پارەی ساختە لە بازاڕەكانی سلێمانی بڵاو دەبێتەوە
پۆلیسی سلێمانی ئاشكرای كرد هاووڵاتییەكی بە ڕەگەز عەرەبیان گرتووە كە دراوی جۆری ئەمەریكی ساختەی پێبووە و لە لێكۆڵینەوەكانیشدا دەركەوتووە گرووپێكی تر لە پشتیەوەن.
ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی ئاب/ ئۆگەستس، نەقیب سەركەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پێوەندییەكان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هێزەكانی پۆلیس دوای كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر هاووڵاتییەك و سكاڵای هاووڵاتییان لە بارەی پارەی ساختە توانیان كەسێك بگرن.
زیاتر گوتی، ئەو كەسەی گیراوە بە ڕەگەز عەرەبە و پارەی جۆری دراوی ئەمەریكی پێبووە و لە لێكۆڵینەوەكەیشدا دانی بە تاوانەكەیدا ناوە.
ڕوونیشی كردەوە كە تۆمەتبار دانی بەوەیشدا ناوە كە كەسی تریش لە پشت ئەو كارەوەیە و ئێستە پۆلیس لە هەوڵدان گرتنیان.
"ئەو تۆمەتبارە ڕۆیشتووەتە هەر دووكانێك لە بری شت كڕین 100 دۆلاری ئەمەریكی داوە و دواجار دەركەوتووە پارەی ساختەی پێبووە" بەرپرسەكەی پۆلیسی سلێمانی وای گوت.
ئەوە لەكاتێكدایە كە هێزەكانی پۆلیس لە ماوەی ڕابردوودا توانیوویانە 33 كەس بە تۆمەتی دزی و قۆڵبرین و ساختەكردن و دزی ماڵان و شوێنە گشتییەكان و بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر بگرن كە ماوەیەكە لە سلێمانی ئەو ڕووداوانە ڕووی لە زیاد بوون كردووە.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی
وشە -
سهرخێڵ هاشم