ڕۆژنامەیەكی عەرەبی: داعش پلانی داگیركردنی سێ شاری عێراقی داناوە

:: PM:03:30:09/08/2018 ‌
ڕۆژنامەیەكی عەرەبی بڵاوی كردەوە، كشانەوەی هێزەكانی عێراق بۆ باشوور دەرفەتی بە تیرۆریستان داوە و بە چڕی لە سێگۆشەی نێوان كەركووك و سەڵاحەدین و دیالە بڵاو بوونەتەوە و هەڕەشەی گەورەیان لەسەر ئەو پارێزگایە و ئاسایشی ناوچەكانی دروست كردووە.

ڕۆژنامەی "قودس"ی عەرەبی لە ڕاپۆرتێكدا نووسیویەتی، ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بە چڕی لە ناوچەكانی دیالە بڵاو بووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی نزیكەی ساڵێك بەسەر ڕاگەیاندنی كۆتایی داعش لە عێراق تێپەڕیوە، بە تاكتیكی جیاواز و شێوازی نوێ تیرۆریستان هەڕەشەی مەترسیداریان لەسەر دیالە و سەڵاحەدین و كەركووك دروست كردووەتەوە.

ڕۆژنامەكە لە زاری سەرچاوەكانی تەناهی لە ناوچەكە گواستوویەتییەوە كە سەرەڕای هەڵمەتە بەردەوامەكانی هێزەكانی عێراق كە بە چڕی لە ناوچەكە ئەنجامی دەدەن، بەڵام شانە نوستووەكانی داعش كۆتاییان نایەت و بە تەواوی لە دیالە بەربڵاون و ڕۆژ دوای ڕۆژیش هێرشەكانیان فرەوانتر دەبێت و كێشە و گرفتی گەورەی تەناهی دروست دەكەن.

سەرچاوەكە هێمای بۆ ئەوەیش كردووە، شانەكانی داعش لە دیالە لە ناوچەكان بڵاو بوونەتەوە و بە ئاسایی جموجووڵ ئەنجام دەدەن، لە باخ و بێستانە كشتوكاڵییەكان و چیا و چۆڵەوانییەكانی زنجیرە چیای حەمرین و چەند شارۆكە و كۆمەڵگا و گوندێك بە تەواوی بوونیان هەیە و بە ئازادیش لە ناوچەكە دەسووڕێنەوە.

لە بەشێكی تری ڕاپۆرتەكە هاتووە، تیرۆریستان توانیویانە چەند ناوچەیەك كۆنتڕۆڵ بكەنەوە، وەك حەوزی حەمرین و دەوروبەری شارۆكەی خاڵس و عوزێم، ئەمەیش هاوكاتە لەگەڵ ئۆپراسیۆنەكانی هێزەكانی عێراق كە ڕۆژانە ئەنجام دەدرێن بۆ ڕیشەكێشكردنی تیرۆریستانی داعش.

سەرقاڵی زۆرینەی ڕەهای هێزەكانی عێراق بە هەوڵدان بۆ كپكردنەوەی خۆپێشاندانی شارەكانی باشوور هەلێكی زێڕینی بە تیرۆریستان بەخشیوە، چونكە ژمارەیەكی زۆر لە هێزە چەكدارەكان لەو ناوچانە كشێنرانەوە و بە فەرمانی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكان بەرەو باشوور جووڵەیان پێ كرا.

عەواد رەبیعی سەرۆكی لیژنەی تەناهی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ لەوبارەوە گوتی، تیرۆریستان بە هاوەن و چەكی قورس هێرشیان كردووەتە سەر گوندێكی سەر بە شارەدێی ئەبی سەیدای پارێزگای دیالە، جیا لەوەیش هاوەنبارانی گوندی ئەبو تابایشیان كردووە، بەوهۆیەوە ئاگر كەوتووەتەوە  و زیانی مادی زۆری بەدوا هاتووە، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی لێ نەكەوتووەتەوە.

تیرۆریستانی داعش لە 2014 پاش ڕاكردنی سوپا و پۆلیسی ناوخۆیی توانیان مووسڵ داگیر بكەن و تا نزیك فڕۆكەخانەی بەغدایش پێشڕەوییان كرد، بەڵام دواتر لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەفسانەی داعش تێكشكێنراو و لە زۆربەی ناوچەكان دوورخرانەوە، لە مانگی تەمووز/یۆلیۆی 2017 توانرا مووسڵیش لە تیرۆریستان پاك بكرێتەوە، لە نۆی كانوونی یەكەم/دیسێمبەری هەمان ساڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆتایی داعشی لە عێراق ڕاگەیاند، بەڵام هێزەكانی هاوپەیمانان دووپاتیان لەوە كردەوە، كە سێ هەزار چەكداری داعش لە عێراق ماون.

لە ماوەی ڕابردوو تیرۆریستان هێرشیان كردە سەر گوندەكانی كاكەیی لە سنووری داقووق و دوو گوندی سنووری شارۆكەی خانەقین و لە سنووری حەویجەیش گورزێكی كوشندەیان لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی وەشاند و بەردەوامیش كردەی تیرۆریستی لە ناوچە كوردستانییەكانی دیالە و كەركووك و سەڵاحەدین ئەنجام دەدەن. 


وشە - باز ئه‌حمه‌د