هەولێر.. پەنجەیەكی قرتاو بۆ هاووڵاتییەك دەچێنرێتەوە

:: AM:11:17:18/08/2018 ‌
لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی فریاكەوتنی هەولێر، پەنجەیەكی قرتاو بۆ هاووڵاتییەك دەچێنرێتەوە بە ڕێی نەشتەرگەری مایكرۆسكۆبی و پزیشكی جوانكاری و نەشتەرگەری بەشداری تێدا دەكەن.

ئەمڕۆ شەموو 18ـی ئاب، نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژئاوای شاری هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، درەنگانی شەو نەخۆشێك هێنراوە بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتن كە پەنجەیەكی قرتاوە و لە ڕێی نەشتەرگەری بۆی دانراوەتەوە.

ئەو نەخۆشحانەیە ئاماژەی داوە، لە نەشتەرگەرییەكە چاندنەوەی پەنجەی دەست بە نەشتەرگەری مایكرۆسكۆبی بوو لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر و پزیشكانی جوانكاری و تیمی نەشتەرگەری بەشدارییان تێدا كردووە.

 نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن لە هەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتەوە پاڵپشتی دارایی بۆ دابین دەكرێت و هاووڵاتییان بەبێ‌ بەرانبەر چارەسەر وەردەگرن، هەروەها ئەم نەخۆشخانەی فریاكەوتنانە 24 سەعات كراوەن.
 
نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژئاوا دەكەوێتە سەر شەقامی 100 مەتری هەولێر و تایبەتە بەڕووداوە نەخوازرەكانی شەڕ و برینی سەخت و سووتان، لە ساڵی ڕابردووشدا ژمارەیەكی زۆر لە هێزەكانی عێراق و پێشمەرگەی كوردستان لەو نەخۆشخانەیە چارەسەریان بۆ كرا بەهۆی برینداربوونیان لە شەڕەكانی لەگەڵ داعش.





وشە - رامیار جەواد