سەركردەیەكی وەتەنییە: 70%ی حەشدی شەعبی بندیوار و بازرگانن

:: PM:07:04:14/08/2018 ‌

سەركردەیەكی هاوپەیمانی وەتەنییە كە ئەیاد عەلاوی سەركردایەتی دەكات دووپاتی كردەوە كە سێ چارەكی ئەندامانی حەشدی شەعبی بریتین لە كەسانی بندیوار و خەیاڵی و بازرگان و وەبەرهێن.

حەشدی شەعبی كە دواتر بووە دەستەی حەشدی شەعبی لە 2014 لە دوای فەتوایەكی عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعە لە عێراق لە دوای هێرشەكانی داعش لە حوزەیرانی ئەو ساڵە هاتە دامەزراندن، ئەو هێزە لە ژمارەیەكی زۆری گرووپە چەكدارەكانی شیعە پێك هاتووە كە بەشی زۆریان سەر بە ئێرانن، بەڵام تا ئێستە ژمارەی راستەقینەیان دیار نییە و خۆیان دەڵێن ژمارەیان زیاتر لە 100 هەزار چەكدار دەبێت.

حەیدەر مولا، ئەمڕۆ سێشەم لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، سێ چارەكی حەشدی شەعبی بریتین لە كەسانی بندیوار كە لە بەرانبەر هیچ كارێك مووچە وەردەگرن و دووپاتی كردەوە كە زانیاری دووپاتكراوەی لەوبارەوە لایە.

زیاتر گوتی، هەروەها حەشدی شەعبی كەسانی بازرگان و وەبەرهێنی تیادایە كە سوود لە ناو و ناسناوی حەشد و چەكدارانیان وەردەگرن بۆ گەیشتن بە ئامانجی كەسیی خۆیان.

لە ئایاری مانگی رابردوو ئەحمەد ئەسەدی، گوتەبێژ بەناوی هێزەكانی حەشدی شەعبی رای گەیاند كە ژمارەی چەكدارانیان 148 هەزار و 600 كەسە بەسەر ژمارەیەك پارێزگای عێراق دابەش بوونە، لەو كاتەی موعین كازمی، سەركردە لە حەشدی شەعبی ئاماژەی كرد كە ژمارەی كارمەندانی حەشدی شەعبی كە لە بودجە مووچەیان بۆ تەرخان كراوە 122 هەزار كەسن.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل