زەنگی یەكەم كەنیسە دوای داعش لە مووسڵ لێدرا

:: PM:07:11:13/08/2018 ‌
لە كاتێكدا حكوومەتی عێراق لە رێی وەقفی سوننە و شیعە مزگەوتەكان نۆژەن دەكاتەوە، بەڵام پشت لە كەنیسە رووخاوەكانی دەستی داعش دەكات. زەنگی پێكەوە ژیانی ئاشتییانە لە كەنیسەی مارگورگیس لە دەشتی نەینەوا لێدرایەوە، پەرلەمانتارێك دەڵێ " تێچووەكەی هەوڵی تاكە كەسی بووە".

دوای ساڵانێك بەسەر داڕمانی كەنیسەی مارگوگیس لە دەشتی نەینەوا لەسەر دەستی داعش، هەفتەی رابردوو جارێكی تر زەنگی پێكەوە ژیانی ئاشتیانە لەو كەنیسەیە لێدرایەوە كە یەكێكە لە دیارترین كەنیسەكانی مووسڵ و دەشتی نەینەوا.

عیماد یۆخەننا بڕیاردەر و پەرلەمانتاری خولی پێشتر دەڵێ، دووبارە نۆژەنكردنەوەی كەنیسەكە بە هەوڵی تاكەكەسی بووە، كۆمەك لەناو مەسیحییەكان كۆكراوەتەوە بۆ نۆژەن كردنەوەكەی وەك هەوڵێك بۆ زیندووكردنەوەی ژیان لە كەنیسەكە، بەمەیش توانرا پەیامی دووبارە گەڕانەوەی ژیان بگەیەنرێت بە مووسڵ و تەواوی عێراق.

نوێنەرەكەی كۆتای مەسیحییەكان لە خولی پێشتر، رەخنەی ئەوەی لە حكوومەتی عێراق گرت كە كەنیسەكانی پشتگوێ خستووە و هیچ هاوكارییەكی پێشكەش نەكردووە بۆ دووبارە نۆژەن كردنەوەیان، ئەو گوتی "بەشداری حكوومەت لە دووبارە نۆژەن كردنەوەی كەنیسەكان دیووە داراییەكەی گرنگ نییە، بەڵكو دیووە مەعنەوییەكەی گرنگە كە حكوومەت لەو رێیەوە پەیام دەگەیەنێت بە پێكهاتەی مەسیحییەكان كە بەكردار عێراق فرە پێكهاتەیە، كە ئەوەی نەكرد، ناچار خۆمان لەناو خۆماندا پارەمان كۆ كردەوە بۆ نۆژەنكردنەوەی".

زیاتر گوتی "نەك لە نۆژەنكردنەوەی كەنیسەكان، بەڵكو حكوومەتی عێراق هاوكار نەبووە لە گەڕانەوەی ئاوارە مەسیحییەكانیش، هەر لە كۆمەكی دارایی بگرە كە ئەوان زیانی زۆر بە خانووەكانیان بگرە تا ناو ماڵیان كەوتووە، تا دەگات بە نەبوونی سەقامگیری لە دەشتی نەینەوا كەوا بكات ئاوارەكان بگەڕێنەوە".

لای خۆیەوە بەتڕس موشی مەتڕانی ئەبریشیەی مووسڵ  و كوردستان بۆ سریانی كاسۆلیك دەڵێ، ژیان جارێكی تر بۆ كەنیسەی مارگۆرگیس گەڕایەوە، ئیتر لەمەولا دەستدەكەینەوە بە ئەنجامدانی پێڕەوییە ئاینییەكانی خۆمان و بڵاوكردنەوەی ئاشتی و خۆشەویستی.

ئەوەشی خستەڕوو كردنەوەی دەرگای كەنیسەكە خۆشی خستووەتە دڵی مەسیحییەكان، ئیتر ئەوان هەست بە ئارامی دەكەن.

كەنیسەی مارگۆرگیس دەبێتە یەكەمین كەنیسەی پێكهاتەی مەسیحییەكان لە مووسڵ و دەشتی نەینەوا كە هاوشانی دەیان كەنیسەی تر لەلایەن داعش لە ماوەی حوكمی لە مووسڵ لە مانگی ئابی 2014 تێكدران و سووتێنران، بەڵام لە سێی ئایاری 2016 لەلایەن پێشمەرگەوە ئەلقوش و تلكێف لە دەستی داعش رزگار كرا و خەڵكەكەی گەڕانەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان، لە سەرەتای ئەمساڵیش خەڵكەكە بە كۆكردنەوەی پارە بڕیاریاندا نۆژەنی بكەنەوە و لە ماوەی شەش مانگدا ئەوەیان ئەنجامدا بێ ئەوەی حكوومەتی عێراق هیچ یارمەتییەكان بدات.

سەلار سلێمان بوداغ  دەرگەوانی كەنیسەكە كە قسەی بۆ "دیارونا" كردووە، دەڵێ ئەمە یەكەمین كەنیسە لە شارۆكەكەمان نۆژن بكرێتەوە، مژدەیەكی خۆشە بۆ هەموومان، دەتوانین بڵێین ئیتر لە ئاشتیدا دەژین و هەنگاو بۆ ژیانێكی تر هەڵدەگرین. گوتی "هەموو شتێكمان نۆژەن كردەوە".

مەسیحییەكانی دەشتی نەینەوا كە بەشداری كردنەوەی كەنیسەكەیان بوون، دڵخۆشی خۆیان نەشاردەوە و هێمایان بۆ ئەوە كرد كە نۆژەنكردنەوەی كەنیسەكە پەیامی خۆشەویستی و ئاشتییە بۆ پێكهاتەكانی تری مووسڵ و دەشتی نەینەوا كە جگە لە مەسیحییەكان ئەوا ئێزیدی و شەبەك و كاكەیی بەشێكی سەرەكی پێكهاتەكانی دەشتی نەینەوان.

غەسان سەركوون هاوڵاتییەكی مەسیحییە و قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە، دەڵێ زەنگی كەنیسەی مارگۆرگیس دڵنەواییە بۆ مەسیحییەكانی دەشتی نەینەوا، دڵنەواییە بۆ ناسنامەیان كە ساڵانێكە بەهۆی تیرۆریستانی داعش لێیان ون ببوو.

ئەوەشی خستەڕوو كە كەنیسەكە لە ماوەی چەندان دەیەی رابردوودا رۆڵی هەبووە لە بڵاوكردنەوەی پەیامی خۆشەویستی و پێكەوە ژیان، بۆیە گرنگە مینبەری هەموو ئایینەكان پەیامی پێكەوە ژیان بڵاو بكەنەوە بێ جیاوازی.

جێی باسە داعش ساڵی 2014 كەنیسەی مارگۆرگیسی تەقاندەوە كە یەكێكە لەو كەنیسانەی سەر بە سریانی كاسۆلیكە، هاوشانی دەیان كەنیسەی تر لەناو شاری مووسڵ.

دەشتی نەینەوا دیارترین ناوچەی نیشتەجێ بوونی مەسیحییەكانە لە عێراق بە تایبەت شارۆكە و شارەدێیەكانی ئەشڕەفییە و بغدیدا و تلكێف و ئەلقوش و عەین سەفین و بەرتڵە و كرملیس و تلسقۆف و باشیك كە هەزاران خانەوادەی مەسیحی هەر لە دێر زەمانەوە لێی نیشتەجێن، بەڵام دوای هاتنی ئەمەریكییەكان رۆژ دوای رۆژ كردەی تیرۆریستی لەو ناوچانەی زیادی كرد تا 2014 كە داعش هات كە هاوشانی تەقاندنەوەی كەنیسەكان ئەوا رۆڵی سەرەكی هەبوو لەوە هەزاران مەسیحی عێراق بەرەو وڵاتانی ئەوروپا جێ بهێڵن.

بەپێی راپۆرتێكی تری "میزۆپۆتامیا" لە ئەلقوش دوو كەنیسەی مارگۆرگیس هەن، یەكیان هی سەردەمی كۆنە و لە قوڕ دروستكراوە و بچووكە، ئەوەی تر كە داعش تەقاندیەوە ساڵی 2004، لەسەر رووبەرێكی فراوان دروستكراوە و قوبەیەكی بە ئاسن داپۆشراوی هەیە، هەردووكیان بە تەنیشت یەكەوەن بەمەش بە بینینی دیمەنی دوو سەردەمی جیاواز دەبینیت.

كەنیسەی مارگۆرگیس لە قەرەقوش كە گەورەترین ناوچەی مەسیحی نشینە لە دەشتی نەینەوا، دەكەوێتە 30 كم باشووری رۆژهەڵاتی موسڵ و 80 كم رۆژهەڵاتی هەولێر، دەكەوێتە سەر رێگای دێر مار بەهنام و سارەی گەورە، كە لە حەوتی ئابی 2014 لەلایەن داعش تەقێنرایەوە.

مەسیحییەكان وەك ئایین دووەمین گەورەترین ئایینن لە دوای ئیسلام لە عێراق، دوای ئەوان ئێزیدی و كاكەیی و شەبەك و سابیئە و بەهائی و زەردەشتی و شەیخیە دێت، بەشی زۆری مەسیحییەكانی عێراق بە عەرەبی قسە دەكەن جگە لەوانەی لە كوردستان نیشتەجێن كە بە كوردی قسە دەكەن.

وشە/ فەرمان



وشە - فه‌رمان سادق