تا دێت به‌هاى لیره‌ى توركی به‌رانبه‌ر به دۆلار له داكشان دایه كه هاوكاته له‌گه‌ڵ زیاتر گرژ بوونى پێوه‌ندییه‌كانى ئه‌نكه‌ڕه و واشنتن. سه‌رۆكی توركیاش هانا بۆ خه‌ڵكی توركیا ده‌بات بۆ رزگاركردنى به‌هاى دراوی وڵاته‌كه‌یان و پێیان ده‌ڵێ دۆلاره‌كانتان بكه‌ن به لیره.
دوێنێ هه‌ینى 10ى ئاب/ئۆگستس، دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا باجی له‌سه‌ر پۆڵا و ئه‌له‌منیۆمی توركی زیاد كرد، به‌مه‌ش مه‌ترسییه‌كانى داڕووخانى زیاتری لیره‌ی لێكهوتهوه و تا ئێواره‌ى هه‌مان رۆژ، لیره 9%ی به‌هاكه‌ى له ده‌ستدا، ئه‌مه‌ش ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ی ناچار كرد به مایكڕۆفۆنهكهی ده‌ستى له ویلایه‌تى بایبۆرتی باكوری رۆژئاوای وڵات داوا له هاوڵاتیانى وڵاته‌كه‌ی بكات ده‌ست به‌رداری دۆلار و یۆرۆكانیان ببن و بچن له بانكه‌كانى وڵات بیكه‌ن به لیره، ئه‌مه‌شی به "به‌رگرییه‌كی نیشتمانى" ناوبرد.
ئه‌مجاره پێچه‌وانه‌ى كوده‌تاكه‌ى حوزه‌یرانى 2016ی توركیا، په‌رچه كرداری هاوڵاتیانى توركیا پێچه‌وانه‌ى خواستى ئه‌ردۆگان بوو، كاتێك هاوڵاتیان زیاتر روویان له كڕینى دۆلار كرد و ئه‌و دۆلارانه‌ی له بانكه‌كانی توركیاش هه‌یان بوو، كشاندیانهوه، به‌مه‌ش رێژه‌ى دابه‌زینى لیره بۆ شه‌وه‌كه‌ى گه‌یشته 20%، واته 614 لیره به‌رانبه‌ر به 100 دۆلار، ئه‌مه‌ش ته‌نگژه‌ی له سێ گه‌وره بانكی وڵات نایه‌وه به‌وه‌ى دۆلاریان تێدا نه‌ما.
له دوو بانكی گه‌وره‌ی وڵات، هاوڵاتیان نه‌یانتوانى زیاتر له پێنج دۆلار وه‌ربگرن به‌هۆی نه‌بوونى نه‌ختینه‌ى دۆلار و ئه‌و گوشاره‌ى زۆره‌ی له‌سه‌ریان هه‌بوو.
لقی ئه‌و بانكانه له شاره‌كانى توركیا نه‌یانتوانى هیچ مامه‌ڵه‌یه‌ك بۆ گۆڕینه‌وه‌ی لیره‌ى توركی به دراوی بیانى وه‌ربگرن تا ئه‌و كاته‌ى له بانكی سه‌ره‌كییه‌وه ره‌زامه‌ندی نیشاندرا كه هه‌ر مامه‌ڵه‌یه‌ك له پێنج دۆلار زیاتر نه‌گۆڕنه‌وه.
به‌پێى راپۆرتێكی مه‌یدانى "بلومبێرگ"ی ئابووری، كه
"سكاى نیوز عه‌ره‌بیه" كردوویه‌تى به عه‌ره‌بی، ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه كه هاوڵاتیان نه‌یانتوانیوه له پێنج دۆلار زیاتر له بانكه‌كان وه‌ربگرن، له كاتێكدا خواست له‌سه‌ر دراوی بیانى زۆر زیادی كردووه.
شاره‌زایانی بانكی كه قسه‌یان بۆ "بلومبێرگ" كردووه به‌و مه‌رجه‌ى ناوه‌كانیان بڵاو نه‌كرێته‌وه، ده‌ڵێن زۆربوونى خواست له‌سه‌ر دراوی بیانى ترسی زیاتری لای خه‌ڵك دروستكردووه له گرتنه‌به‌ری رێوشوێنى زیاتر له‌سه‌ر دراوی بیانى به مه‌به‌ستى خۆ لادان له ته‌نگژه‌كه، ئه‌مه له كاتێكدایه حكوومه‌تى توركیا ره‌تى ده‌كاته‌وه هیچ رێوشوێنێك دژ سه‌رمایه‌ی خه‌ڵكی بگرێته‌به‌ر كه پاره‌كانیان له بانكه‌كان داناوه، به‌ڵام پێده‌چێ توركیا به قۆناغی ته‌نگژه‌ى متمانه له‌نێوان حكوومه‌ت و هاوڵاتیان و بانكه‌كان تێپه‌ڕ ببێت.
به‌گوێره‌ى راپۆرته‌كه‌ی بلومبێرگ، به‌شێك له بانكه‌كانی توركیا هانایان بۆ لقه‌كانیان له ئه‌وروپا و وڵاتانى تر بردووه بۆ ئه‌وه‌ى دۆلار و یۆرۆیان بۆ ره‌وانه بكه‌ن، ئه‌مه له كاتێكدایه زۆرینه‌ى توركه‌كان پاره‌كانیان به دراوی بیانى له بانكه‌كان داده‌نێن له ترسی هه‌ڵاوسان و دابه‌زینى نرخی لیره‌ی وڵاته‌كه‌یان، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى پاره‌كانیان به لیره له بانكه‌كان دانا بوو، له‌ماوه‌ى كه‌متر له 24 سه‌عات 20%ی به‌های پاره‌كانیان زه‌ره‌ر كرد.
بلومبێرگ له راپۆرته‌كه‌یدا باس له ئاریشه‌ى ئه‌وانه‌ش ده‌كات كه پاره‌كانیان به دراوی بیانى له بانكه‌كان داناوه، ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو ئه‌وان رووبه‌ڕووى مه‌ترسی ئه‌وه بوونه‌ته‌وه كه ده‌وڵه‌ت ده‌ست به‌سه‌ر پاره‌كانیان بگرێت و رێگریان لێ بكات پاره‌كانیان له بانكه‌كان بكشێننه‌وه.
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكى توركیا ئه‌مجاره شكستى هێنا له هێوركردنه‌وه‌ى هاوڵاتیانى وڵاته‌كه‌ی، ئه‌وه‌ى دوێنێ له به‌هاى لیره‌ى توركی دابه‌زی له 2001یه‌كه‌وه دراوی ئه‌و وڵاته به‌وجۆره دابه‌زین و داڕمانى به‌رانبه‌ر به دۆلار به خۆیه‌وه نه‌دیوه.