هەڵوەرینی قژ وەك نیشانەیەكی كەمی ئاسن لە لەشدا

:: PM:07:54:09/08/2018 ‌

ئاسن یەكێكە لە كانزا و مادە سەرەكییەكان كە لەشی مرۆڤ پێویستی پێیەتی، بۆیە كەمبوونی لە لەش مانای دروستبوونی چەندان كێشەی تەندروستییە بە پێی كەمی لە پێویستی لەشی هەر كەسێكەوە، بۆیە چەندان نیشانە بۆ كەمی ئاسن هەن بۆ نموونە لەدەستدانی موو و قژ بە رادەیەكی زۆر و خەوزڕان و هیتریش.

ئاسن یەكێكە لە پێكهاتە سەرەكییەكانی هیمۆگڵۆبینی خوێن كە پڕۆتینێكە لە خڕۆكە سوورەكانی خوێندا هەیە و بەرپرسە لە گواستنەوەی ئۆكسجین لە سییەكانەوە بۆ خانەكانی لەش، بۆیە ئەگەر لەشت بڕی پێویستی ئاسنی نەبێت، ناتوانێت بڕی پێویست لە خڕۆكە سوورەكان بەرهەم بێنێت كە ئۆكسجین بۆ لەش دەگوازنەوە. 

وەك لە ماڵپەڕی " EVERYDAYHEALTH"ی پزیشكی ئەمەریكایی بڵاو كراوەتەوە، پزیشكان باسی حەوت نیشانەی كەمیی رێژەی ئاسن لە لەشدا دەكەن وەك لە خوارەوەدا هاتووە: 

*شەكەتی و ماندووبوونی زۆر، یەكێكە لە نیشانە بڵاوەكانی كەمی ئاسن و مانای ئەوەیە لەشت ناتوانێت ئۆكسجینی پێویست بۆ خانەكان دابین بكات تا بڕی پێویستی وزەی تیادا بەرهەم بێت، بەوەیش لەشت ماندوو دیار دەكەوێت.

*هەوكردنی دووبارە بووەوە، ئاسن رۆڵێكی سەرەكی هەیە لە بنیاتی سیستەمی بەرگریی لەش، بۆیە كەمی ئاسن لە لەشدا وا دەكات ئەو كەسە زیاتر ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆشی و هەوكردن هەبێت. هەروەها ئاسن دەبێتە هۆی گەیاندنی ئۆكسجین بۆ سپڵ كە ئەو شوێنەیە نەهێشتنی نەخۆشییەكانی تیادا دەبێت.

*زەردهەڵگەڕانی پێست، هیمۆگڵربین رەنگێكی پەمەیی بە پێست دەبەخشێت، بۆیە كەمی ئاسن لە لەش وا دەكات پێست رەنگی بگۆڕێت و تەنكتر بێتەوە.

*هەڵوەرینی چڕی قژ و موو، یەكێكی ترە لە نیشانە باوەكانی كەمی ئاسن لە لەشدا.

*هەوكردنی زمان، گۆڕان لە دۆخی تەندروستی زمان لە دروستبوونی ئازار و هەوركردن ئاماژەن بۆ كەمی ئاسن، هەروەها ئەو قڵێشانەی لاتەنیشتی دەم ئەویش یەكێكە لە نیشانەكانی كەمی ئاسن.   

*ئازاری ژێرەوەی قاچەكان، كەسانێك لەوانەی كەمی ئاسنیان هەیە بە دەست ئازاری قوڵایی ژێرەوەی قاچەكانیان دەناڵێنن كە شێوانێكە و وات لێ دەكات خواستێكی زۆرت بۆ جوڵاندنی قاچەكانت هەبێت بەتایبەتی پێش خەوتن.

حاڵەتی بیكا، ئەوانەی بەدەست كەمی ئاسن لە لەشیاندا دەناڵێنن، رەنگە خواستێكی زۆریان لا دروست ببێت بۆ خواردنی مادە ناخۆراكییەكان وەك قوڕ و پیسی و تەباشیر، ئەوەیش حاڵەتێكە و بە (PICA) دەناسرێت.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل