاڵەپەستۆی سیاسی بێت بە مەبەستی بەدەستهێنانی عەبادی بۆ دووەم ماوەی دەسەڵاتی وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق و روونی كردەوە، ئەو بیرۆكەیە لەلایەن زۆرینەی هێزە سیاسییەكانەوە خراوەتە روو، بەتایبەتی كاتی هەنگاوەكە بەو شێوەیە لێك دەدرێتەوە.

رەشك زیاتر گوتی، رەنگە ئەو جموجۆڵەی عەبادی بەو ئاراستەیە جۆرێك بێت لە مژینی توڕەیی شەقام و ئەو دۆسیانەیشی رەوانەی كردوون تەنیا بەشێكی بچووكن لە دۆسیەكانی گەندەڵی كە هەن.

روونی كردەوە، رەوتی سەدر ناچێتە ژێرباری هیچ پاڵەپەستۆیەك لەلایەن عەبادییەوە بۆ بەدەستهێنانی دووەم خولی سەرۆكایەتیی وەزیران، بەڵكو ئێمە پاڵپشتی دەكەین لەو جموجۆڵەی لەدژی گەندەڵكاران، تەنانەت ئەگەر لە رەوتی سەدر و لایەنی تری سیاسی بن.

ئەوەی دیارە تۆمەتەكانی عەبادی لەو ساتەوە بەر لە پێكهێنانی هاوپەیمانیەتی و حكوومەتی نوێی عێراق دەیانبەخشێتەوە و پاڵەپەستۆ دەخاتە سەر كەس و لایەنەكان، زیاتر لە دۆسیە بچووك و بێ ناوهێنان و ئاراستەی ژمارەیەك بەرپرسە كە زیاتر وەك هەڕەشەن بۆ سەر ئەوان بۆ مەبەستی دیاریكراو، هاوكات خۆی لە دۆسیە سەرەكییەكان لا دەدات.

لە 2003دا نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق "یۆنامی"، لیژنەیەكی بۆ گەڕاندنەوەی سامانی رژێمی پێشووی عێراق لە دەرەوە پێك هێنابوو، كە بە چەندان ملیار دۆلاری ئەمەریكایی دەخەمڵێندرێت، بەڵام تا ئێستە چارەنووسیان دیار نییە.

حكوومەتی عێراق لای خۆیەوە رێككەوتننێكی لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان واژوو كرد كە تێمێكی لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی یارمەتی عێراق بدەن لە لێكۆڵینەوەكان بەتایبەتی فایلە ئاڵۆز و پێوەست بە گەورە بەرپرسانی عێراق، بەڵام دواتر هاتە راگەیاندن كە راپۆرتی تیمەكە بەر لە رۆیشتنی لە عێراق داویەتییە حكوومەت دەری خستووە كە دۆسییەكان كێشەیان تیادا نەبووە.

هاوكات لەگەڵ بوونی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق و دەستەی نەزاهە و دادگەكانی نەزاهە كە هەموویان كار لەسەر رێگرتن لە گەندەڵی و لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران دەكەن، بەو پێیەی عێراق لە یەكێك لە وڵاتە زیاترین گەندەڵییە لە دنیا، لە 2016 حكوومەتی عێراق گرێبەستێكی لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان ئیمزا كرد بۆ هاتنی تیمێكی نێودەوڵەتی نەهێشتنی گەندەڵی بۆ یارمەتیدان لە لێكۆڵینەوە لە فایلەكانی گەندەڵی كە هەن بە تایبەتی فایلە ئاڵۆزەكان.


  








وشە - مه‌حموود ئیسماعیل


PM:06:35:08/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 373 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌