به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى پارێزگاى سلێمانى 60 تۆمه‌تبارى ده‌ستگیر كرد به تاوانى ئه‌وه‌ى له گازینۆكان و كافتریاكانى سلیمانى دا قومار ده‌كه‌ن.
نه‌قیب سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانى له پۆلیسى پارێزگاى سلێمانى ئه‌مڕۆ هه‌ینى 10ى ئاب، به "وشه"ى ڕاگه‌یاند، ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژێكه چاودێرى خراوه‌ته سه‌ر كافتریاكان و گازینۆكانى شارى سلێمانى به مه‌به‌ستى ئاگاداربوون له‌وه‌ى تا بزانرێت تا چه‌ند قوماریان لێ ده‌كرێت.
ئه‌وه‌یشى گوت، له هه‌ڵمه‌تێكدا دواى وه‌رگرتنى بڕیارى دادوه‌ر، له هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى پارێزگاى سلێمانى عه‌مید ئاسۆ شێخ ته‌ها، به‌شداربوو توانرا به هاوكارى پۆلیسى نه‌هێشتنى تاوان 60 كه‌س ده‌ستگیر بكرێن، به تۆمه‌تى قوماركردن له گازینۆ و كافتریاكان.
گوتیشى، ئه‌و تۆمه‌تبارانه به تاوانى مادده‌ى 389 له یاساى سزادانى عێراقى به فه‌رمانى دادوه‌ر ڕاگیراون و لێكۆڵینه‌وه‌یش له‌گه‌ڵیان به‌رده‌وام ده‌بێت، هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یش به‌رده‌وام ده‌بێت تا ئه‌و دیارده‌یه له‌و شوێنانه بنبڕ ده‌كرێت.
ڕوونیشی كرده‌وه، له هه‌ڵمه‌ته‌كانى ڕابردوو چه‌ند شوێنێكى قوماركردن داخراون و ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت.
سلێمانى/ هۆشیار عه‌لى