بەرهەم ساڵح بۆ یادی پارتی: پێویستە گفتوگۆیەكی نیشتمانی فراوان دەست پێ بكەین

:: PM:03:56:16/08/2018 ‌
بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد و ڕای گەیاند، سەرەڕای ناكۆكی و جیاوازی و رەخنەكان لەسەر ئاستی ناوخۆ پێویستە گفتوگۆیەكی نیشتمانی فراوان دەست پێ بكەین.

ئەمڕۆ پێنجشەم 16ی ئاب/ ئۆگەستس، لە یادی 72 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لە پەیامێكدا ڕای گەیاندووە، بەو ئومێدەی یادی دامەزراندنی پارتی ببێتە مایەی ئەوەی لەم هەلومەرجە هەستیارەی عێراق و هەرێمی كوردستاندا هەموو لایەك لە سۆنگەی بەرپرسیاری و رەچاوكردنی بەرژەوەندیە باڵاكانی گەل، بپرژێینە سەر ئەوەی بەرنامەی تۆكمە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەر و پێشھاتەكان گەڵاڵە بكەین.

سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری دووپات دەكاتەوە كە پێویستە گفتوگۆیەكی نیشتمانی دەست پێ بكات. و دەڵێت، سەرەڕای ناكۆكی و جیاوازی و رەخنەكان لەسەر ئاستی ناوخۆ، هەلومەرجی سیاسی عێراق و ناوچەكە و ئاراستەی گۆرانكاریەكان ئەركی ئەوە دەخاتە سەر هەموو لایەكمان كە  گفتوگۆیەكی نیشتمانی فراوان دەست پێ بكات بە مەبەستی دەربازبوون لە  دۆخی چەقبەستووی سیاسی و چارەسەرێكی گشتگیر بۆ كێشەكان و ئامادەكاری بۆ قۆناغی داهاتوو و بە دوورگرتنی كوردستان لەو مەترسیانەی بەڕێوەن.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم