لە ماوەی 24 سەعاتی ڕابردوو سێ بۆمبی لێكنراو بە ئۆتۆمبێل لە شاری كەركووك تەقیونەتەوە و بوونەتە هۆكاری گیان لە دەستدانی دوو هاووڵاتی و برینداربوونی 11 هاووڵاتیی تر.
ئەمڕۆ پێنجشەم 16ـی ئاب، نەقیب سێبوور بورهان ئەفسەری پێشمەرگە لە سنووری قەرەهەنجیر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوێنێ كۆمەڵێك بۆمب بە هاووڵاتییان لە سنووری كەركووك تەقیونەتەوە و سێ لەو بۆمبانە لێكنراون بە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان.
ئەو ئەفسەرەی پێشمەرگە گوتی، شەوی ڕابردووش بەهۆی بۆمبێكی چێنراو ژن و مێردێك و دوو منداڵیان بریندار بوون لەسەر ڕێی (دووبز - سەرگەڕان) كە بۆمبەكە چێنراو بوو بەئۆتۆمبێلێكی جۆری (مەرزیە - ڕەنگ سپی – ژمارە 66257ـی هەولێر ) تەقییەوە.
ئەو ئەفسەر ئاماژەی دا دوێنێ تەقینەوەیەك لە گەڕەكی "حەی واست" لە شاری كەركووك رووی دا و بەهۆیەوە كەسێك كوژراو و دوو كەسی تریش بریندار بوون، تەقینەوەكە لە ڕێی بۆمبێكەوە بووە و لە باشووری كەركووك ڕووی داوە.
ئاماژەی دا، لە تەقینەوەیەكی تردا لە دەرەوەی شاری كەركووك لە ڕێی بۆمبێكی لێكنراو، هاووڵاتییەكی تر گیانی لە دەست دا و سێ هاووڵاتیی تر بریندار بوون.
لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، رووداوەكانی كوشتن و تەقینەوە لە شاری كەركووك ڕووی لە زیادبوون كردووە و ئەوەیش پێوەندی بەو بۆشایییە تەناهییەوە هەیە كە لە ئەنجامی داگیركردنی شارەكە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دروست بووە.