لە هەر ڕۆژێكدا سێ‌ رووداوی هاتوچۆ لە دهۆك روو دەدات.. 666 كەس بوونەتە قوربانی

:: PM:01:05:14/08/2018 ‌
لە سنووری پارێزگای دهۆك رووداوەكانی هاتوچۆ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرە و هەڵكشانەوە دەچێت، هاوكات تەنیا لەمساڵدا بەهۆی رووداوەكانی هاتوچۆ 33 ئۆتۆمبێل سووتاون.

ئازاد تەها بەرپرسی راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، لە ماوەی حەوت مانگی رابردووی ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای دهۆك 628 رووداوی هاتوچۆ روویان داوە و زیانێكی زۆری مادی و گیانی لێ‌ كەوتووەتەوە.

زیاتر گوتی، ڕووداوەكانی هاتوچۆ لە سنووری پارێزگای دهۆك بەرە و هەڵكشانەوە دەچێت و ژیانی هاووڵاتی و شوفێران لە مەترسیدایە كە بەشێكی زۆری ئەو ڕووداوانە هۆكارەكانیان پێوەندی بە خێرا لێخۆرین و پابەندنەبوونی شوفێران بە رێنوێنییەكانی هاتوچۆوە هەیە.

ڕوونی كردەوە كە ئەو ڕووداوانەی لە سنووری پارێزگای دهۆك دروست بوون، 423 رووداویان لە جۆری پێكدادان بوون كە ئەمەیش مانای وایە خێرایییەكی زۆر بەكار هێنراوە. 64 رووداو لە جۆری وەگەڕان بووە و 128 رووداویش لە جۆری لێدان بە تەنیا بووە و هەروەها 33 حاڵەتی سووتانی ئۆتۆمبێل تۆمار كراوە.

بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی دهۆك رای گەیاند، لە ئەنجامی ئەو رووداوانە 666 كەس بوونەتە قوربانی كە 77 گیان لەدەستدان و 589 برینداربوون بووە و دەركەوتووە لە 24 سەعات جارێك سێ رووداوی هاتوچۆ لە دهۆك روو دەدەن.


دهۆك / نەوزاد هلۆری
 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم