حووسییەكان كێن و چییان دەوێت؟

:: PM:01:56:16/08/2018 ‌
حووسییەكان پێكهاتەیەكی مەزەوی دێرینی یەمەنن، بەهۆی هەڵمەتی ریشەكێشكردنیان لە چه‌رخی رابردوو، جووڵانەوە و بزووتنەوەی سیاسی و كۆمەڵایەتییان دامەزراند، لە سەرەتای دووهەزارەكان چەندان جار لەگەڵ سوپای دەوڵەت رووبەڕوو بوونەتەوە، ئێستەش هێزێكی باڵادەستی گۆڕەپانی سەربازی و سیاسین لە یەمەن.

حووسییەكان كێن؟
حووسییەكان، بزووتنەوەیەكی سیاسیی ئاینی كۆمەڵایەتین، ساڵی 1992 دامەزراوە و بە فەرمی ناویان "ئەنساروڵایە" بەڵام بەهۆی ئەوەی لەسەر دەستی حوسێن ئەلحووسی دامەزراوە، زیاتر بە حووسییەكان ناسراون.

حوسێن ئەلحووسی ساڵی 2004 لەلایەن دەسەڵاتدارانی یەمەنەوە كوژرا، باوكیشی، بەدرەدین ئەلحووسی مورشیدی بزوتنەوەكەیە.

پارێزگای سەعدەی باكوری رۆژئاوای یەمەن، ناوچەی هەژموونی حووسییەكانە و تا ئێستە شەش جەنگیان لە دژی رژێمی پێشتری عەلی عەبدوڵا ساڵح لە نێوان ساڵانی 2004 تا 2010، هەبووە، بەڵام دواتر ساڵح بوو بە هاوپەیمانی حووسییەكان، بەمەش لە ساڵی 2014 زۆر بە بەهێزی دەركەوتن.

حووسییەكان سەر بە تایفەی زەیدی شیعەن كە نزیكیشن لە مەزەوی سوننە، بەڵام تۆمەتبار دەكرێن بەوەی لە رووی عەقیدەوە لە دوانزە مەزەوەكەی شیعە نزیكن كە ئێران سەركردایەتی دەكات لە ئێران و عێراق و لبنان، بەتایبەت دوای ئەوەی لەلایەن ئێرانەوە بە فەرمی پشتگیری كران.

حووسییەكان لە 2014، دەستیان بە هەڵمەتی پاوانخوازی دەسەڵات كرد بە تایبەت لەو ناوچانەی هەژموونیان بەسەریدا هەیە وەك باكور و رۆژئاوای یەمەن، لە 21ی ئەیلوول/ سێپتێمبەری 2015 دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختی یەمەن گرت، دوای ئەوەی سوپای یەمەنی سەر بە عەبدوڵا ساڵحی سەرۆكی پێشتر، هیچ شەڕێكیان لە دژدا نەكردن.

حووسییەكان بەوە نەوەستان، دوای داگیركردنی سەنعا دەستیان گرت بەسەر كۆشكی كۆماری و پەرلەمان و دامەزراوەكانی دەوڵەتیان هەڵوەشاندەوە و پاشان هێشتنەوەی زۆرەملێیان خستە سەر عەبد رەبۆ مەنسووڕ هادی سەرۆك كۆمار، كە دواتر ناوبراو توانی بەرەو شاری عەدەنی باشوور رابكات و ئەوێ بكاتە پایتەختی كاتی یەمەن، بەڵام حووسییەكان زۆری نەمابوو دەست بەسەر ئەو شارە بگرن، ئەگەر هاوپەیمانی عەرەبی كە سعوودیە سەرپەرشتی دەكات دەستوەردانی سەربازی نەكردایە.

هۆكاری دەركەوتنیان
هاشمییە زەیدییەكان كە هەزار ساڵ دەبێت حوكمی یەمەنیان كردووە، لە ناوەڕاستی سەتەی رابردوو دەسەڵاتیان لە دەست دا، تەنانەت حەنبەڵییەكان كە دەسەڵاتی یەمەنیان گرتە دەست، زۆر بە توندی دژی هاشمییەكانی زەیدی وەستانەوە و لە هەموو پێگەكانی دەوڵەت دووریان خستنەوە و مەزەوی هاشمی زەیدیان لە وڵات قەدەغە كرد و قوتابخانەكانیان لێ داخستن، بەمەش زۆر لە گەنجانی زەیدی مەزەوی خۆیان بۆ سوننە گۆڕی، ئەوە ترسی خستە دڵی بەدرەدین حووسی لە لەناوچوونی مەزەوی هاشمی زەیدی.

لە ساڵی 1968دا حزبی حەق دامەزرا بۆ بەرگریكردن لە مەزەوی هاشمی زەیدی لە رووی سیاسییەوە، هاوكات بەدرەدین حووسیش بزووتنەوەی گەنجانی دامەزراند كە بزووتنەوەیەكی كۆمەڵایەتی ئاینی بوو.

بەدرەدین هەڵسا بە دروستكردنی خوێندنگا و قوتابخانەی ئاینی و ناوی لێنان پەیمانگەی زانستی لە پارێزگای سەعدە و جوف و سەنعا، كاروباریشی بە زەكاتی ساڵانەی خەڵكەكە بەڕێ دەكرد.

دواتر كتێبەكانی بەدرەدین حووسی چاپ كران و بڵاو بوونەوە و ژمارەی قوتابخانەكانیش زیادی كرد و ویستی خەڵكیش بۆ مەزەوەكەیان زیندوو بووەوە.

جیاوازی چییە لە نێوان زەیدی و 12 ئیمامەكە
بەپێی راپۆرتێكی "مۆنتی كارلۆ" حووسییەكان لەسەر مەزەوی زەیدین، زەیدی كوڕی ئیمام عەلی، نەك 12 ئیمامەكەی شیعە.

شیعەكان لەناو خۆیاندا پێڕەوی لە سێ مەزەوی جیاواز دەكەن، زەیدی، 12 ئیمامەكە، ئیسماعیلی. ئەوەی روونە، كۆماری ئیسلامیی ئێران پێڕەوی لە مەزەوی 12 ئیمامەكە دەكات، بەڵام حووسییەكان خۆیان پێ شوێنگرەوەی هاشمییە زەیدییەكانە كە میانڕەوترین رەوت یان مەزەوی شیعەیە و زۆریش لە سوننەكان نزیكن.

سەرەتای دەركەوتنیان وەك هێزێكی سیاسی
سەرەتای دەركەوتنیان وەك هێزێكی سیاسی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1992، بە تایبەتتر ساڵی 1997 وەك بزووتنەوەیەكی سیاسی لەژێر ناوی "رێكخستنەكانی گەنجانی مسوڵمان" خۆیان راگەیاند.

ساڵی 2002 دروشمی "الله اكبر.. مردن بۆ ئەمەریكا.. مردن بۆ ئیسرائیل"یان بەرز كردەوە، بەڵام دوای ئەوەی لەلایەن دەسەڵاتەوە ئەو دروشمانەیان لێ قەدەغە كرا، رووبەڕووبوونەوە لە نێوانیان سەری هەڵدا.

لە 19ی حوزەیرانی 2004 حوسێن ئەلحووسی لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سوپای یەمەنی كوژرا، ئەمەش وایكرد عەبدولمالیك حووسی كوڕە بچووكی جێی باوكی بگرێتەوە و براكەشی یەحیا حووسی رایكرد بۆ ئەڵمانیا.

لە 19ی ئاداری 2005، شەڕێكی سێ هەفتەیی لە نێوان حووسییەكان و هێزەكانی یەمەنی سەری هەڵدا، پاشان سوپا دەستوەردانی كرد و كۆتایی بە شەڕەكە هێنا. لە كۆتایی هەمان ساڵ، شەڕ لە نێوان حووسییەكان و حكوومەتی یەمەنی سەری هەڵدا.

حووسییەكان بە هێزەوە بەشدارییان لە شۆڕشی بەهاری عەرەبی كرد ساڵی 2011 دژ بە عەلی عەبدوڵا ساڵحی سەرۆك، دواتر واژوویان لەسەر دیالۆگی نیشتمانی كرد كە لە مانگی كانوونی دووەمی 2014 ئەنجام درا، یەكێك لە بەندەكانی دانانی چەك بوو لەلایەن گرووپەكانی چەكدار لە یەمەن، لەوانە حووسییەكانیش.

بەڵام حووسییەكان بە رێككەوتنەكە پابەند نەبوون، دیسان شەڕیان دژ بە حكوومەتی یەمەنی هەڵگیرساند و لە نۆی تەمووزی 2014 دەستیان گرت بەسەر شاری عیمران، شوێنی بەنی ئەلئەحمەر.

دواتر عەبد رەبە مەنسووڕ سەرۆكی یەمەن، حووسییەكانی تۆمەتبار كرد بە هەڵگیرسانی شەڕ، بەڵێنی دا لە شاری عیمران دەریان بكات، بەڵام دواتر حووسییەكان بە یارمەتی سوپا و عەلی عەبدوڵا ساڵح توانییان سەنعا داگیر بكەن.

چییان دەوێت؟
حووسییەكان نیگەرانی زۆری دۆخی گوزەرانی خۆیانن و پێیان وایە ستەمی زۆریان لێ كراوە هەر لە هەڕەشە بۆ سەر مەزەوەكەیان تا ئاستی خنكانی كۆمەڵایەتی و سیاسی و رۆشنبیری.

دیارترین داواكاری حووسییەكان پێش ئاڵۆزتربوونی رەوشی یەمەن، رەزامەندی فەرمی دەوڵەت بوو لە دامەزراندنی حزبێكی سیاسی مەدەنی و دامەزراندنی زانكۆیەكی هەمەلایەنەی زانستی كە مەزەوی هاشمی زەیدی تێیدا بخوێنرێت، هەروەها پاراستنی مافی پێڕەوانی مەزەوی زەیدی لە بواری خوێندن و شەریعە و ناساندنی وەك مەزەوێكی سەرەكیی وڵات هاوشانی مەزەوی شافیعی، بەڵام دەسەڵاتدارانی یەمەن بەدەم داواكارییەكانیان نەچوون و تۆمەتباریان كردن بە نوێكردنەوەی دەسەڵاتی ئیمام زەیدی و حوكمی پیاوانی ئاینی.
 
پێوەندییان بە ئێران چییە
لەگەڵ ئەوەی حووسییەكان پێكهاتەیەكی كۆمەڵگەی یەمەنین و ریشەی كۆمەڵایەتییان لەو وڵاتە هەیە، بەڵام بەمدواییە بەهۆی بەهێزبوونی پێوەندییەكانیان لەگەڵ ئێران، مەترسییەكانی زیاتر بوون بەهۆی ترسی جێبەجێكردنی ئەجێندای ئێرانی لە یەمەن و ناوچەكە، بە تایبەت كاتێك لەلایەن سعوودیەوە تۆمەتبار كران بە هەبوونی پێوەندی بە ئێرانەوە.

دوای داگیركردنی سەنعا لەلایەن حووسییەكان، وڵاتانی كەنداوی عەرەبی باڵوێزخانەكانیان لە یەمەن كشاندەوە، بەڵام حووسییەكان بەرانبەر بەو هەنگاوە پردێكی ئاسمانی راستەوخۆیان لەگەڵ ئێران بەست. كۆماری ئیسلامیی ئێران بەڵێنی دابینكردنی وزە و دامەزراندنی وێستگەی كارەبای پێ دان، ئەمە جگە لە پاڵپشتیكردنیان وەك شۆڕشێكی جەماوەری یەمەنی.

بەگوێرەی راپۆرتێكی "جەزیرە"، حووسییەكان رەتی دەكەنەوە پشتیان لە مەزەوی هاشمی زەیدی كردبێت و پێڕەوی لە مەزەوی 12 ئیمامەكە بكەن، دەڵێن راستە نزیكی لە نێوان هەردوو مەزەو هەیە، بەڵام نەچووینەتە سەر مەزەوی 12 ئیمامەكە.

ئۆپراسیۆنی عەرەبی دژ بە حووسییەكان
لە 26ی ئادار/ مارسی 2015، سەلمان بن عەبدولعەزیز شای عەرەبستانی سعوودیە ئۆپراسیۆنی گەردەلوولی "حزم" مكوڕبوونی دژ بە حووسییەكان راگەیاند.

بەپێی راپۆرتێكی تری "عەرەبیە"، ئۆپراسیۆنەكە بە بەشداری 10 دەوڵەت بەڕێوە چوو، لە وڵاتانی میسڕ، ئوردن، مەغریب، پاكستان، سوودان، ئیماڕات و بەحرێن.. ئامانجیش لێی گەڕانەوەی شەرعیەت بوو بۆ دەسەڵاتدارانی یەمەن.

تا ئێستە ئۆپراسیۆنەكە بەردەوامی هەیە، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا حووسییەكان چەندان جار مووشەكی بالیستی و دوورمەودایان لە سعوودیە گرتووە.

ئەگەرچی سعوودییەكان نەیانتوانیوە كۆتایی بە دەسەڵاتی حووسییەكان لە یەمەن بهێنن، بەڵام لەمەدا سەركەوتوو بوون لە وەستاندنی هەژموونی حووسییەكان بەسەر یەمەن، بەتایبەت دەستپێكی ئۆپراسیۆنەكە هاوكات بوو لەگەڵ هێرشی حووسییەكان بۆ سەر عەدەنی پایتەختی باشوور كە عەبد رەبەی سەرۆكی یەمەنی وەك پایتەختی كاتی رای گەیاندووە و لێی نیشتەجێیە.



وشە - فه‌رمان سادق