پۆستی سەرۆك پەرلەمان هەڕەشە لە یەكڕیزیی سوننەكان دەكات

:: AM:10:57:16/08/2018 ‌
لە كاتێكدایە سەدر و عەلاوی و عەبادی و حەكیم هەوڵی راگەیاندنی لیستی گەورە دەدەن، سەركردەیەكی دەوڵەتی یاسا دەڵێ بەمنزیكانە لیستی گەورە رادەگەیەنن. پێوەند بە سوننە و كوردیش پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی كۆمار بووەتە گرێ گەورەكە.

تا دێت ناو ماڵی شیعە زیاتر دوولەت دەبێت، باڵی لایەنە سیاسییەكانی نزیك لە ئێران و باڵی دژە هەژموونی ئێرانییەكان بەسەر عێراق، ئەمەش كاریگەری و رەنگدانەوەی گەورەی بەسەر پێكهێنانی لیستی گەورەی پەرلەمانی و دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو هەبووە.

پێوەند بە كوردیش، ئەگەرچی پارتی و یەكێتی لە كۆبوونەوەكانیاندا باس لە رێككەوتن دەكەن كە بەیەك لیست بەشداری لە حكوومەتی نوێی عێراق بكەن، بەڵام هێشتا لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، هاوكات سوننەكانیش ئەگەرچی چەند لایەنێكیان لە گفتوگۆدان بۆ پێكهێنانی لیستێكی گەورە، بەڵام هێشتا لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیران نەگەیشتوون بە رێككەوتن.

ئەسیل نوجێفی پارێزگاری پێشتری مووسڵ و سەركردەی هاوپەیمانی قەرار لە پۆستێكیدا لە فەیسبووك دەڵێ، هاوپەیمانی سوننە لەسەر ئەوە رێك كەوتوون كە رەوتێكی نیشتمانی لەسەر بنەمای هەل نەدان بە گەندەڵ و ساختەكارەكان جارێكی تر هەژموونی خۆیان بەسەر دەسەڵاتی تەشریعی بسەپێنن، رێ نەدەین ئەوەی لە هەڵبژاردنی رابردوو رووی دا دووبارە ببێتەوە و خەڵك متمانەی لە هەڵبژاردن نەمێنێت.

زیاتر گوتی "ئەگەر هەندێك لایەن پێیان وایە دەتوانن ئەو رێككەوتنە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكار بهێنن، ئەوا دەرگای ئۆپۆزسیۆنبوون كراوەیە بۆمان، بۆیە بەشداریمان لە حكوومەتی داهاتوو پێوەندارە بە چاكسازی نەك تەنیا بەشداریكردن".
 
لە دوو رۆژی رابردوودا شەش سەركردەی لیستە سوننەكان، هاوپەیمانی "میحوەری وەتەنی"یان راگەیاند بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەی سیاسی عێراقی.

لەیس دلێمی گوتەبێژی هاوپەیمانی هێزە سوننەكان رۆژی سێشەم 14ی ئاب/ ئۆگستس رای گەیاند، پێكهێنانی هاوپەیمانی میحوەری وەتەنی دوای خولێكی تری دانوستاندنی بەردەوام بووە لە نێوان شەش سەركردەی هێزە سوننەكان كە رێككەوتن لەسەر بەرنامەیەكی هاوبەش.

هاوپەیمانی میحوەری وەتەنی پێكدێت لە ئوسامە نوجێفی سەركردەی هاوپەیمانی متەحیدوون، خەمیس خەنجەر ئەمینداری گشتی پڕۆژەی عەرەبی، سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمانی ماوە تەواوبوو، جەمال كەربولی سەرۆكی لیستی حەل و ئەحمەد جبووری پارێزگاری سەڵاحەدین و فەلاح زێدان وەزیری بازرگانی حكوومەتەكەی عەبادی.

دلێمی كە قسەی بۆ "عەرەبیە" كردووە، گوتی "ئامانج لە راگەیاندنی ئەو هاوپەیمانیەتییە و یەكخستنی بەرنامەكەی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی دامەزراوەیی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری، ئەمەش وایكردووە هاوپەیمانیەتییەكە دەرگای بە رووی هەموو لایەنەكانی تر كراوە بێت جا چ سوننە بێت یان لایەنی تر بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانیەتییەكی نیشتمانی".

لەبارەی بەشداری عەلاوی و موتڵەگیش، دلێمی روونی كردەوە كە گفتوگۆكان لەگەڵ موتڵەگ بەردەوامی هەیە بەڵام لەگەڵ عەلاوی هێشتا قسە نەكراوە، چونكە ناوبراو رەخنەی لە ئەنجامی هەڵبژاردن هەیە و چاوی لە هەڵوەشاندنەی ئەنجامەكە و راگەیاندنی حكوومەتی رزگاری نیشتمانییە.

هاوپەیمانی حیواری وەتەنی لە 51 پەرلەمانتاری سوننە پێكدێت، چاوی لە دەستخستنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانە، بەڵام ئەحمەد حەربا ئەندامی هاوپەیمانیەتییەكە ئاشكرای كرد، هێشتا لایەنەكان لەسەر دەستنیشانكردنی كەسایەتییەك بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان نەگەیشتوون بە رێككەوتن، بەڵام لە رۆژانی داهاتوودا گفتوگۆكان بەردەوامییان دەبێت بۆ دەستنیشانكردنی نوێنەری سوننە بۆ سەرۆكی پەرلەمان بە جۆرێك كە لایەنی كوردی و شیعە پێی رازی بن.

پێوەند بە ناوخۆی ماڵی شیعەكان كە زۆر بە قووڵی دابەشی سەر دوو ئاراستە بوونە، بەگوێرەی زانیارییە دزە پێكراوەكان، ئەگەری هەیە پێش جەژن هاوپەیمانی فەتح و دەوڵەتی یاسا و ئیرادە و كەفائە، لیستی هاوبەش رابگەیەنن كە لایەنی تری كوردی و سوننەشی تێدایە، بەمەش لیستی گەورەی پەرلەمانی رادەگەیەنن بۆ پێكهێنانی حكوومەت.

عەبدولهادی سەعداوی ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەڵێ، لیستی گەورەی پەرلەمانی تەنیا ماوەتەوە رابگەیەنرێت، پێ دەچێت لە دوو رۆژی داهاتوو رابگەیەنرێت كە پێكهاتووە لە دەوڵەتی یاسا، فەتح و هەندێك لایەنی ناو هاوپەیمانی نەسڕ و هەندێك هێزی كوردی و سوننە.

سەعداوی كە قسەی بۆ "قودسی عەرەبی" كردووە، گوتی "ویستێك هەیە دوورە لە گوشاری دەرەكی و سیاسی، ئەو ویستە بە رژدی كار دەكات بۆ بەرژەوەندی نیشتمان و دوورخستنەوەی لە پشك پشكێنە و هاوپەیمانی، ئەمە وادەكات لە دیمەنێكی نوێ لە پەرلەمان ببینین كە هەمووان شۆك بكات، بەوەی لیستێك هەیە حكوومەت پێكدەهێنێت و لیستەكەی تریش دەبێتە ئۆپۆزسیۆن. بوونی ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز، حكوومەتێكی بەهێزی لێ دەكەوێتەوە كە دەتوانێت خزمەتگوزاری پێشكەش بكات و بەسەر گەندەڵیش زاڵ بێت".
 
هەوڵەكانی ئەو رەوتەی ماڵی شیعەكان لە كاتێكدایە هەریەكە لە موقتەدا سەدر سەركردەی هاوپەیمانی سائیروون و عەبادی سەركردەی هاوپەیمانی نەسڕ و عەلاوی سەركردەی هاوپەیمانی وەتەنییە و عەماڕ حەكیم سەركردەی حیكمە، نزیكن لەوەی بەیەكەوە هاوپەیمانییەك رابگەیەنن بۆ پێكهێنانی حكوومەت.

هەوڵەكانی ئەو رەوتە لە كاتێكدایە دوای سەردانەكەی نێچیرڤان بازرانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و دیداری لەگەڵ حەیدەر عەبادی، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پێوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هەردوو سەرۆك وەزیران ئەنجام داوە.

لە بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دووپات لە هەردوو پێوەندی تەلەفۆنی دەكاتەوە كە هانی بەغدا و هەولێری داوە زیاتر لە یەكتر نزیك ببنەوە بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێراوەكانی نێوانیان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقی.

پۆمپیۆ كە شەوی رابردوو 15ی ئاب، پێوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و حەیدەر عەبادی ئەنجام داوە، باسی لە گرنگی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراقیشی لەگەڵدا كردوون، باسی لەوەش كردووە گرنگە حكوومەتێكی نوێی میانڕەو پێك بهێنرێت كە توانای وەڵامدانەوەی داخوازییەكانی خەڵكی هەبێت.

پۆمپیۆ ستایشی رۆڵی هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی كردووە لە شەڕی دژ بە داعش و گوتی، "ئەمەریكا پشتگیری لە عێراقێكی یەكگرتووی بەهێز و گەشاوە دەكات كە خاوەنی سەروەری خۆی بێت".




وشە - فه‌رمان سادق